ئەمریكییەكان لەعێراق بەدوای جێگرەوەی خۆیاندا دەگەڕێن

ڕاپۆرت

17/02/2020‌ 1788 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی ئەگەری ئەوەی هێزەكانی ناتۆ لە عێراق شوێنی ئەمریكییەكان بگرنەوە، لە كاتێكدا داوای كردنە دەرەوەی ئێرانیەكانیش دەكرێت لە عێراق.

بەپێی راپۆرتەكە، لەبرۆكسیل كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ گرێ دەدرێت، كە یەكێك لە بابەتە گرنگەكانی خشتە كارەكانیان ناردنی هێزی ئەو رێكخراوەیە بۆ عێراق، كە دەتوانێت بە شێوەیەك شوێنی هێزە ئەمریكییەكان بگرێتەوەو بەگوێرەی هەندێك لە راپۆرتەكان دەستیان بەجێهێشتنی ئەو وڵاتە كردووە.

نوێنەری فەرماندەی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی عێراق تەحسین خەفاجی دەڵێت: زانیارییەكان دەربارەی دەستپێكردنی كشانەوەی هێزە ئەمریكیەكان راست نییە. 

بەگوێرەی قسەی ناوبراو، هیچ كاتێك لە عێراقدا 15 بنكەی سەربازی لە عێراقدا نەبووە (وەك ئەوەی میدیاكان باسی لێوە دەكەن). هەروەك وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا كولونیل ئیرل براون راپۆرتەكان دەبارەی كشانەوەی هێزەكانیان رەتدەكاتەوەو بە درۆ وەسف دەكات.

راپۆرتە دژ یەكەكان دەربارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بە شێوەیەكی راستەوخۆ بە هەڵوێستی نا روونی ترامپ سەبارەت بەم بابەتە بەستراوەتەوە، لەلایەكەوە، پەیمانیداوە بەكشانەوەی بەشێك لە هێزەكان بەلای كەمەوە لەناوچە گەرمەكانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست، ئەمەش دەنگی زیاتری لەهەڵبژاردنەكاندا بۆ مسۆگەر دەكات لە ئایندەدا.

لەلایەكی ترەوە، واشنتۆن وای دەبینێت نابێت پەلە بكرێت لە جێهێشتنی عێراق بەبێ بەرانبەر، جێهێشتن لێرەدا بە مانای پچڕانی پردێكی گونجاو دێت بۆ دەمكوتكردنی ئێران. دیارە ئەوەش رێكەوت نیە كە لە قسەكانیدا دەربارەی دانوستاندن بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا پێویستی بە گرتنەوەی سەرجەم رەهەندەكان هەیە لە پەیوەندی نێوان ئەمریكا و عێراق، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ سەرەتای مامەڵەیەكی گەورە.

دیارە، تا ئێستاش بۆچوونە دژیەكەكان لە نێوان بەغداو واشنتۆن دوورە لە سنوری رووگیربوون‌و زۆربەی عێراقییەكان وای دەبینن لەنێویاندا سەرۆك وەزیرانی پێشووتر ئەیاد عەلاوی، كە پێویستە ئێرانییەكانیش وەك ئەمریكییەكان وڵات جێبهێڵن و لە دەستێوەرانی ناوخۆی عێراق بوەستن. 

لە ژێر سایەی ئەم دۆخەشدا، دەكرێت هێزەكانی ناتۆ بە شێوەیەكی كرداری هەبونی خۆی لە عێراقدا بەهێز بكات.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا