لەكۆشكی سپی تاوتوێی وەشاندنی گورزێكی سەربازی لەئێران دەكرێت

ڕاپۆرت

24/03/2020‌ 3755 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لە ڕاپۆرتێكیدا ئاشكرایكرد، كە 5 شەممەی ڕابردوو، مشتومڕێكی گەرم لە نێوان سەرۆكی ئەمریكا و گەورە ڕاوێژكارانیدا ڕوویداوە،‌ سەبارەت بەوەی پێویستە ئەمریكا دۆخی سەربازی دژ بەئێران بەرەو هەڵكشان بەرێت، كە لە ئێستادا بەدەست كۆرۆناوە دەناڵێنێت.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە و ڕۆبەرت سی ئۆبڕاینی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، داوایان كردووە لەبەرانبەر هێرشە موشەكییەكەی ئێراندا، گورزێكی كوشندە لەتاران بوەشێنرێت، لەوانەیە ئەم گورزەش تاران بەرەو سەرمێزی دانوستانێیك ڕاستەوخۆ پەلكێش بكات.

بەڵام مارك ئیسبێری وەزیری بەرگری و جەنەڕاڵ ماڕك میلی سوپاسالاری هاوبەش پاشەكشەیان لەو بیرۆكەیە كردووە، ئەوان دەڵێن: دەزگای هەواڵگری ئەمریكا بەڵگەی ئەوەیان نییە دوا هێرشەكانی میلیشیا شیعەكان بە فرمانی ئێران بووە، دەشڵێن: هێرشێكی لەم جۆرە، لەوانەیە ئەمریكا بگلێنێتە جەنگێكی فراوانەوە و بە تەواویش پەیوەندییەكانی بە عێراقەوە بپچڕێت.

لە ئێستادا ئاراستەی سەربازی دژ بە تاران لە ئارادایە، دۆناڵد ترامپ فرمانی كرد 5 هێرشی ئاسمانی بكرێتەسەر كۆگای چەك و جبەخانەكانی میلیشیا شیعەكانی عێراق.

بەپێی ڕۆژنامەكە كۆبوونەوەكەی كۆشكی سپی، گوزارە لەسیاسەتێكی یەكتربڕی واشنتۆن دەكات دژ بە بریكارەكانی ئێران لە عێراق، 3 مانگ لەمەوپێشیش ئەمریكا بە لێدانێكی ئاسمانی، قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی لەعێراق كوشت، كە پلانی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی هەبوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەرپرسە ئەمریكییەكان دەڵێن: سەرباری نەبوونی كۆدەنگییەكی تەواو، بەڵام لە نێوان سەرۆكی ئەمریكا و گەورە بەرپرسانی كۆشكی سپیدا، ئارەزوویەك هەیە‌ بۆ وەشاندنی گورزێكی سەربازی لە ئێران، چونكە لە ئێستادا تاران سەرگەرمی بەرگرتنە بەتەشەنەكردنی‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیدا.

گفتوگۆكانی كۆشكی سپی لەو بارەوە،‌ لە بەردەم سەرۆكی ئەمریكاو وەزیری دەرەوەدا  بەرێوەچوون، هەندێك پێیان وابووە لێدانێكی سەربازی لەو جۆرە، دۆخەكە بەرەو توندوتیژی زیاتر دەبات، پۆمپیۆ و ڕتشارد غرینیلی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمریكا پێیان وایە لێدانێكی ڕاستەوخۆی دەریایی (لە كەشتییە دەریاییەكانی ئێرانی)، ئێران شپرزە دەكات و ناچاری دەكات مل بدات بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ.

یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی هەڵمەتی (ئەوپەڕێ فشار) واشنتۆن دژ بە تاران بە سەپاندنی سزای ئابووری بۆ ئیفلیجكردنی ئابووری ئێران، ئەوەیە تاران ناچار بەدانوستان بكات سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی، زۆرێكیش لە گەورە بەرپرسانی ئەمریكا و شارەزا هەرێمییەكان، پێیان وانییە ئێران بەم زووانە مل بۆ دانوستان دەدات، بە تایبەتیش كە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا لە ئارادان.

هەڵوێستی ئێران لاوازە
گەورە بەرپرسانی ئەمریكا بە شێوەیەكی بەرفراوان،  پێیان وایە ئێران بە هۆی پەتای كۆرۆناوە لە دۆخێكی لاواز دایە، دەزگای (سی ئای ئەی) ئەو ڕاپۆرتە گشتییانەی پشتڕاستكردوونەوە، كە دەڵێن پەتاكە لەسەر ئاستی باڵا ئێرانی پەرت پەرت كردووە، سەركردە ئێرانییەكان زۆریان تووشی پەتاكە بوون و بێدەنگیشیان لێكردووە، ئەمەش نیشانەی بێمتمانەیی نێوانیانە.

گەورە بەرپرسانی ئەمریكا پشتیان بەو ڕاپۆرتە گشتییانە بەستووە،‌ لە وەشاندنی گورزێكی سەربازی لە ئێران، پۆمپیۆ و غرینیل مشتومڕی ئەوەیان كردووە، كە گورزە سەربازییەكانی ئەمریكا، كارە قەڵسكارییەكانی ئێرانیان دەمكوت نەكردووە، بەڵام ترامیش ئامادەیی گرتنەبەری ڕێوشوێنی ڕیشەییە لەبارەوە، هەروەك فرمانیدا سلێمانی بكوژن، كەسیش ناتوانێت پێشبینی بڕیارەكانی سەرۆكی ئەمریكا بكات، ئەمەش هەلێكە بۆ واشنتۆن تاوەكو ئێران ناچار بەوە بكات ڕەفتاری خۆی بگۆڕێت.

لە كاتێكدا بەرپرسە ئەمریكییەكان خەریكی لێكۆڵینەوەی ئەم هەنگاوەیانن، فشاریشیان خستووەتەسەر سوپای عێراق، بۆ دەمكوتكردنی میلیشیا شیعەكان، لەولاشەوە واشنتۆن موشەكی پاتیرۆتی بەرگری بۆ پاراستنی بنكە سەربازییەكانی خۆی و هاوپەیمانەكانی لە عێراق جێگیر كردووە.

سەرباری ئەوەی سەرەوەش، بەرپرسە ئەمریكییەكان، چەند ئامانجێكی دیكەی سەرباریان  دیاریكردوە، وەك لێدانی ئاسمانی بۆ سەر كۆگای چەك و تەقەمەنی میلیشیا شیعەكان، وەشاندنی گوزی ئاسمانی لە فەرماندەی میلیشیاكان، كە لەوانەیە كەشتییەكانی ئێرانیش بگرێتەوە، هەروەها باس لە كردەی نهێنی و هێرشی ئەلەكترۆنیش دەكرێت.

سەرچاوە: YES IRAQ
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر