سویسرا ڕێككەوتنی بازرگانی ئازاد لەگەڵ توركیا هەڵدەپەسێرێت

ڕاپۆرت

03/02/2020‌ 1705 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:
لە بەرانبەر پێشێلكارییەكانی ڕژێمەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا دژ بە مافەكانی مرۆڤ و بنەما دیموكراسییەكان، حكومەتی سویسرا پراكتیزەكردنی ڕێككەوتننامەی بازرگانی ئازاد لەگەڵ توركیا هەڵدەپەسێرێت.

بە گوێرەی ڕۆژنامەی "نویە زوریشەر تسایتونغ" ی گەورە ڕۆژنامەی‌ وڵات، سویسرا چاكبوونی دۆخی سیاسی توركیای كردووەتە پێشمەرجی كاركردن بە ڕێككەوتننامەی بازرگانی ئازاد لەگەڵ توركیادا.

ڕۆژنامەكە لە ڕاپۆرتێكیدا باسی لەوە كردووە، ڕێككەوتننامەی بازرگانی ئازادی نێوان  توركیا و ڕایەڵەی بازرگان ئازادی ئەوروپی و بە تایبەتیش سویسرا، هەر لە سەرەتای حوزەیرانی ڕابردووەوە‌، جێگەی دەمەتەقێ بووە، ئەمەش‌ بە هۆی ئەو ڕەخنە گەورانەی ئاراستەی دۆسیەی مافەكانی مرۆڤ لە توركیا كراون.

بەپێی ڕۆژنامەكە، پارتی سوسیالستی و پارت سەوزەكان (چەپڕەو) بۆ چەندەهاجار داوای كۆتاییهێنانی ئەو ڕیككەوتننامەیان كردووە، بەتایبەتیش لە دوای داگیركاری ئەنقەرە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، كە حكومەتی سویسرا بە پێشێلكاری ڕێساكانی یاسای نێودەوڵەتی لە قەڵەمیداوە‌.

هەر بەگوێرەی ڕۆژنامەی ناوبراو، سەرچاوە دبلۆماسییەكان جەخت لەوە دەكەنەوە، سەرباری ڕەزامەندی پەرلەمانی سویسری لەسەر ڕێككەوتننامەكە لەحوزەیرانی ڕابردوو، حكومەت بڕیاریدا ڕاستاندنی (تەسدیق) ڕێككەوتننامەكە دوابخات، دواتریش هەڵیپەسێرێت، ئەمەش بە هۆی ئەو پێشێلكارییا‌كانەی لە توركیا دەرهەق بە مافەكانی مرۆڤ و بنەما دیموكراسییەكان ئەنجام دەدرێن".

سەرچاوەكان باس لەوەش دەكەن، كە هەفتەی ڕابردوو، حكومەتی سویسرا ئەو بڕیارەی بە پەرلەمانی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە، باشتركردنی دۆخی سیاسی توركیاشی كردۆتە پێشمەرج، بۆ كاركردن بە ڕێككەوتننامەكە.

هەر‌ لەو جوغزەشدا، تیانا موسەری سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی سویسرا بە رۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، لیژنەكە ئەو بڕیارەیان پێ ڕاگەیاندووین و ئێمەش پەسەندمان كردووە، بگرە لەوەش‌ زیاترمان گەرەكە و داواشمان لە حكومەت كردووە بەشداری بە پەرلەمان بكات لە هەڵسەنگاندنی دۆخەكە و هاویشتنی هەنگاوی دووەم؛  چ كاراكردنەوەی ڕێككەوتننامەكە یان كۆتاییپێهێنانی.

هەروەها فابیان مۆلینای پەرلەمانتاری پارتی سوسیالیستەكان، كە سەركردایەتی هەڵمەتێكی بۆ بەیەكجاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتننامەكە دەستپێكردووەو رایگەیاندووە، كە هەڵپەساردنی ڕێككەوتننامەكە و وەستاندنی ڕێوشوێنەكانی ڕاستاندنی هەنگاوێكی سەرەتایی پەسەندە.

مۆلینا راشیگەیاند، لە چوراچێوەی پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ لە توركیا، جێگەی قبوڵكردن نییە بەڵگەنامەكانی ڕاستاندنی ڕێككەوتننامەكە لەگەڵ ئەنقەرە ئاڵوگۆڕ بكرێن.

ئەمەش یەكەمجار نییە كە سویسرا بە هۆی شلۆقی دۆخی سیاسییەوە ڕێككەوتننامەكان یان جوغزی هاوكارییەكان لەگەڵ توركیادا هەڵدەپەسێرێت، چونكە لە پایزی ڕابردووش پرۆگرامی ئاڵوگۆڕكردنی زاینارییەكانی لەگەڵ ئەنقەرە هەڵپەسارد.

لە هاوینی 2018، توركیا و دەوڵەتانی ڕایەڵەی بازرگان ئازادی ئەوروپی (ئەفتا)، ڕێككەوتننامەیەكی تازەی بازرگانی ئازادیان واژۆ كرد.

ڕایەڵەی بازرگان ئازادی ئەوروپی (ئافتا)، لە هەریەك لە دەوڵەتانی كۆماری ئایسلەندا و میرنشینی لیخنتنشتاین و نەرویج و سویسرا پێكدێت.

هەر بە گوێرەی ڕۆژنامەی "نویە زوریشەر تسایتونغ" ی سویسری، سویسرا یەكلایەنە بڕیاری هەڵپەساردنی ڕێككەوتننامەكەی دەركردووە، هەڵوێستی دەوڵەتە ئەندامەكانی دیكەی ئەفتا هێشتا ڕوون و ئاشكرا نییە.


سەرچاوە: ئەلعەین ئەلئیخبارییە 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر