قەبارەی قەرزە دەرەكی و ناوخۆییەكانی عێراق

ئابوری

20/01/2020‌ 1004 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری عێراق قەبارەی قەرزە دەرەكی و ناوخۆییەكانی عێراق ئاشكراكرد.

ساڵح لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: قەرزە دەرەكییەكانی عێراق لە ٣٠ ملیار دۆلار كەمترن، كە بەغدا قەرزی دەرەكی تریشی لەسەرەو پەیوەستن بە یانەی پاریس و ٨٠%ی قەرزەكانی پێش ساڵی ١٩٩٠ یان سڕیوەتەوە، بەڵام هێشتا پاكتاو نەكراون.

ئەو وتیشی: قەرزە دەرەكییەكانی عێراق هی قۆناغی پێش ساڵی ١٩٩٠ نزیكەی ١٢٨ ملیار دۆلار بوو، بەڵام ٨٠%ی ئەو قەرزانە بەگوێرەی ڕێكەوتننامەی یانەی پاریس سڕاونەتەوە .

باسی لەوەش كردووە، كە ئەو قەرزانەی بەگوێرەی ڕێكەوتننامەی یانەی پاریس ماون لە ٩ ملیار دۆلار كەمترن، هەروەها وتی: چەند قەرزێكی تر هەیە بەهۆی شەری دژ بەڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كەوتوونەتە سەر عێراق كە بە ١٣ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت .

راوێژكارەكەی عەبدولەمهدی ئەوەش دەڵێت: قەبارەی قەرزە دەرەكییەكانی عێراق بەگوێرەی یانەی پاریس و دەرەوەی یانەكە و هی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییە فرە لایەنەكان بە نزیكەی ٢٨ ملیار دۆلارە .

سەبارەت بە دانەوەی قەرزەكانیش ساڵح وتی: ئەوە لەساڵی ٢٠٢٠ تا ساڵی ٢٠٢٨ پێ بەپێ‌و بەگوێرەی سایستەیی خۆیان دەدرێنەوە .

هەرچی قەرزە ناوخۆییەكانیشە ئەوە بە نزیكەی ٤٢ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، كە هی بانكی ناوەندی و بانكی رافیدەین و تی بی ئەی و بانكی رەشیدە .

پێشتر لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكرایكردبوو، كە تائێستا زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار لە قەرزە دەرەكییەكانی عێراق دراوەتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی