ئەمریكا داعش بۆ دژایەتی ئێران‌و شیعەكانی عێراق زیندوودەكاتەوە؟

ڕاپۆرت

07/01/2020‌ 2376 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمریكا لە هەندێك كاتدا بەشدار بووە لەدروستكردنی داعشدا بۆ ئەوەی بەكاریبهێنێت دژی بەشار ئەسەد لە سوریا و لەهەمان كاتدا هاوسەنگییەك بێت بۆ لە بەرانبەر شیعەی عێراق.

ئەمریكا لە سوریادا جەنگی دژی داعشی بۆ مانەوەو هەبوونی خۆی بەكارهێنا، بەڵام دژایەتی رێكخراوەكەی نەكرد تا روسیا دەستی بەو كارە كرد.

بەپێی چاودێران كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە دەرگای جەنگی بەوەكالەت دەكاتەوە لە نێوان ئەمریكا و ئێران، بەبێ ئەوەی بگاتە ئاستی جەنگێكی گشتگیری راستەوخۆ لەنێویانیاندا، لە هەمان كاتدا، كە پێدەچێت لوبنان بەهۆی دۆخی خراپی ئابوورییەوە لایەنێكی چالاكی ئەم جەنگە نەبێت.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، دیارە دۆخی ئەمریكا لە سوریا و بەتایبەتی لە عێراق كەوتووەتە بەر مەترسی و هیچ سوپایەكی نیزامی ناتوانێت سەركەوتن بە دەست بهێنێت تەنیا بە رێگاكانی نازییەت نەبێت، لە میانی خاپوركردنی دانیشتوانە ناوخۆییەكان، دەكرێت هێرشە ئاسمانییەكان بەجۆرێك لە جۆرەكان كاریگەری هەبێت، بەڵام تێكشكاندنی سەركردەكان نابێتە هۆی هەڵوەشانەوەی رێكخستنەكان، یان وەستانی بەرگری دژی دوژمن.

هەروەها لەهەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا، روون و ئاشكرایە هەر زیانێكی مرۆیی گەورە لەنێو سەربازە ئەمریكییەكان، یان هەڵگیرسانی هەر جەنگێك لەسەردەمی سەرۆكی ئێستادا، لە بەرژەوەندی ئەودا نییە، لەبەر ئەوە، دۆناڵد ترامپ زۆرترین هەوڵ دەدات بۆ كەمكردنەوەی زیانەكان.

ئەو پرسیارەی لێرەدا دووبارە رووبەرووی واشنتۆن دەبێتەوە، دروستكردنی هێزی بوكەڵە، توانای ئەوەی هەیە بەرگەی هێزە شیعییەكان بگرێت و لە هەمان كاتدا رووبەرووی دانیشتوانە ناوخۆیەكان ببێتەوە لە عێراق و سوریادا؟

هەروەك مێژوو دەڵێت: هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ دروست كردنی هێزی سەربازی لەڕاكردوەكان و ناپاكەكانی دانیشتوانە ناوخۆییەكان سەركەوتن بەدەست ناهێنێت، چونكە ئەوان تەنا پارەیان لێببڕێت ڕا دەكەن و خۆیان ون دەكەن و ناتوانن هیچ پرۆسەیەكی سەربازی ئەنجام بدەن، نەك سەركەوتن بە دەست بهێنن.

هەرچی كوردەكانە، ئەوان پەیوەستن بەخاكەكەیانەوە و پێناچێت فاكتەرێكی كاریگەر بن بە درێژایی و پانایی وڵات، بۆیە تەنیا رەگەزی چالاك لە جەنگی بەوەكالەتدا لە سوریا و عێراق بریتییە لەداعش، كە ئەمریكا رێگا بە دەركەوتنی دەدات و پاڵپشتی دەكات لە میانی زنجیرەیەكی فراوان لەمیانی چەك و سیخوڕو وەكیلەكانەوە.

دوای ژمارەیەك هێرشی سەركەوتوو دژی ئەمریكا لە عێراق، كە دەبێتە مایەی زیانی گیانی گەورە لە نێو ئەمریكییەكاندا و لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتەدا، گومانی تێدا نابێت ئەمریكا هێزەكانی خۆی لەناوچەكەدا كەم دەكاتەوە.

دوای ئەمەش، هەمان پرسیار رووبەرووی ئەمریكا دەبێتەوە، ئایا دەڕوات و رێگە بە یەكخستنی پشتیوانییەكانی دەولەت دەدات و سەقامگیری لە سوریا و عێراق وەك دوو وڵاتی دراوسێ و هاوڕێی ئێران بەدی دێنێت، كە هەڵوێستی دژیان هەیە لە بەرانبەر ئەمریكادا، یان سەقامگیریەكەیان لێتێكدەدات بە هاوكاری تەنیا هێزێك، كە توانای ئەمەی هەیە (داعش)؟

ئامادەكردنی شرۆڤەكاری سیاسی: ئەلیكسەندەر نازاروف
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا