ئەمریكا بەخێرایی كەرتی پیشەسازی بۆ تەندروستی دەخاتە گەڕ

لە میدیاکانەوە

21/03/2020‌ 704 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور
نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا داوای لە دۆناڵد ترامپ كردووە دەسەڵاتی جەنگی لەناكاو بەكاربهێنێت ئەویش ئاماژەدان بەوەی رۆژێك دوای فشارەكان بۆ سەر ترامپ، كە كەرتی پیشەسازی ئەمریكی بەخێرایی بخاتەگەڕ بۆ خێراكردنی كەلوپەل و پێداویستییە پزیشكییەكان بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

رۆژنامەی هێڵ پەیوەندییەكەی پیلۆسی بڵاوكردووەتەوە، كە وتویەتی: لە ئێستادا ئەو ئامێر و كەلوپەلانەی هەن هی بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە نین و نەخۆشخانەكان وەك پێویست ئامێری تێدا نییە، هەرچەندە تا ئێستا كارمەندانی تەندروستی سەلامەتن، بەڵام كارمەندان و پزیشكانی هێڵی پێشەوەی كاركردنی دژی نەخۆشییەكە لە ترسدان و ئەستەنگە و ترس هەیە رووبەرووی مەترسی ببنەوە.

هەر دوای بەدوای ئەو پەیوەندییە، دۆناڵد ترامپ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا یاسای بەرهەمهێنانی بەرگری ساڵی 1950ی خستەگەڕ، كە لە هەنگاوی دەگمەندا سەرۆك ئەم یاسایە دەخاتەگەڕ. 

یاساكە رێگە بە حكومەت دەدات بەرهەمهێنانی كەرتی پیشەسازی پزیشكی تایبەت دەستكراوە بكات لەژێر ناوی ئاسایشی نەتەوەیی.

لەم دۆخەدا ئامانج بەگەڕخستنی كارگەكانی پێداویستی پزیشكییە، كە بەرپرسانی سیاسی و تەندروستی دەیانەوێت كۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەی پێ بكەن. 

ترامپ لە كۆنگرەكەدا لە كۆشكی سپی-ەوە وتی: بەوپێیەی تا رادەیەك سەرۆكێكم لە زەمەنی جەنگدا، بەو مانایەی دەبێت بجەنگین، بۆیە ڤایرۆسەكە خێرا بڵاودەبێتەوە ئێمەش دەبێت خێرا بكەوێنە خۆمان.

هەفتەی پێشووش 57 ئەندامی نوێنەرانی سەر بەدیموكراتەكان داوایان لە ترامپ كردبوو، كە یاسای بەرهەمهێنانی بەرگری بەكاربهێنێت.

ئێستا دۆناڵد ترامپ و بەرپرسانی كەپتەل هێڵ لە گفتوگۆی چڕدان، كە گوژمێكی ئابووری بەهێز بۆ قۆناغی سێیەمی فریاگوزاری خەڵكی ئەمریكا بخەنەگەڕ ئەویش بە هاوكاری ماددی بەپەلە بۆ كرێكار و خێزانەكانی ئەمریكا و كۆمپانیاكان كە تووشی زیان دەبن.

هەروەها سەرلەبەیانی 19ی ئادار، ستیڤن مینوتشین وەزیری خەزێنەی ئەمریكی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی تەلەفزیۆنی فۆكس بزنس دوپاتیكردەوە، كە هەر كەسێكی ئەمریكی، كە تەمەنی لە 18 ساڵ گەورەتر بێت 1000 دۆلاری بۆ سەرفدەكرێت و هەر كەسێكیش تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر بێت 500 دۆلاری بۆ سەرفدەكرێت وەك گوژمی یەكەمی هاوكارییەكانی ئیدارەی ترامپ بۆ ئەوەی خەڵكی لەم كاتەدا پارەیان لەگیرفاندا بێت بۆ خەرجكردن.

بەهۆی نەخۆشی كۆرۆنا ڤایرۆس (COVID-19) ، كە سەرتاسەری جیهانی گرتووەتەوە و ئەمریكاش یەكێكە لەو وڵاتانەی نەخۆشییەكەی تێدابڵاوبووەتەوە، رەخنە لە ئیدارەی ترامپ دەگیرێت، كە وەك پێویست بە هەنگاوی قەیرانەكەوە نەچووە، تا رۆژی 20 ی ئادار لە ئەمریكا 14 هەزار 365 كەس تووشبوون و 217 كەسیش مردوون.