بەشیر حەداد: ئەو داهاتەی بەدەست عێراق دەگات بەشی موچەی فەرمانبەرانی ناكات

عیراق

31/03/2020‌ 729 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئێستا ئەو داهاتەی بەدەست عێراق دەگات بەشی موچەی فەرمانبەرانی ناكات پێویست بەوە دەكات قەرز بكات.

قسەكانی بەشیر حەداد لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكاو دەشڵێت: لەئێستادا لیژنەكانی تەندروستی و دارایی لەكاردان لە بەدواداچوون دان بۆ ئەوەی بودجەیەك تەرخان بكرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و بڕە پارەیەك تەرخان بكرێت بۆ یارمەتی دانی ئەو كەسانەی، كە بژێوی ژیانیان لەسەر كاری ڕۆژانەیە، هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە. 

لەسەرەتای وتووێژەكەدا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق وتی: ئەم پەتایە جیهانییە، بۆیە بارودۆخی وڵاتانی خراپ كردووە، لەبەر ئەوەی چالاكی ئابووری وڵاتان وەستاوە، سەبارەت بە عێراق بارودۆخی ئابووری و ئەمنی تەواو نییە، ئەم بارودۆخە لەسەر عێراق كەمێك قورستر دەكەوێت بەتایبەتی پاش دابەزینی نرخی نەوت، ئێستا ئەو داهاتەی بەدەست عێراق دەگات بەشی موچەی فەرمانبەرانی ناكات و پێویست بەوە دەكات، كە قەرز بكات لە هەندێك دامودەزگا یان لە یەدەگی نەختینەیی خۆی.

بەشیر حەداد وتیشی: سیستەمی تەندروستی عێراق ، سیستەمێكی لاوازە، ئێستا دامودەزگاكان ژێرخانێكی ئەوتۆیان نییە، كە بەرگەی ئەم بارودۆخە بگرێت، ئێمە لەپەرلەمان لیژنەیەكی پەرلەمانیمان پێكهێناوە بۆ بەدواداچوون و چاودێری كردنی كاروبارەكانی حكومەت و كاروبارەكانی شانەی قەیرانەكان، لیژنەكانی تەندروستی و دارایی لەكاردان لە بەدواداچوون دان بۆئەوەی بودجەیەك تەرخان بكرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و بڕە پارەیەك تەرخان بكرێت بۆ یارمەتی دانی ئەو كەسانەی كە بژێوی ژیانیان لەسەر كاری ڕۆژانەیە.

جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد ئەو بڕە پارەیە ئەگەر تەرخانكرا هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە لەو ڕوەوە دەڵێت: تا ئێستا بودجەی ساڵی 2020 پەسەند نەكراوە، كە عێراق لەسەر بودجەی ساڵی 2019 دەڕوات بە میكانیزمی یەك لەسەر دوانزە بۆ وەزارەتەكان بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری خۆیان.

حەداد زیاتر ڕوونیكردەوە، داوامان كردووە بۆ ئەوانەی مووچەیان نییە یان كەمدەرامەتن، بڕە پارەیەك یان موچەیەك تەرخان بكرێت، بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەم بڕیارە بدرێت لە عێراقدا ئەوا هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، چونكە ئەركی حكومەتە یارمەتی ئەو كەسانە بدات، ئێستا بودجە پەسەند نەكراوە، حكومەتەكەش كاربەڕێكەرە، ئێمە چاوەڕێ دەكەین حكومەتێكی هەمیشەیی پێك بهێنرێت، كە یەكەم كاری حكومەت ئەوەیە بودجە بنێرێت بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت."

بەشیر حەداد لەبارەی دەستكاری كردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەڵێت: تا ئێستا بەفەرمی باس لەوە نەكراوە دەستكاری موچە بكرێت نە لە عێراق وە نە لە هەرێمی كوردستان، "ئێمە لە خەیاڵدا ناژین بارودۆخەكە مەترسیدارە، بارەكە قورسە ، ئەگەر نەوت ئاوا نرخەكەی دابەزێت و درێژە بكێشێت زۆربەی وڵاتانی بەرهەم هێنی نەوت زیان دەكەن وە لەناویاندا عێراق لەهەموویان زیاتر زیان دەكات، ئەگەر عێراق نەتوانێت موچەی فەرمانبەرانی خۆی بدات ئیتر چۆن دەتوانێت موچەی هەرێمی كوردستانش بدات؟ هیوادارم بارودۆخی كۆرۆنا و جیهان بەرەو باشتر بڕوات و نرخی نەوت بەرز ببێتەوە.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا هەرێمی كوردستان دەتوانێت بێ گەڕانەوە بۆ بەغداد دەستكاری موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكات، لەكاتێكدا موچەی فەرمانبەران لەبەغدادەوە دێت؟ بەشیر حەداد لەوەڵامدا وتی: بەڵێ هەرێمی كوردستان دەتوانێت بەبێ بەغداد ڕێوشوێنی گونجاو بگرێتەبەر بۆ بەڕێوەبردنی بارودۆخی خۆی، من هیوای ئەوە ناخوازم كە هەرێمی كوردستان دەستكاری موچە بكات، بەڵام ئێستا داهاتی هەرێمی كوردستان نزیك بۆتەوە لە سفر، داهات نیە كە داهاتیش نەبێ چۆن دەتوانرێت موچە دابین بكرێت؟ دوور نیە كە حكومەت هەر گۆڕانكاریەك یان میكانیزمێك بگرێتەبەر لەوانەشە هەرێمی كوردستان قەرز لە كۆمپانیاكانی ناوخۆ بكات.