توركیا 11 چەكداری داعش رەوانەی فەرەنسا دەكاتەوە

جیهان

10/12/2019‌ 518 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای رێكەوتنەكەی لوتكەی ناتۆ لەنێوان توركیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا، رۆژی 9ی دیسێمبەر، فەرەنسا 11 داعش-ی وڵاتەكەی لە توركیا وەرگرتەوە.

لەچوارچێوەی ئەو رێكەوتنەی، كە وڵاتانی ناتۆ لەگەڵ هاوتا ناتۆییەكەیان (توركیا) كردویانە، كە رۆژانی 3 و 4ی دیسێمبەر لە بەریتانیا رێكخرا، توركیا 11 داعشی بەرەِگەز فەرەنسی گەڕاندەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان، كە بەشێكە لەو رێكەوتنەی نێوانیان بۆ گەڕاندنەوەی تیرۆریستان بۆ وڵاتەكەیان.

توركیا لەپرۆسەی داگیركردنی باكووری سوریا لە سەرەتای ئۆكتۆبەر و هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان، زیاتر لە 250 ژن و پیاوی چەكداری داعش-ی كەوتە دەست، لە چەند رۆژی رابردووە، بەپێی رێككەوتنێك لەنێوان وڵاتانی ناتۆ دەستكراوە بەگێڕانەوەیان و لەو چوارچێوەیەدا رۆژی 4ی دیسێمبەر، لیزا سمیس، كارمەندی وەزارەتی بەرگری ئێرلەندا لەناو ڕیزەكانی داعش، دوای دەستبەسەربوونی لەتوركیا، گەیەندرایە دادگای تاوانەكان لە دبلن، تا بە تۆمەتی تاوانی هەڵاتن لە سەربازیی و خیانەتی نیشتمانی لە ئۆكتۆبەری ٢٠١٥ - دیسێمبەری ٢٠١٩، دادگایی بكرێت.

هەرچەندە ئاژانسەكانی فەرەنسا داوای لێدوانی رەسمی لەوەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا دەكەن، بەڵام وەزارەتەكە هەموو لێدوانێك رەتدەكاتەوە، بەڵام سەرچاوەیەكی دیپلۆماتی دەڵێت: "11 تیرۆریستەكە، چوار ژن و 7 منداڵن".

ئەنكەرە نیگەرانە لە پرۆسەكە و داوادەكات پەلەبكرێت لەوەرگرتنەوەی هەموو ئەو داعشانەی لە ئەوروپاوە هاتوون بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ شەڕكردن لەناو ریزەكانی رێكخراوی داعش و ئێستا دەستبەسەرن لەوڵاتەكەی.

سلێمان سویلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا بۆ رۆیتەرز رایگەیاندووە، كە توركیا هەموو ئەو داعش-انە دەگێڕێتەوە بەر لەهاتنی 2020.

پاریس رێككەوتنێكی كۆنی لەگەڵ توركیا هەیە، كە بۆ 5 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە هەر كەسێكی فەرنسی هەڵاتوو لە وڵاتەكەی دەستبەسەربێت، دەگێڕێتەوە بۆ فەرەنسا. 

تا ئێستا لەم چوارچێوەیەدا 300 هاووڵاتی فەرەنسی گەڕێندراوەتەوە بۆ فەرەنسا، بەڵام سەبارەت بە گەڕانەوەی داعش-ە دەستبەسەركانی لای توركیا، فەرەنسا ئامادەنەبوو بیانگێڕێتەوە تا دواجار رێكەوتنێك لە لوتكە كرا بۆ گەڕانەوەیان، كە تائێستا نەزانراوە ئەوروپا و توركیا لەبەرامبەر چی ئەمە دەكەن.

هەروەها رۆژنامەی زە نیویۆرك تایمز لە چاپی ئەمڕۆدا، ئەوەی ئاشكراكردووە تا 17 نۆڤێمبەر-یش، توركیا بڕیاری داوە 18 تۆمەتباری داعش بگێڕێتەوە ئەڵمانیا و دوێنێ 8 دیسێمبەر، كەسێكی سەر بە رێكخراوی داعش-ی بەڕەگەز ئوسترالی گێڕایەوە بۆ وڵاتەكەی.

هەروەها رۆژنامەی ستار سترێب-ی ئەمریكی-ش لەژمارەی ئەمڕۆدا نوسیویەتی: "توركیا 60 دەستبەسەركراوی داعشی ئامادەكردووە لەماوەی 5 رۆژی رابردوو بیگێڕیتەوە بۆ ئەڵمانیا و هۆڵەندا و دانیمارك و بەریتانیا و ئەمریكا"، دەشڵێت:"لەپەراوێزی ناتۆ-دا و لە دانیشتنێكی ناڕەسمیدا سەرۆك دۆناڵد ترەمپ رازی بووە كە ئەو سێ كەسە داعشە وەرگرێتەوە كە هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریكین و لە ئەمریكا دادگایی بكرێت".

ئامادەكردن: لوقمان غەفور