بەهۆی سیستەمی موشەكی "ئێس-٤٠٠" ئەمریكا هەڕەشەی سزادان لەعێراق دەكات

عیراق

15/01/2020‌ 839 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جۆی هۆد یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست رایگەیاند، ئەگەر بێتوو عێراق سیستەمی بەرگری ئاسمانی موشەكی "ئێس- ٤٠٠"ی روسی بكرێت ئەوە سزای بەسەردا دەسەپێنین .

هۆد لەلێدوانێكدا راشیگەیاند، پرۆسەی كڕینی سیستەمی ئێس-٤٠٠ لەلایەن عێراقەوە دەبێتە هۆی ئەوەی سزایان بەسەردا بسەپێنین، "لەبەر ئەوە ئامۆژگاریان دەكەین ئەو جۆرە هەنگاوانە نەنێت ".

رۆژی دووشەممە ، سەعد جەوودا قەندیل باڵیۆزی عێراق لە تاران رایگەیاند، بەغدا بۆ كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٣٠٠" لەگەڵ روسیا دەست بەدانوستان دەكات .

قەندیل لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی سپۆتنیكی روسی راشیگەیاند، بابەتی كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٣٠٠ لەسەر مێزی دانوستانەكانی عێراق و روسیایە و ئەگەری زۆرە عێراق ئەو سیستەمە روسییە بكڕێت .

پێشتریش محەمەد رەزا سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی بەغدا رایگەیاندبوو، كە لەسەر كڕینی سیستەمی بەرگری ئێس-٣٠٠ لەگەڵ روسیا دەستی بە دانوستانەكان كردووەتەوە، لەساڵی ٢٠١٧ وە عێراق هەوڵی كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی روسی دەدات، بەڵام هەڕەشەكانی واشنتۆن بە سەپاندنی سزای ئابووری ئاستەنگی بۆ ئەو دانوستانانە درووست كردووە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی