دواین ئاماری گیراوان‌و رزگاركراوانی ئێزیدی دەستی داعش

کوردستان

12/12/2019‌ 674 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نووسینگەی رزگاكردنی ئێزیدییە ڕفێنراوەكان لەهەرێمی كوردستان ئامارێكی نوێی لەسەر دۆخی ئیزیدییەكان بڵاوكردەوە لەدوای ئەوەی لەمانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن چەكدارانی ڕێكخراوی داعش پەلاماری ناوچەكانیان دراو كۆمەڵكوژ كران  .

نووسینگەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارەی ئێزیدییەكان لەعێراق ٥٥٠ هەزار كەسەو ژمارەی ئاوارەكان بەهۆی داگیركردنی ناوچەكانیان لەلایەن داعشەوە ٣٦٠ هەزار ئاوارەیە، هەروەها لەیەكەم رۆژی پەلامارەكانەوە ١٢٩٣ ئێزیدی شەهید بوون‌و ٢٧٤٥ منداڵیش هەتتیو كەوتوون.

لەبەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، ژمارەی ئەو گۆرە بەكۆمەڵانەی لەقەزای شنگال دۆزراونەتەوە ٨١ گۆڕی بەكۆمەڵە، ئەوە جگە لە دۆزینەوەی دەیان گۆڕی تاكەكەسی، هەروەك ژمارەی ئەو نزرگە و شوێنە ئاینیانەی ئیزیدییەكان، كە لەلایەن داعشەوە تەقێنراونەتەوە ٦٨ نزرگە بووە.

بەیاننامەكەی نووسینگەی ئێزیدییە رزگاركراوەكان سەبارەت بەدۆخی ئێزیدییەكان چەند ژمارەیەكی تری خستووەتەڕوو بەم جۆرەی خوارەوە:

زیاتر لە ١٠٠ هەزار ئێزیدی كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات .
ژمارەی ئیزیدییە رفێنراوەكان ٦٤١٧ ئێزیدی بووە، كە لەو ژمارەیە  ٣٥٤٨یان نێر و ٢٨٦٩ یان مێ بوون .
ژمارەی ئێزیدییە ڕزگاركراوەكانی دەستی داعش  ٣٥٢٨ كەس بووە، كە ١١٩٩ یان ئافرەت و ٣٣٩ پیاو و  ١٠٤٠ منداڵی كچ ، ٩٥٠ منداڵی كور .

ژمارەی ئەو ئێزیدییە ڕفێنراوانەی هێشتا چارەنووسیان دیار نییە ئەوە سەرجەمیان ٢٨٨٩ كەسن، كە ١٣٠٩ لەرەگەزی می و ١٥٨٠ لەرەگەزی نێرن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی