ڕۆڵی ددان شووشتن لەرێگریكردن لەتووشبوون بە مێشك وەستان

تەندروستی

26/03/2020‌ 322 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێكۆڵینەوەیەكی نوێی پزیشكی، كە لە زانكۆی كارۆلینای باكوور كراوە هۆشداریداوە لەزۆری مەترسییەكانی تووشبوون بە سەكتەی مێشك لای ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشییەكانی پووك هاتوون، كە دەكرێت لەڕێگای شووشتنی دەم و ددانەكان بەشێوەیەكی ڕێكوپێك ئەو مەترسییە دوور بخرێتەوە.

توێژەران دەڵێن: ئەو كەسانەی بەشێوەیەكی تەندروست دەژین، بەڵام بەدەست نەخۆشییەكانی پووكەوە دەناڵێنن ئەوە دووقاتی ئەو كەسانەی پارێزگاری لە پاكراگرتنی تەندروستی پووكیان دەكەن مەترسی تووشبوون بە گیرانی خوێنبەرەكانی مێشكیان لەسەرە .

كاتێك خوێنبەرەكانی مێشك دەگیرێن یاخود تەسك دەبنەوە، ئەوە تووشی ئاستەنگی فیچقەكردنی خوێن دەبێتەوە، كە دواتر سەردەكێشی بۆ دروستبوونی سەكتەی مێشك.

بروا وایە، كە هەوكردنی پووك لەڕێگای كاریگەری دانان لەسەر رۆیشتنی خوێن بۆ مێشك و خاوكردنەوەی كاركردنی لوولەكانی خوێن توانای ئەوەی هەیە رۆڵی كاریگەری هەبێت لە دروستبوونی سەكتەی مێشك .

پرۆفیسۆر سین سەرپەرشتیاری لێكۆڵینەوەكە دەڵێت: لەبەر ئەوەی هەوكردنەكان رۆڵی سەرەكییان هەیە لە گەشەكردن و زیادبوونی توندی رەقبوونی لوولەكانی خوێن، بۆیە لێكۆڵینەوەمان لەسەر ئەوە كرد، كە ئایا تاچەند نەخۆشییەكانی پووك پەیوەندیان هەیە بە گیرانی لوولەكانی خوێن و ئەو سەكتەیەی بەهۆی رەقبوونی لووەكانی خوێنەوە دروست دەبێت.

پاككردنەوەی رۆژانەی ددانەكان ئاسانترین ڕێگایە بۆ درورخستنەوەی تووشبوون بەو هەوكردنەی دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆسییەكانی وەك سەكتەی مێشك .

نەخۆشییەكانی پووك بەهۆی بەكتریایەك، یان كەڵەكەبوونی پاشماوەی خۆراكییەوە دروست دەبێت، خوێنبەربوونی پووكیش دیارترین نیشانەكانی بوونی ئەو نەخۆشیانەیە .

ئەگەر هات و چارەسەركردنی هەوكردنەكەی پووك پشتگوێ خرا، ئەوە هەوكردنەكە بەرەو شانەكانی بەهێزكەری ئێسكی شەویلاگە دەچێت و دەبێتە هۆی كەوتنی ددانەكانیش .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی