دابەشبوونی بنكە سەربازییەكانی روسیا لەدەرەوەی وڵات

ڕاپۆرت

27/02/2020‌ 1884 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (فوینیە ئۆبزرینیە) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەبارەی پێویستی روسیا بە بنكە سەربازیەكان لە ناوچە جیاوازەكانی جیهان بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەمریكا، پرسیاریش دەربارەی توانای بەڕێوەبردنی دەكات.

بەپێی راپۆرتە، پێوێستی بەبنكە سەربازییەكان لە دەرەوە بەمانای نیازی دوژمنكارانە نایەت دژی ولاتانی تر، بەڵكو پێویستە بۆ بەهێزكردنی توانا بەرگریەكانی وڵات و پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندی جیۆسیاسی و ئابوورییەكان بەو شێوەیەی ئەمریكا، كە چەندین بنكە سەربازی لە جیهاندا هەیە.

دەربارەی روسیا، پێش هەرەسهێنانی یەكێتی سۆڤییەت، بنكەی سەربازی زۆری لەجیهاندا هەبوو، ئێستاش لەئەبخاریا و ئەرمینیا و بیلاروسیا و كازاخستان و  قیرغیزستان و ترانسنیرستریا و سوریا و تاجیكستان و ئوسیتیای باشور بونیان هەیە، تەنیا دەوڵەتیش لە دەرەوەی سنوری سۆڤێتی جاران بنكەی روسیای تێدا بێت بریتیە لە سوریا.

دیارە ئەو تەنیا بنكەیەی روسیا لە سوریا بەس نییە، بەتایبەتی ئەگەر بەراورد بكرێت بە ئەمریكا و دۆخی سیاسی ئاڵۆزی جیهان لەبەرچاو بگیرێت، لەبەر ئەوە، لەم ساڵانەی دواییدا قسەكردن بەشێوەیەكی بەرچاو لەسەر ئەگەری دروستكردنی بنكەی سەربازی روسیایە لە وڵاتانی تری دەرەوەی سنوری روسیا. 

لەنێو بژاردەكاندا میسر و لیبیا و سودان و سوماڵ و كۆماری ئەفریقای ناوەڕاست و مۆزەبیق هەن، سەرەڕای ئەمەش، بەدوور نازانرێت دووبارە بنكە سەربازییەكان بگەرێنرێنەوە بۆ ڤێتنام و كوبا، بەڵام هەموو ئەمانە تا ئێستا هەر قسەن.

لە هەموو دۆخێكدا، روون و ئاشكرایە، كە بڵاوەپێكردنی بنكەی سەربازی نوێ لەدەرەوە تەنیا پرسی پێگەی نیشتمانی نییە، بەڵكو هۆكارێكە بۆ زەمانەتی ئاسایشی نەتەوەیی. 

هەروەها بەبێ هەبوونی بنكەی سەربازی لە زەریاكانی  ئەتڵەسی و هیندی و هێمن، ناتوانرێ رووبەڕووی ئەمریكا ببێتەوە بە شێوەیەكی تەواوەتی، جگە لەمەش، بنكە سەربازییەكانی روسیا ئامرازێكی ترە بۆ جەنگان دژی تیرۆری نێو دەوڵەتی و چەتەگەری، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، روسیا لە ئێستادا دەتوانێ خەرجی بنكە سەربازییەكانی لە دەرەوەی وڵات دابین بكات، لە كوباوە تاكو ڤێتنام؟ 

هەروەها ئەو پرسیارەش گرنگە، كە ئایا ژمارەی تەواو لە كەشتی و درامەتی تەكنیكی سەربازی هەیە بۆ پركردنەوەی پێداویستی ئەم بنكانە؟ 

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا