حكومەت پابەندە بەرەوانەكردنی بودجە بۆ پەرلەمان سەرەرای ئەوەی كاربەڕێكەرە

ئابوری

10/12/2019‌ 781 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ بوونیشی بە حكومەتی كاربەڕێكەر پابەندە بەوەی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكات.

سیهام شەنوون ئەندامی لیژنەكە لەلێدوانێكدا دەڵێت: بوونی حكومەت بە حكومەتی كاربەڕێكەر ئاستەنگی ئەوەی بۆ دروست ناكات پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٠ رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكات.

ئەو دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەی سیستەمی ناوخۆیی سەرۆكایەتی وەزیران دەقی لەسەر ئەوە داوە، كە نابێت لەژێر سایەی حكومەتی كاربەڕێكەردا پرۆژە یاسا پێشكەش بكات، بەڵام یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی ڕێگەی ئەوە بە حكومەت دەدات لەگەڵ ئەوەی حكومەت كاربەڕێكەر بێت، بەڵام دەتوانێت تەنیا پرۆژە یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات.

شەنوون جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە ئەنجوومەنی وەزیران پابەندە بە یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی بۆ ئەوەی لەماوەی داهاتوودا بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات.

سەبارەت بە ڕێكەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی لەسەر رادەستكردنی نەوت و پشكی هەرێم لەبودجەی فیدراڵی ، ئەندامەكەی لیژنەی دارایی دەڵێت: شاندی هەرێم ئامادەیی خۆیان پیشانداوە بۆ ئەوەی لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا، كە ئەو ڕێكەوتنەش ئاسانكاری دەكات بۆ پرۆسەی رەوانەكردنی بودجە بۆ پەرلەمان لەبەرئەوەی ئەمە مانای تێپەڕاندنی یەكێك لەخاڵە ناكۆكییە گرنگەكانە .

لای خۆیشییەوە رۆژی شەممە سەلیم هەمزە شوشكەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامیی رایگەیاند، كە هەرێم پابەندە بەوەی لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی