كودەتا سەربازییەكەی ئەمریكا لە عێراق دەستیپێكردووە

مەلەفی تایبەت

31/03/2020‌ 11619 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ترس لە هەڵگەڕانەوەی‌ سەربازی یان كردەیەكی سەربازی ئەمریكی لە عێراق، ڕۆژ بە ڕۆژ لە ناوەندە شیعە فەرمانڕەواكاندا لە زیادبوون دایە، بە تایبەتیش دوای داواكارییەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كارمەندەكانی، كە باڵوێزخانەی وڵاتەكەیان لە بەغدا چۆڵ بكەن و لە چەند بنكەیەكی سەربازیش بكشێنەوە و ڕادەستی عێراقییەكان بكرێتەوە. 

هەندێك ناوەند و هێز، ئەو پرسە والێكدەدەنەوە، كە دووبارە دابەشبوونەوەی هێزەكان و خۆسازدانە بۆ كردەیەكی سەربازی، كە بۆچوون و هەڵوێستی هێز و پارتە شیعییەكان لەو بارەوە جیاوازە، هەندێكیان وایان بە پێویست زانیووە لێبڕاوانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بكرێت و حكومەتی عێراقیش لەو بارەوە داوای ڕوونكردنەوە لە ئەمریكییەكان بكات، هەندێكی دیكەشیان لە شیمانەی ڕوودانی كارێكی لەم جۆرە كەمدەكەنەوە، پێشیان وایە تەنیا و تەنیا كارتێكی فشاری سیاسییە و بەس.

كەریم علێوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، باسی لەوە كردووە وەك هەنگاوێكی پێشدەستی بۆ ئەنجامدانی هێرش و گوزوەشاندن لە پێگە سەربازییە عێراقییەكان، هێزەكانی ئەمریكا لە باڵوێزخانەكەیان لە بەغدا، شوێنپێی خۆیان قایم كردووە.

علێوی پێیوایە‌ لەبەر ئەم هۆكارەی باسكرا، هێزەكانی ئەمریكا لە چەند بنكەیەكیان لە عێراق بەرەو چەند بنكەیەكی دیكەی گەوەرەتر كشاونەوە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی هێز و توانستیان، جا بۆ ئەوەی بتوانن بیانپارێزن، هەموو هێزەكانیان لە چەند بنكەیەكی یەكگرتوو كۆكردوونەوە.

هەروەها حەسەن شاكر كەعبی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی بەدر پێیوایە: ئامانج لە بڵاوكردنەوەی دەنگۆی هەڵگەڕانەوەی سەربازی لە عێراق، سەپاندنی عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری ڕاسپێردراوە.

كەعبی باسی لەوەش كردووە، كشانەوەی ئەمریكییەكان بۆ دووبارە بڵاوەپێكردنی هێزەكانییانە، لەوانەشە ڕێخۆشكەر بێت بۆ هەنگاوی دیكە، هۆشداری ئەوەشی داوە ئامانجی ئەمریكا لەو هەنگاوەی، نانەوەی پشێوی ئەمنییە لە عێراقدا.

كەعبی ئاماژەی بەوەش‌ كردووە،‌ لە ئان و ساتی خۆپیشاندانەكانی عێراقدا، هێزی‌ گەورەی ئەمریكا هێنراونەتە ناو عێراقەوە.

جا چ ئەوەی ئەو كردە سەربازییەی ئەمریكا ڕاست بێت، یان تەنیا كارتێكی فشار بێت هەروەك سەرۆكی فراكسیۆنی بەدر رایگەیاندووە، ئەوەی ناكۆكی لەسەر نییە، ئەوەیە واشنتۆن بە نیازی ئەنجامدانی كردەیەكە دژ بە پارت و هێزە فەرمانڕەواكانی عێراق. 

عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری ڕاسپێردراویش، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكاران، ئاماژەی بۆ ئەو كرد كاتێك وتی: لەوانەیە عێراق ڕووبەڕووی سزای توند و قورس بێتەوە.

وا پێدەچێت، كە ئیدارەكەی دۆناڵد ترامپ، پرسی ڕێگەدان بە هاوردەكردنی گازی ئێرانی، بكاتە دەروازەیەك بۆ جێبەجێكردنی نیازەكانی دژ بە عێراقییەكان، ئەمەش لە ئێستادا لای عێراقییەكان شارەواوە نییە.

چەند سەرچاوەیەكی ئاگاداریش جەختیان لەوە كردۆتەوه،‌ كە درێژكردنەوە (بەدەر)ەكەی ئەمریكا بۆ عێراق سەبارەت بە سزاكانی سەر ئێران، پەیامێكی ئەمریكاشی لەگەڵدا بووە، بەوەی كردوویەتییە مەرج بەسەر عێراقەوە كە كۆتایی بە حوكمڕانی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بهێندرێت، ئەگەرنا، ئەوا عێراق ڕووبەڕووی سزا و ڕێوشوێنی توندی ئەمریكا دەبێتەوە.

هەر‌ بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، پوختەی پەیامەكەی ئەمریكا پەیوەستیشە بەگۆڕینی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی، بە پێچەوانەوەش، ئەمریكا سزای توند بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت.

سەرچاوەكان باسی ئەوەشیان كردووە، كە ڕێوشوێنە ئەمریكییەكان گواستنەوەی دۆسییەی خۆپیشاندەرانی عێراقه بۆ دادگای تاوانەكانی نێو دەوڵەتی، چەند ناوێكی بەرپرسە عێراقییەكانیش دەخرێنە لیستی ڕەشەوە و سزا بەسەر خۆیان و لایەنە چەكدارەكانیاندا بەسەردا دەسەپێندرێت.

ئەمە جگە لەوەی پشتیوانییە سەربازییەكان دەوەستێندرێن، پارە و پولەكانی عێراقیش لە بانقە ئەمریكییەكاندا سڕدەكرێن، وە دەرچواندنی بڕیارێكیش لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی، بەوەی عێراق دەوڵەتێكی دێوەزمەی لە یاسا دەرچووە‌.

لە ڕاستیدا ناوەرۆكی پەیامەكەی ئەمریكا بۆ عێراق، هەڵگەڕانەوەیەكی ڕاستەقینە و ڕیشەییە لە پەیوەندییەكانی واشنتۆن بە بەغداوە، بە ڕوونیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات‌، چ حكومەتەكەی زورفی پێكبێت یان شكست بنێت، گۆڕانكارییەك لە عێراق بەڕێوەیه. 

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی بەغداد پۆست
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر