هێرشە وردەكەی ئێران رێگربوو لەهەڵگیرساندنی شەڕێكی گەورە

ڕاپۆرت

13/01/2020‌ 2887 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (فزغلیاد) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەرباری وردیی لێدان و وەڵامەكەی ئێران لەرووی سیاسی و سەربازییەوە بۆسەر دوو بنكەی ئەمریكا لە عێراق.

بەپێی راپۆرتەكە، پێدەچوو هێرشە رۆكێتییەكانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا سەرەتای جەنگێكی گەورە بێت، بەڵام لە راستیدا تا ئەوپەڕی رێگەیەكی ناخوێناوی بوو بۆ دەرچوون لەتوندی ململانێی ئێران و ئەمریكا لەم قۆناغەدا.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، دەربارەی هێرشەكە، نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئێران بەغدای ئاگاداركردووەتەوە لە هێرشێكی سەربازی بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا، بەڵام هیچ یەكێك لەو ئامانجەیان دیاری نەكردبوو.

لەو بارەیەوە، سەرۆكی لیژنەی ئەنجوومەنی یەكێتی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی قوستەنتین كوساتشۆف وای دەبینێت هێرشە رۆكێتییەكانی ئێران بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا هەلی رەخساند بۆ ئەوەی توندوتیژی لەنێوان هەردوولادا كۆتایی پێبێت و پرسەكەی لە چوارچێوەیەكی سیاسیدا هێشتەوە.

ناوبراو لە ئەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی: وا دەردەكەوێت هێرشەكانی ئێران بۆ سەر دوو بنكە ئەمریكییەكە لەعێراق لە رووی وردیەوە هیچی كەمتر نەبێت لەو هێرشەی كرایە سەر ئۆتومبیلەكەی قاسم سلێمانی لە بەغدا، بۆیە هیوا دەخوازین واشنتۆن هەست بەوە بكات و فۆكەس نەخاتە سەر هێرشی رۆكێتی، بەڵكو تەماشای بەیاننامە فەرمییەكەی تاران بكات، كە دەڵێت: وەڵامدانەوە گونجاوەكە تەواو كرا.

لای خۆیەوە، سەرۆكی لیژنەی زانیارییەكان لە ئەنجوومەنی پیرانی روسیا ئەلێكسی بۆشكۆف وایدەبینێت وەڵامدانەوەی واشنتۆن زۆر لە سەر سەركەوتنی ترامپ دەكەوێت لە هەڵبژاردنەكاندا و لەسەر ئەژماری خۆی لە تویتەر نوسیویەتی: جەنگێكی زەمینی گەورە لە رووی پراكتیكیەوە سەر ناگرێت و پشتیوانی جەماوەری لە ئەمریكا بەدەست ناهێنێت و پێدەچێ زۆر لە سەركەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەكان بكەوێت.

هەرچی سەرنووسەری گۆڤاری (بەرگری نیشتمانییە) (ئیگۆر كوروچنكۆ) پێیوایە، هێرشە رۆكێتییەكە بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا بەبێ هیچ پێشینەیەك بووە، لەم بۆچوونەیەدا هاوڕایە لەگەڵ كۆساتشۆف بەوەی ئەو هێرشە هەردوولای یەكسان كردەوە لە رووی ململانێی و چارەسەركردنەوە، ئەگەر ئەمریكا وەڵام نەداتەوە، ئێران نیازی ئەوەی نییە هێرشەكە دووبارە بكاتەوە، ئەمە بابەتێكی دوولایەنەیە. 

هەموو شتەكان پشت بەو بڕیارە دەبەستێت، كە ترامپ دەری دەكات و لێدانێكی تۆڵەیی بۆ سەر خاكی ئێران جەنگێكی چوارچێوە فراوان هەڵدەگیرسێنێ. رون و ئاشكراشە، هەریەك لە ئیمارات و سعودیەو ئیسرائیل هیچ بەرژەوەندییەكیان لە جەنگێكی گشتگیردا نییە، چونكە مەترسی لەسەر ئاسایشیان دروست دەكات.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا