ئەردۆغان لەكودەتایەكی نوێ دەترسێت.. شڵەژانی نێو بازنەكانی سوپای توركیا

ڕاپۆرت

25/02/2020‌ 2736 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانە، گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی دروست بوونی دوو بەرە لە نێو دەستەبژێری توركیا سەبارەت بە پرۆسەكانی ئەنقەرە لە سوریا و پێشبینیكردنی كودەتایەكی نوێ بەسەر دەسەڵاتی ئەردۆغاندا.

بەپێی راپۆرتەكە، ئەو زانیاریانەی لە راپۆرتێكی دامەزراوەی ڕەند بۆ شرۆڤە كردن بەناونیشانی (میتۆدی نەتەوەیی توركیا) دەرچووە، ئەگەری روودانی كودەتایەكی نوێ لە توركیا هەیە و بووەتە مایەی دڵەڕاوكێی ئەنقەرە، ئەمەش لەلایەن سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی نێو ناوەندەكانی حكومەتەوە دووپاتكراوەتەوە.

لێكۆڵینەوەكەی ڕاند، كە بریتیە لە سێ سەد لاپەڕە، باس لە شڵەژانی نێو بازنەكانی سوپای توركیا دەكات.

لەو بارەیەوە، سەرچاوەیەكی توركی دەڵێت: هەمووان تاوتوێی ئەم بابەتە دەكەن، لەبەر ئەوەی بڕوایان وایە ئەو راپۆرتانەی دامەزراوەی ڕاند ئامادەی دەكات یان رەنگدانەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكایە، یاخود دەتوانێت گۆڕانكاری تێدا بكات. 

سەرچاوەكە وتیشی: لەگەڵ ئەوەدا، هەندێك بڵاوكراوەكەی ڕەند بەهەند وەرناگرن، بەگوێرەی سەرچاوەكە، سوپای توركیا بنیادێكی زۆر داخراو تری هەیە لەوەی مەزاجی ئێستا گەمەی پێوە بكات.

لە وەڵامدانەوەی پرسیارێكی رۆژنامەی (حوریەت) ی توركیاشدا دەربارەی ئەو دەرەنجامانەی شارەزا ئەمریكییەكان پێی گەیشتون، وەزیری ناوخۆی توركیا سلێمان سویلۆ رەتیكردووەتەوە، كە رێكخراوێك یان كەسێك لە توركیا هەبێت بتوانێت كودەتا ئەنجام بدات، باسی لەوەش كردووە حكومەت ئامادەكاری بۆ ئەم سیناریۆیە كردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، رۆژنامەنوس لە رۆژنامەی سەباحی توركی (حەسەن بەسری یەلتشین) نوسیویەتی : پێویستە راپۆرتەكەی دامەزراوەی ڕەند بە هەند وەربگیرێت، چونكە شرۆڤەكانی پێشكەش بە ئاژانسە حكومییەكان دەكات لە ئەمریكا. 

لەو بارەیەوە دەڵێت: ناكرێت تەماشای ئەم بابەتە بكرێت وەك پیلانگێڕی، ئەگەر وای نابینن هەموو ئەمانە بە هەماهەنگی لە ناوەندێكەوە رێكدەخرێت، ئەوا هیچی زیاترم پێ نییە، سەریشتان سوڕ نەمێنێ لە هەوڵی كودەتایەكی تر.

نووسەرێكی تر لە رۆژنامەی (یەنی شەفەق) یوسف قەبلان وای دەبینێ : كودەتاكەی تر پشتیوانانی بانگخواز فەتحوڵا گویلەن ئەنجامی نادەن، بەڵكو كەمالیەكان و كۆمەڵە عەلمانیەكانی ترن لە نێو هێزە چەكدارەكانی توركیادا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا