هەولێر داهاتی نەوت رادەستی بەغدا ناكات
رێژەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە

کوردستان

20/01/2020‌ 3195 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد كەریم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح دەڵێت: هەناردەی رۆژانەی نەوتی هەرێم بۆ ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرزبووەتەوە، لەكاتێكدا لیژنەی دەستپاكی ئەنجوومەنی نوێنەران دەستی بەجوڵەكردووە بۆ راگرتنی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم لەبەر ئەوەی هەولێر ئامادە نییە نەوتەكەی رادەستی بەغدا بكات .

كەریم لەلێدوانێكدا دەشڵێت: سەرەرای ئەوەی حكومەتی هەرێم پێشتر رایگەیاندبوو، لەسەرەتای ساڵی نوێوە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەكات، بەڵام هێشتا پابەندی ئەوە نەبووە و هیچ برە نەوتێكی رادەست نەكردووە، ئەوە لەكاتێكدا هەناردەی نەوتی هەرێم رۆژانە بۆ ٦٠٠ هەزار بەرمیك بەرزبووەتەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە لیژنەی دەستپاكی ئەنجوومەنی نوێنەران دەستی بەجوڵەكردووە بەوەی تا ئەوكاتەی هەرێم نەوتەكەی رادەست دەكات شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ببڕدرێت .

هەفتەی رابردوو، لیژنەی دەستپاكی ئەنجوومەنی نوێنەران بەفەرمی داوای لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی كرد بەوەی هیچ برە پارەیەكی تر رەوانەی هەرێمی كوردستان نەكرێت تا ئەوكاتەی هەرێم ئەو برە نەوتە رادەستی بەغدا دەكات كە ڕێكەوتنی لەسەر كراوە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی