"كڵاو شینەكان" لەعێراق كێن و كاریان چییە لەعێراق؟

مەلەفی تایبەت

10/12/2019‌ 1769 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەماوەی چەند سەعاتی رابردوودا لەچەند خاڵێكی ئەمنی بەغدای پایتەخت كەسانێك، كە "كڵاوی شینیان" لەسەرە بڵاوەیان پێكرا، ئەوەش دوای سێ رۆژ لە ئەو هێرشەی لەلایەن چەكدارانی دەمامكردارەوە كرایە سەر خۆپیشاندەرانی گۆرەپانی خەلانی لەبەغدا و ژمارەیەك خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستدا .

"كڵاو شینەكان" كەسانی بێچەكی سەر بە میلیشیای "سەرایا سەلام"ی سەر بەرەوتی سەردن، كە موقتەدا سەدر رێبەرایەتیان دەكات .

بەپێی راپۆرتە میدیاییەكان ئامانج لە بڵاوەپێكردنی "كڵاوشینەكان" لە بەغدای پایتەخت پاراستن و بەرگریكردنە لەخۆپیشاندەران.

سەرچاوە ناوخۆییەكان باس لەوە دەكەن، كە موقتەدا سەدر ئەو كەسانەی ناردووە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خۆپیشاندەران بكەن و كۆتایی بە توندوتیژییەكان بهێنن .

سەدر لەچەندین بۆنەدا رایگەیاندووە، كە پشتیوانی لە خۆپیشاندەران دەكات، هەروەها چۆن پیشتر داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت‌و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دەكرد لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان .

چەند رۆژێك پێش ئێستا چەند چەكدارێكی دەمامكدار لەناو ئۆتۆمبێلێكی "پیك ئەپ"دا بە چەكی "بی كەی سی" بەشێوەیەكی هەرەمەكی تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد ، كە ئەوە كەشێكی ترس و تۆقاندنی لەناو ریزی خۆپیشاندەرانی گۆرەپانی خەلانی لەنزیك پردی سنك دروستكرد .

لەوەتی لەسەرەتای مانگی ئۆكتۆبەرەوە خۆپیشاندان و نارەزایەتی لە بەغدا و شارەكانی تری ناوەراستی عێراق دروست بووە، كوشتارگەكەی رۆژی هەینی خوێناویترین هێرش بوو بۆسەر خۆپیشاندەران كە ٢٥ خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستدا و دەیانی تریش بریندار بوون .

هەروەها بەگوێرەی ئامارەكانی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقی‌و سەرچاوە پزیشكی و دادوەرییەكان، تا ئێستا زیاتر لە ٤٥٠ خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٠ هەزاری تریش بریندار بوون .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی