ترامپ: دەبێت خامنەیی زۆرباش ئاگای لە قسەكانی بێت

جیهان

18/01/2020‌ 785 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، دەبێت عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئاینی ئێران زۆرباش ئاگاداری قسەكانی بێت، ئەویش دوای ئەوەی لە وتاری نوێژی هەینی شاری تاران وتی: وڵاتەكەی جەنگەكە دەگوازێتەوە بۆ دەرەوەی سنوورەكانی .


ترامپ لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: ئەوەی بە "ڕێبەری باڵای ئێران" ناودەبرێت، كە لەمدواییانە باڵا نەماوە، زۆر بە شێوەیەكی بێزراوانە باسی ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپای كردووە.

هەروەها نووسویەتی: ئابوورییەكەیان لەهەرەسهێناندایە، گەلەكەیان دەناڵێنێت، بۆیە دەبێت لە قسەكردنیدا زۆر بەئاگا بێت.

عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئاینی ئێران دوای هەشت ساڵ بۆیەكەم جار وتاری نوێژی هەینی لەتاران پێشكەش كرد و تێیدا هەڕەشەی ئەوەی كرد، كە سوپای پاسداران جەنگەكە بۆ دەرەوەی سنورەكانی ئێران دەگوازێتەوە .

پێشتریش برایان هۆك نێردەی تایبەتی ئەمەریكی بۆ كاروباری ئێران وتی: تاران بەو هەڕەشانەی دەیانكات وادەكات  زیاتر گۆشەگیر ببن  .

هۆك بە رۆژنامەنووسانی وت: تاران تا زیاتر هەڕەشە بكات زیاتر گۆشەگیر دەبێت.. تا ئەوكاتەی وەك وڵاتێكی ئاسایی رەفتار دەكات هەر زیاتر گۆشەگیر دەبێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی