ئۆغڵۆ یان باباجان.. كامیان مەترسیدارترن بۆ سەر ئەردۆغان؟

ڕاپۆرت

18/03/2020‌ 2581 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەردوو حیزبە تازە دروستبووەكەی توركیا، كە لە پارتی دادوگەشەپێدان جیابوونەوە، پرسیارگەلێكی زۆریان، سەبارەت بەتوانستیان لە ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەسەر ئەرزی واقع ورژاندووە، كە دەكرێت كاریگەری سەرەكییان هەبێت لەسەر بنكە جەماوەرییەكەی‌ پارتی فەرمانڕەوا، كە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات.

ئۆغڵۆ و باباجان، هەردووكیان لە ئەندامە دامەزرێنەرەكانی پارتەكەی ئەردۆغانن، كە ئێستا بوونە دوو كێبڕكێكاری سەرسەختی حیزبەكەی پێشوویان، ئەمەش‌ دوای ئەوەی ئەردۆغان لاتەریكی كردن، داود ئۆغڵۆ سەرۆك وەزیری پێشووی توركیا بوو، باباجانش لە ساڵی (2002-2007) وەزیری ئابووری بوو، دواتریش بووە وەزیری دەرەوە.

داود ئۆغلۆ، لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا، پارتەكەی دامەزراند و ناوی (ئایندە)ی لێنا، باباجانیش هەفتەی ڕابردوو پارتەكەی ڕاگەیاند، ناوی (دیموكراسی و پێشكەوتن)ی لێنا، كە بە توركی كورتكراوەكەی‌ ((Deva و واتای (چاكبوونەوه)‌ دەگەیەنێت. 

داود ئۆغڵۆ و باباجانیش، پێش دامەزراندنی حیزبەكانیان بە چەند مانگێك، دەستیان لەئەندامی پارتی دادوگەشەپێدان كێشایەوە.

هاوكێشە دەگۆڕن
عادل جوری بەرێوەبەری گشتی دامەزراوەی A&G توركی بۆ توێژینەوەكان، كە بارەگاكەی لە ئەستەمبوڵە دەڵێت: ئەو دوو حیزبە دەتوانن، لە ماوەی هەڵبژاردنەكانی ئایندەدا، هاوكێشەی سیاسی لە توركیادا بگۆڕن.

عادل جور دەشڵێت: ئەگەر هەردوو پارتە سیاسییە تازەكە،‌ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن هاوپەیمانی پێكبێنن، شیمانەیەكی (ئیحتمال) گەورە هەیە، كە ئەردۆغان و پارتەكەی، هەڵبژاردنەكانی ئایندەی توركیا بدۆڕێنن.

لێكۆڵینەوەیەكی مەیدانی دامەزراوەكەی (عادل جور)، ئەوەی ئاشكرا كردووە،‌ كە باباجان و داودئۆغڵۆ، 3-4%ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی ئایندەی توركیا بەدەست دێنن.

جور هەروەها دەڵێت: ئەو ڕێژەیە دەتوانێت هاوسەنگییەكەی ئێستای نێوان پارتی فەرمانڕەوا و ئۆپۆزسیۆن بگۆڕێت.

جور باسی لەوەش كرد، كە لێكۆڵینەوەكە‌ ئەوەشی دەرخستووە، كە داودئۆغڵۆ 1% و باباجانیش 3%ی دەنگەكان بەدەست دێنن، بۆیە ئۆغڵۆ مەترسی بۆ سەر ئەردۆغان دروست ناكات، بەڵام باباجان دەتوانی دەنگی زیاتر بەدەست بێنێت، ئەمەش بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییە نالەبارەی لەتوركیادا دەگوزەرێت و‌ ئاماژەشە بۆ داڕمانی دوو ساڵەی لیرەی توركی.

نەیارانی ئەردۆغان، بەوە تۆمەتباری دەكەن، كە لەم ساڵانەی دوایدا،‌ بووەتە هۆی تێكچوونی دۆخی ئابووری وڵات، هەردوو پارتە تازەكەش لە هەڵبژاردنەكانی ئایندەدا، سوود لەم خاڵە وەردەگرن.

هەردوو سەرۆك حیزبە تازەكە، شێوازی ئەردۆغان و پارتەكەی لەبەرێوەبردنی وڵات ڕەتدەكەنەوە،‌ كە لە پەرلەمانییەوە گۆڕاوە بۆ سەرۆكایەتی، هەردووكیشیان كۆشش دەكەن سیستەمە سیاسییەكە وەك خۆی لێبكەنەوە.

وەستاندنی قۆزتنەوەی ئاین لە سیاسەتدا
باباجان لەوتارێكیدا لە 11 ی مارسی ئەمساڵ، لە دەستپێكی ڕاگەیاندنی پارتەكەیدا وتی: بەڵێن دەدەین دیموكراسی، ئازادییەكان یاسا و دەستەبەری سەربەخۆیی دادوەری لە توركیا بگێڕینەوە دۆخی جارانی، بەشداری گەنجان و ژنانیش لە وڵاتدا بەر‌فراوانتر بكەین.

باباجان بەڵێنی ئەوەشیدا، قۆزتنەوەی ئاین لە سیاسەتدا بوەستێنێت و دژ بە گەندەڵی بجەنگێت، كە ئابووری وڵاتیان پەكخستووە.

باباجان كە پشتیوانی عەبدولا گویلی سەرۆكی پێشووی وڵاتی هەیە، توانی 4 وەزیری پێشووی پارتەكەی ئەردۆغان و چەند پەرلەمانتارێكی دیكە، ڕاكێشێتە ناو پارتەكەی خۆیەوە، ژمارەی ئەندامە دامەزرێنەرەكانی حیزبەكەی كە 90 كەسن، 27 یان ژن و 22 یان كوردن.

ڕۆژنامەنووسێكی كورد، كە پەیامنێری میدیایەكی بیانییە لە ئەنقەرە، سەبارەت بە بەشداری كوردەكان لە پارتەكەی باباجان وتی: هێشتا ناتوانین هەڵوێستی خۆمان لە بارەی پارتەكەی باباجانەوە دیاری بكەین، دەبێت چاوەڕێبین، بەڵام پێم وایە لە پارتەكەی ئەردۆغان باشتر دەبێت.

لە كۆتایی مانگی فبرایەری ڕابردوودا، باباجان پەیامێكی ئاراستەی سەركردەكانی پارتی گەلی دیموكراسی كوردی كرد، لەو كاتەی پارتەكە خەریكی گرێدانی كۆنگرە ئاساییەكەی خۆیان بوون، دەستخۆشی لێكردن، سەبارەت بەو بڕیارانەی لە كۆنگرەكەیان دەكەوێتەوە.

لەو ساوە، شارەزایان پێیان وایە،‌ ئەو پەیامەی باباجان، لەوانەیە پێنوێنێك بێت بۆ هاوپەیمانییەكی‌ ئایندەی نێوان هەردوو پارتەكەیان.

سەرچاوە: عەرەبییە
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر