داعش لەسنووری مەخمور دەستی بە جووڵەی زیاتر كردووە

کوردستان

18/01/2020‌ 809 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماوەیەكە هاوپەیمانان هەموو جۆرە چالاكییەكانیان لە دژی داعش لە سنووری مەخمور راگرتووە، ئەمەش وای كردووە داعش دەست بەجوڵەی زیاتر و كردەوەی تیرۆریستی بكات.

كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی دیموكرات لەو بارە وتی:  پێشتر فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بەردەوام مۆڵگەكانی داعشیان لە سنووری مەخمور بۆردومان دەكرد، بەڵام ماوەیەكە هەموو چالاكییەكانیان راگرتووە، ئەمەش وای كردووە داعش جموجۆڵی زۆر زیاتر بێت و و دەستیشیان بە ئەنجامدانی چالاكی كردووە، كە پێش دوو رۆژ بۆمبێكیان دانابووەوە و بەو هۆیەوە كەسێك بووە قوربانی.

عەبدوڵڵا بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی وتیشی: داعش بەردەوام جموجۆڵی لەزیادبووندایە و بۆشاییەكی ئەمنی زۆریش لە ناوچەكەدا هەیە، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە، هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و ئەو بۆشاییەی، كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر دروست بووە، پڕ بكرێتەوە، چونكە ئەو خەڵكەی لەوێیە ئەگەر پێشمەرگە بگەڕێتەوە، هاوكاریان دەبن و رێگری لەداعش دەكەن، چونكە زۆر متمانەیان بە هێزی پێشمەرگە هەیە.

بەرپرسی لقی مەخموری پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەشیدا، سەرهەڵدانەوەی داعش بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەم ئەوەیە هێزە عێراقییەكان خەڵكی ناوچەكە نین و توانای پاراستی خەڵكیشیان نییە، دووەمیش خەڵك متمانەی بەو هێزانە نییە و هاوكارییان ناكەن، بۆیە داعش رۆژ بەرۆژ جموجۆڵی لەزیادبووندایە. ناوبراو باسی لەوەش كرد، حەشدی شەعبی لە ناوچەكەدا بە چەندین شێوە سەرقاڵی بازرگانیكردنن، لەوانە دزینی نەوت و وەرگرتنی سەرانە لەخەڵك و دانانی گومرگی نایاسایی، بۆیە خەڵك دەزانێت ئەوانە نەهاتوون پارێزگاری لە ئەوان بكەن، بەڵكوو بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان هاتوون.

هـ ـ ح