یەكێتی نوێنەری دەبێت.. حكومەت‌و ئاسایش لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەگیانلەدەستدانی پێشمەرگەكە پێكدەهێنن

کوردستان

19/01/2020‌ 1924 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
لەسەر گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەك لەئاسایشی گشتی هەولێر، لیژنەیەك لەحكومەت و ئاسایش پێكدێت و نوێنەرێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لەلیژنەكەدا دەبێت.

حاجی مەسیفی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی نیشتمانی بەشارپرێسی راگەیاند، لیژنەیەك لەحكومەت و ئاسایش پێكهاتووە، بۆگیان لەدەستدانی شەهید مەجید و نوێنەری یەكێتیش لەلیژنەكەدا هەیە.

مەسیفی، كە نوێنەری حیزبەكەیەتی لەلیژنەكە ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەكە  نوێنەری حكومەت و پەرلەمان و ئاسایش، هەروەها یەكێتیشی تێدایە، كە بەندە ئەندامم لەلیژنەكە.

سەبارەت بەئامانجی لیژنەكە حاجی مەسیفی وتی: لیژنەكە لەراستی و دروستی گیان لەدەستدانی مەجید دەكۆڵێتەوە.

رۆژی 16ی ئەم مانگە خۆكوشتنی پێشمەرگەیەكی یەكێتی لەزیندانی ئاسایشی هەولێر راگەیەنراو دوای رووداوەكەش ئاسایشی هەولێر لەروونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، دوابەدوای دەستبەسەرداگرتنی بڕی 60 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەلایەن مەفرەزەیەكی ئاسایشەوەو وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەوەی، كە خاوەندارییەتی ماددەكە دەگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتی (مەجید برایم عەبدوڵڵا)، رەزامەندی دادوەر وەرگیرا بۆ دەستگیركردن و پشكنینی ماڵی ناوبراو لەگوندی سیساوەی سەر بە شارۆچكەی هەریر.

ئاسایش راشیگەیاند، لەكاتی دەستگیركردن و پشكنینی ماڵی ناوبراو لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە و بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانەكەی، كەسێكی دیكە لەسەر هەمان دۆسییە دەستگیركراو بڕێكی دیكەی ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا.

هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە، بەداخەوە لە رۆژی 16/1/2020، ناوبراو لەناو بەندیخانە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، دوای ئاگاداركردنی دادوەر، تەرمی ناوبراو رەوانەی پزیشكی دادی هەولێر كرا، ئاسایش جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە تەواوی بەڵگەنامەكان لەسەر ئەم دۆسییە و رێكارە یاساییەكان بەردەستن.