دكتۆر تێدرۆس.. سەركردەی جیهان لەڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا

هەمەڕەنگ

30/03/2020‌ 1539 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتی چین و دواتر گواستنەوەی بۆ وڵاتانی تری جیهان، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی وەك سەرچاوەی سەرەكی زانیاری زانستی ورد لەبارەی ڤایرۆسەكە و بەرپەرچدانەوەی ژمارەیەكی زۆر لە زانیاری ناراست بەدیار كەوت.

بەهۆی هاتنەپێشی ئەو دۆخە تازەوە و بەپێچەوانەی پێشووەوە دكتۆر تێدرۆس ئەدهانۆم گیبرۆس بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی بوو بە كەسێكی ناسراو لە جیهاندا .

گیبرسۆس كێیە و چۆن جڵەوی رێكخراوی تەندروستی جیهانی گرتەدەست؟ 
تێدرۆس خەڵكی وڵاتی ئەسیوپیایە و پسپۆڕی تەندروستییە بەتایبەتی لەبواری بەرەنگاربوونەوەی مەلاریا، لەنێوان ساڵەكانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٢ پۆستی وەزیری تەندروستی لە وڵاتەكەی گرتووەتە دەست، لەو ماوەیەدا كاری لەسەر زیادكردنی خزمەتگوزارییە تەندورستییەكان لە وڵاتەكەی كردووە.

بڕوانامەی ماجستێری لە زانستەكانی بەرگری لەنەخۆشییە درمەكان لە زانكۆی لەندەن و دكتۆرای لەبواری تەندروستی كۆمەڵ لە زانكۆی نۆتنهام بەدەستهێناوە، دكتۆر تێدرۆس لەسەر ئاستی جیهان بە توێژەری پسپۆڕ لەبواری تەندروستی ناسراوە.

یەكەم ئەفریقاییە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، لەو بارەیەوە ڕێكخراوەكە لەسەر پێگەكەی خۆی وتی: دكتۆر تێدرۆس یەكەم بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوەكەیە لەكیشوەری ئەفریقادا لەلایەن كۆمەڵەی تەندروستی جیهانی لەنێوان كۆمەڵێك پاڵێوراودا هەڵبژێردراوە.

دكتۆر تێدرۆس پێش هەڵبژاردنی وەك بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی جیهانی لەنێوان ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٦ وەزیری دەرەوەی ئەسیوپیای وەرگرتووە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی پێگەی "ناشیۆناڵ ئیترێست"، لەساڵی ٢٠١٧ لەسەر شێوەی مامەڵەكردنی لەگەڵ نەخۆشی كۆلێرا لە ئەسیوپیا و سودان رەخنەی لێگیرا، پزیشك و رۆژنامەنووسان لەوكاتەدا رەخنەی ئەوەیان لێگرت، كە شكستیهێناوە لەوەی بەشێوەیەكی درووست پۆلێنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بكات تا ئەو دوو رژێمە ئەفریقییە رووگیر نەبێت.

لای خۆیەوە لۆراسن گۆستین بەڕێوەبەری پەیمانگای ئۆنێل بۆ یاسای تەندروستی نیشتیمانی و جیهانی لە زانكۆی جۆرجتاون، بەهۆی شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆلێرا لە ئەسیوپیا لەساڵەكانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ ، دژ بەوە بوو ئیدارەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بدرێتە تێدرۆس.

دوای نزیكەی سێ ساڵ هەمان تۆمەت ئاراستەی تێدرۆس كرانەوە لەبارەی وەڵامدانەوەی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی نوێ، كە لە چینەوە سەریهەڵدا. 

بەهەمان شێوە لەبارەی بەرگریكردنیان لە وەڵامدانەوەی چین لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی وهان لە نۆڤەمبەری رابردوودا ، خۆی و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی كەوتنە ژێر وردبینی و لێپرسینەوەیەكی توندەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی