ئەمەریكا پرۆسە سەربازییەكانی لە عێراق دەستپێدەكاتەوە

عیراق

16/01/2020‌ 909 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی بڵاویكردەوە، رۆژی چوارشەممە هێزەكانی ئەمەریكا پرۆسە سەربازییە هاوبەشەكانیان لەگەڵ هێزە عێراقییەكان دەستپێكردووەتەوە، كە لەدوای كوشتنی جەنەراڵ قاسم سلێمانی لەسەرەتای مانگی كانوونی دووەم راگیرابوون .

رۆژنامەكە لەسەر زاری بەرپرسە سەربازییەكانی ئەمەریكاوە گواستویەتییەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا دەیەوێت لەبواری بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لەنزیكترین كاتدا هەماهەنگییەكانی لەگەڵ سوپای عێراق دەستپێبكاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە ئەو دۆخەی ئێستا بۆ دەستپێكردنەوەی چالاكییەكانی نەقۆزێتەوە .

لە پێنجی كانوونی دووەم و دوای دوو رۆژ لە كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، ئەمەریكا پرۆسە سەربازییەكانی لە عێراق ، لەهەمان رۆژیشدا لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بڕیارێكدا بۆ كردنەدەری هێزرە بیانییەكان .

دوای بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق ، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەی ئەوەی لە عێراق كرد ئەگەر هەر سوور بێت لەسەر دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا كە ژمارەیان ٥٢٠٠ سەربازە ، ئەوە سزای ئابووری بەسەر بەغدا دا دەسەپێنێت .

رۆژی هەینی رابردووش مایك پۆمپەیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گوتی " هەموو سەركردە عێراقییەكان لە دانیشتنە تایبەتەكاندا پشتگیری مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەكەن ، لەگەڵ ئەوەی لەلێدوانە ئاشكراكاندا داوای دەرچوونی هێزەكانمان دەكەن ".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی