شارپرێس:
دامەزراوەی "ڕاند" بۆ لێكۆڵینەوە سەربازییەكان لەواشنتۆنی پایتەخت، ئەوەی دووپاتكردووەتەوە لەم چەند ساڵەی دوایدا، بە هۆی ئەو سیاسەتەی ئەنقەرە پیادەی دەكات، هاوبەشبەندی ئەمریكی- توركی بارگرژی زۆری تێكەوتووەو ئاڵۆز بووە.
لەڕاپۆرتێكی ئەو دامەزراوەیەدا هاتووە - كە بە دامەزراوەیەكی نزیك لە وەزارەتی بەرگری لە قەڵەم دەدرێت-، دینامیكییەتی سیاسەتی ناوخۆی توركیا و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەكانی، پشكدارییان كردووە لەگۆڕانی سیاسەتی ئەنقەرە لەهەمبەر دەوڵەتانی دەوروبەر و هاوبەشە مێژووییەكانی، بەتایبەتیش ئەمریكا.
لەڕاپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە، هێشتا توركیا لە ناوخۆدا دابەش بووە، چونكە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، پێودانگەكانی بارگرژی نەتەوەیی و ئاینی و ئیتنیكی بەكاردێنێت بۆ سەرخستن و بەروپێشبردنی ئەجێندا سیاسییەكانی.
ئەمەش وای لە زۆرینەی خەڵكی توركیا كردووە نیگەرانبن لەوەی دیموكراسی لە وڵاتەكەیاندا هەرەس بێنێت و دۆخی ئابووریەكەشی تێكبچێت، لە یەكلاییكردنەوەی چارەسەرێكی سیاسیش لەگەڵ كوردەكاندا شكست بێنێت.
ڕاپۆرتەكە پێشبینی ئەوە دەكات پەیوەندییەكانی ئەمریكا – توركیا بە ناسەقامگیری و نائارامی بمێنێتەوە، سەرباری ئەوەی واشنتۆن ئەو هۆكارانەی هەن كە دەتوانێت بارگرژییەكانی نێوانیان كەم بكاتەوە.
ڕاپۆرتەكە باسی لەوەش كردووە، ئەمریكا و توركیا خاوەن بەرژەوەندی هاوبەشی لێكنزیكن، بەتایبەتیش لە ڕووی پاراستنی هاوسەنگی لەگەڵ هەریەك لە ڕوسیا و ئێران، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی گروپە تیرۆرستییەكان و كاركردن بۆ سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕاپۆرتە ئەمریكییەكە سەنج بۆ ئەوەش ڕادەكێشێت، كە ئەنقەرە، هاریكارییەكی بەهێزی سەربازی لەگەڵ ئەمریكادا هەیە، چونكە دامەزراوەی سەربازی توركیا نایەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ واشنتۆن بارگرژی سیاسی تێبكەوێت و كاریش بۆ پاراستنی ئەو پەیوەندییە باشە دەكات، كە هەیە.
ڕاپۆرتەكە باسی لەوەش كردووە، كە ئیدارەی ئەمریكا ئێستا، پێویستی بەوە هەیە ستراتیژێكی دوورمەودای هەبێت لەمەڕ ئەو پرسە، بەشێوەیەك پارێزبەندی بۆ پاراستنی ئەو پەیوەندییانە دروست بكات و نەیەڵێت بەهۆی پەرەسەندنە سیاسییەكانی ساڵانی ڕابردوو و بە تایبەتیش كێشەی سوریا، كاریگەریان بكەوێتەسەر.
لەكۆتاییدا ڕاپۆرتەكە جەخت كراوەتەوە، پێویستە لەسەر واشنتۆن پێداچوونەوەیەكی دبلۆماسی بەهێز بۆ پەیوەندییەكانی بكات لەگەڵ توركیادا، بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوبەشبەندییەكی جێگیر لە نێوان ناتۆ و هێزە سەربازییەكانی توركیادا، ئەمەش بە مەبەستی دروستكردنی دیوارێكی خۆپارێزی لەبەردەم هەژموونی فراوانخوازی ڕوسیادا.
ڕاپۆرتەكە ڕاسپاردەی ئەوەشی داوە، كە داڕێژەرانی ستراتیژییە سەربازییەكانی پەنتاگۆن پێویستە لەسەریان لەگەڵ بیرۆكەی لە دەستدانی هەتا هەتای بنكەی ئاسمانی ئینجەلیكدا خۆیان ڕابێنن كە چەندەها ساڵە لە لایەن ئەمریكا و ناتۆوە بەكاردەهندرێت.
سەرچاوە: ئەلحورە
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
