بزووتنەوەی گۆڕان دوای سێ‌ ساڵ لەكۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا

ڕاپۆرت

19/05/2020‌ 2404 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سێ‌ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان تێدەپەڕێت، كە سێ ساڵ لەمەوبەر بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، دوای كۆچی ئەو سەركردەیە ئێستا بزووتنەوەكەی بە قورسترین كاتەكانی خۆیدا تێپەڕ دەبێت و رۆژ دوای رۆژ سەركردەو هەڵسوڕاوی زیاتر واز لەبزووتنەوەكە دەهێنن ئەوەش بەهۆی نیگەرانیان لەسیاسەت و هەڵوێست و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەكەیان.

وێستگەیەك لە ژیانی نەوشیروان مستەفا
نەوشیروان مستەفا ئەمین ساڵی 22ی كانوونی دووەمی 1944 لە گەڕەكی سەرشەقام (بەرخانەقا)ی شاری سلێمانی لە دایك بووە، ساڵی 1950 - 1956خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (ئەمیرعەبدولئیلا) تەواو كردوە، ساڵی 1956-1959 خوێندنی ناوەندی لە قوتابخانەی (وەتەن) تەواوكردوە، خوێندنی دواناوەندیشی لە ئامادەیی سلێمانی تەواو كردوە، هەر لەو ساڵانە بۆ فێربوونی زمانی فارسی و خوێندن دەچێتە (كەشتی نوحی نەجمەدینی مەلا)و فێری زمانی فارسی دەبێت.

 لەساڵی 1961 دا لە كۆلێژی ئابوری و زانستە سیاسییەكانی زانكۆی بەغدا وەردەگیرێت دو ساڵی 1965 زانكۆ تەواو دەكات، نەوشیروان مستەفا لەو كاتەدا بەردەوام خەریكی چالاكی سیاسی دەبێت و دەبێتە لێپرسراوی یەكێتی قوتابیان، بەوهۆیەوە بۆ ماوەی چەند مانگێك لە زیندانی ئەمنی عامە زیندانی دەكرێت.

 لە ساڵی 1972 نەوشیروان مستەفا رووی لە ئەوروپا كردوە بەمەبەستی تەواوكردنی خوێندنی باڵا بۆ ئەو مەبەستە لە نەمسا و ماستەری لەیاسای نێودەوڵەتی خوێندوە، لە كۆتا ساڵی خوێندنی دكتۆرادا لەسەر داوای جەلا تاڵەبانی خوێندنی دكتۆرا جێدەهێڵێت و بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش روو دەكاتەوە چیاكانی كوردستان.

ساڵی 1967 بووەتە ئەندامی لقی سلێمانی- پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی 1969 مۆڵەتی دەركردنی گۆڤارێك بەناوی (رزگاری) لە بەغدا وەردەگرێت و خۆی دەبێتە خاوەن ئیمتیازو شازاد سائیب)یش دەبێتە سەرنوسەری گۆڤارەكە، لەوكاتەدا وەك قەڵەمێكی بەبڕشت و ئازا چەندین نووسین و وتاری لە دژی رژێمی بەعسی عێراق و تەنانەن شۆڕشی كوردیش نوسیووە.

لەدوای بەیاننامەی 11ی ئازاری ساڵی 1970  (مەحكەمەی سەورە) لەسەر چەند تۆمەتێكی هەڵبەستراو بەغیابی سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپینێت.

نەوشیروان مستەفا سكرتێری كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بووەو دواتریش یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ساڵی 1975 ناوبراو تا ساڵی 2006 جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی بووە، ساڵی 2006 وازی لە كاری حیزبی لە یەكێتی ھێناوە.

 ساڵی 2007 نەوشیروان مستەفا كۆمپانیای وشەی دامەزراندو دواتریش بریاریدا لیستێك بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2009 بەناوی لیستی گۆڕان دروست بكات و توانی ٢٥ كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت.

لەدوای رووخانی رۆژێمی بەعس و پێكهێنانی ئەنجومەنی حكوم نەوشیروان مستەفا دەبێتە ئەندامی لیژنەی نوسیینەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق، بەهەوڵ و ماندبوونی ئەو توانرا زۆریك لە ماف و داخوازییەكانی كورد لە دەستوردا جێگە بكرێتەوە.

نەوشیروان مستەفا جگە لە كاری سیاسی، ڕۆژنامەنووس و نوسەر بووە و خاوەنی چەندین كتێبە لە بواری سیاسیی و مێژوویی و ئەدەبی و ڕۆژنامەنووسی كە بوونەتە گەورەترین سەرچاوە لەسەر مێژووی هاوچەرخی كورد، كە ئەمانەن:

 (لە كەناری دانوبەوە بۆ خڕەی ناوزەنگ، پەنجەكان یەكتری دەشكێنن، خولانەوە لە بازنەدا، كورد و عەجەم، حكومەتی كوردستان: كورد لە گەمەی سوڤیەت دا، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی ڕۆم و عەجەم دا، كوردستانی عێراق: سەردەمی قەڵەم و موراجەعات، 1928ـ1931، ژیان، بەتەمەنترین ڕۆژنامەی كوردی 1926ـ 1938، ژیان، چەند لاپەڕەیەك لە مێژووی ڕۆژنامەوانی كوردی 1938ـ 1958، كارەساتی ھەكاری، كێشەی پارتی و یەكێتی، ئێمە و ئەوان، بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، "چوار بەرگ"، ئەدەب و تاریخی كوردی).

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 1981 ژیانی هاوسەریی لەگەڵ خاتوو (شوعلەی عەلی) پێكهێناوە و باوكی دو كوڕ و كچێكە بەناوەكانی نما و چیا و چرا.

لە كۆتایی ساڵی 2015 نەوشیروان مستەفا بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی چووە بەریتانیا و دوای مانەوەی حەوت مانگ، ڕۆژی 28-4-2016 گەڕایەوە شاری سلێمانی و دوای ئەوەش جارێكی دیكە بۆ چارەسەر لە 3-9-2016 چووەوە بەریتانیا و لە 13-5-2017 گەڕایەوە شاری سلێمانی و دوای شەش ڕۆژ لە گەڕانەوەی لە كاتژمێر 8:00ی بەیانی 19-5-2017 دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی نەوشیروان مستەفا ئەمین رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە ماڵەكەی خۆیدا لەگردی زەرگەتەی شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد، رۆژی دواتریش لە 20-5-2017 لەمەراسیمێكی كەم وێنەو لەناوی ئاپۆڕای ماتەمگێڕدا لەسەر وەسییەتی‌ خۆی‌ لە گردی‌ زەرگەتەی‌ سلێمانی‌ بەخاك سپێردرا.

هەڵوێستەكانی نەوشیروان مستەفا
وەك بەشێك لە هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی دەیگێڕنەوە نەوشیروان مستەفا هەر لە منداڵییەوە كەسێكی رەخنەگرو بەهەڵوێست و خاوەن عەقڵێكی گۆڕانكاری بووە كە بەردەوام رەخنەی لە ئەو دابونەریتە باوانە گرتووە كە لەو كاتەدا لەناو كۆمەڵگەدا باو بووە، هۆكارەكەشی ئەوەبووە كە هەر لە منداڵیەوە تێكەڵ بە خوێندن و خوێندنەوە بووە لە مزگەوت و لەگەڵ كەسانی رۆشنبیرو تێگەیشتووی ئەو كاتەی سلێمانی مامەڵەی كردوە، جگە لەوەش ئەو قوتابی نەجمەدینی مەلا بووە كە یەكێكە لە كەسایەتیە هەرە دیارەكانی سلێمانی.

نەوشیروان مستەفا دوای تێكەڵبوونی بە كاری سیاسی هەر لەسەرەتاوە رەخنەی لە دەسەڵاتی ئەوكاتەی حكومەتی عێراق گرتووەو كاتێكیش بەشداری جوڵانەوەی كوردی كردوە بەردەوام لەخنەی لە مامەڵەی نەشیاو سیاسەتی هەڵەی سەركردەو شۆڕش گرتووە، هەر بەوهۆیەشەوە كە ناوە ناوە دوور كەوتووەتەوە بەهۆی هەڵوێستەكانی كە بەرامبەر نا داپەروەری و مامەڵەی نەگونجاوە نیگەران بووە.

كاتێك بەشداری شۆڕشی نوێ دەكات و وەك كەسی دووەمی ناو یەكێتی سەرەڕای ئەوەی خاوەنی دەسەڵاتی رەها بووە، بەڵام بەردەوام هەڵوێستی هەبووە بەرامبەر هەر خراپی و نادادپەروەرییەك لەناو شۆڕشدا، بۆیە زۆرێك لەو سەركردانەی لەناو شۆرشدا بوون لە یادەوەرییەكانیاندا شاهیدی ئەوەی بۆ دەدەن كە كەسێكی توند بووە بەرامبەر خراپەكاری و قۆستنەوەی ناوی پیشمەرگە بۆ ئەنجامدانی كاری نەشیاو گەندەڵی، بەوهۆیەشەوە چەندین پێشمەرگەو بەرپرسی لەناو شۆرشدا بەتوندترین شێوە سزا داوە.

دوای راپەڕین و دروستكردنی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان كە نەوشیروان مستەفا نەخشی سەرەكی تێدا هەبووە هاوكات بۆیەكەمجار پێشنیازی ئۆپۆزسیۆن بوون بۆ جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی دەكات، كاتێك كە لە هەلبژاردنی 1992 دوو كورسی كەمتر لە پارتی دەهێنێت و دەڵێت" با پارتی حكومەت وەربگرێت و ئێمەش دەبینە ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەی سیستەمێكی باش بۆ كوردستانی عێراق دابرێژین".

هەروەها ئەو هەر لەوكاتانەدا جەخت لەسەر دادگەری و دیموكراسی و پێكهێنانی ئیدارەیەكی باش دەكات و جەخت لەسەر سزادانی ئەو كەسانە دەكات كە دەستیان بە راو روت و تاڵانكاری كردوە، ئەوەش لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا باس دەكات كە لەسەردانێكیدا بۆ لای ئەمینداری بزوتنەوەی ئیسلامی لەوكاتەدا تۆمار كراوە.

نەوشیروان مستەفا وەك تاكە سەركردەی ناو یەكێتی دژی شەڕی ناوخۆو ئەو دۆخەی كە لەوكاتە دروست بووە وەستاوەتەوەو نیگەرانی لە سیاسەتی حزبەكەی دەربڕیووە، بەوهۆیەشەوە لەگەرمەی شەڕی ناوخۆدا كوردستان جێدەهیڵێت، هەروەها لەدوای ئەوەش بەهۆی نیگەرانی لە دۆخی كوردستان و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتی دوو جاری تر كوردستان جێدەهێڵێت. 

هەوڵەكانی نەوشیروان مستەفا بۆ گۆڕانكاری لەناو یەكێتیداو دوورخستنەوەی بەرپرس و سەركردەو كادیری حزبەكەی كە بە گەندەڵی و خراپەكاری تۆمەتبار كراون و هەروەها نیگەرانی لە سیاسەتی یەكێتی وایكرد كە باڵی ریفرۆم پێكبهێنێت و داوای گۆڕانكاری و چاكسازی و پاكسازی لە ئیدارەدان و بەرنامەو سیاسەتی یەكێتی بكات كە بۆ ئەوەش چەندین سەركردەو بەرپرسی یەكێتی پشتیوانیان دەكرد، بەڵام شكستی هێنا لەو هەوڵە تا دواجار لە ساڵی 2006 دا بەتەواوی یەكێتی جێهێشت.

لەیادەوەرییەكانیدا نەوشیروان مستەفا دەڵێت، ئیدی كە رەخنەو پێشنیازو پرۆژەكانی پشتگوێخران و سودی نەما دەچێتە لای جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی و پێیدەلێت" ئێستا كە تۆ سەرۆكی هەرێمی دەتوانی بڕیاری كوشتنم بدەی یان لەم وڵاتە دەرم بكەی منیش بەو پەڕی خۆششحاڵیەوە قبوڵی دەكەم، بەڵام لەراستیدا من خۆم نە بڕوام بەتۆو نە بە حزبەكەشت و نە بە سەركردایەتیەكەت نەماوەو چیتر ناتوانم لەناو یەكێتیدا بمێنمەوە"

هاوڕێیەكانی نەوشیروان مستەفا چی لەناو یەكێتی و چی لەدەرەوەی یەكێتی شاهیدی ئەوەی بۆ دەدەن كە هەموو نیگەرانییەكانی نەوشیروان مستەفا لەسەر نادادپەروەری و گەندەڵی و خراپی و بەدخۆری و كاروكردەوەی نابەجێی بەشێك لەبەرپرس و سەركردەكانی یەكێتی و حكومەتی هەرێم بووەو بەردەوام بەرگری لە خەڵك و هاوڵاتیان كردوە، جەختیش دەكەنەوە هیچ كاتێك نیگەرانییەكانی لەسەر بەرژەوەندی شەخسی و تایبەتی خۆی نەبووە.

لە ساڵی 2006 دا كۆمپانیای وشەی بۆ چاپ و بڵاوكردەوە دامەزراند كە لە كەناڵی كەی ئێن ئین و رۆژنامەی رۆژنامەو سایتی سبەی پێكدەهات و وەك میدیایەكی ئەهلی و ئۆپۆزسین كاری دەكرد، بەڵام دواتر بیرۆكەی دروستكردنی لیستێكی هەڵبژاردنی بۆ دروست دەبێت و دواجار لە ساڵی 2009 بۆ یەكەمجار لەمێژووی هەرێمی كرودستان هێزێكی ئۆپۆزسیۆن دادەمەزرێنێت و لە هەڵبژاردنی 25-7-2009 بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كردو توانی 25 كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت.

نەوشیروان مستەفا تا ئەوكاتەی كۆچی دوایی كرد بەردەوام رەخنەی لە دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی و حكومەتی هەرێم دەگرت و بەردەوام نیگەرانی لەسەر چۆنیەتی و بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان دەردەبڕی، لەو ماوەیەدا چەندین دیدارو چاوپێكەوتنی هەیە كە بەردەوام پشتیوانی لە داواكاری خەڵك و چین و توێژەكانی كوردستان دەكرد، هەر ئەوەش بووكە  نازناوی (باوكی هەژاران)ی لێنرا.

نەوشیروان مستەفا لە هەموو ئەو رەخنەو گلەیی و گازندانەی لەژیانیدا هەیبوو تەنیا قسە نەبوو، بەڵام بەردەوام پڕۆژەو پێشنیازیشی بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانە دەخستەڕوو، بەڵام بەهۆی سیاسەتی پارتی و یەكێتی هەموو ئەو پێشنیاز و پڕۆژانە خرانە لاوەو كاریان لەسەر نەكرا.

رەخنەكان لە نەوشیروان مستەفا
هەرچەندە نەوشیروان مستەفا كە بە باوكی روحی گۆڕانكاری و رەخنە و ریفۆرم لە كوردستانی عێراقدا ناسراوە بەهۆی ئەو بەرگرییە سەرسەختیەی لە خەڵك و لەپێناو كوردستانێكی سەركەوتوودا دەیكرد، بەڵام كۆمەڵێك رەخنەی جدیش لەسەر سیاسەت و دەسەڵاتەكانی هەبوو كە تائێستاش باس دەكرێت.

یەكێك لە سەرەكیترین و گرنگترین ئەو رەخنانەی لە ناوبراو دەگیرێت ئەوەیە كە نەوشیروان مستەفا كەسی دووەمی یەكێتی و زۆرجاریش كەسی یەكەم بووە لەناو حزبەكەیدا دەسەڵاتێكی رەهاو ترسێنەریشی هەبووە، بەڵام هیچ كاتێك ئەو دەسەڵاتەی بۆ سزدانی  ئەو بەرپرس و كادیرانەی حزبەكەی لەناو یەكێتی و لەناو حكومەتیشدا بەكار نەهێناوە و تەنیا لەچوارچیوەی گلەیی و رەخنەدا ماونەتەوە.

یەكێكی تر لەو رەخانە ئەوەیە كە نەوشیروان مستەفا بەردەوام كەسێكی رەخنەگرو خاوەن قسەو نوسین بووە كەمتر گوێی بەكارەكانی ناوحزب داوەو زۆر نەچووەتە ناو كارو چالاكیەكانی رۆژانەی یەكێتییەوە، بۆیە ئاستی گەندەڵی و خراپی مامەڵەی هەندێك بەرپرسی حزبەكەی تەشەنەی كردوەو لەدەست دەرچووە.

هەروەها زۆرێك پێیانوایە كە ئەو بەرپرسانەی بوون بە مۆرانەو كرم بۆ جەستەی یەكێتی و نەوشیروان مستەفا بەردەوام داوای دوورخستنەوەو سزادانی دەكردن، بەڵام خۆی كە خاوەنی دەسەڵاتی رەهاو بێ سنور بوو دەیتوانی لە یەكێتی دووریان بخاتەوە یان رووبەرووی دادگایان بكاتەوە.

یەكێكی تر لەرەخنە سەرەكیەكان كە لەنەوشیروان مستەفا دەگیرێت و زیاتر ئەم رەخنەیە یەكێتیەكان هەیانە ئەوەیە كە نەوشیروان مستەفا لەسەر ریفۆرم و گۆرانكاری لەناو یەكێتی بەردەوام نەبوو یەكێتی یەكێتی جێهێشت و لایەكی ئەو حزبەی لەگەڵ خۆی برد، بەوهۆیەوە یەكێتی لاوازكردو وایكرد پارتی ببێتە دەسەڵاتی یەكەم لە كوردستاندا، هەروەها وایكرد كێشەی قوڵ لەناو یەكێتیش سەر هەڵبدات.

وای دروستكردنی گۆڕانیش یەكێك لەسەرەكیترین ئەو رەخنانەی لەنەوشیروان مستەفا دەگیرێت ئەوەیە كە بریاری بەشداریكردنی كابینەی هەشتەمی حكومەتیداو بەرەی ئۆپۆزسینی جێهێشت، هەروەها یەكێكی تریش لەو رەخنانە ئەوە بووە كە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك گۆڕانی جێهێشت و رووی لەدەرەوەی وڵات كرد، ئەوەش وایكرد كە سیاسەتی گۆڕان بەرە ئاڕاستەیەكی جیاوازتر لە سیاسەتی ئەو بڕوات.

ئەم رەخنانە هەمووی لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا لەبۆنەو كاتی جیاوازدا رووبەرووی خۆی كراونەتەوەو ئەویش وەڵامی بۆ هەموو ئەو رەخنانە هەبووە كە لەیادەوەری و چاوپێكەوتنەكانیدا باسی كردون و وەڵامی داونەتەوە.

گۆڕان دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا
دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا هەر زوو دوای سێ مانگ لەسەر چۆنیەتی شوێنگرتنەوەی و كێ شوێنی بگرێتەوەو چۆن سیاسەتی ئەو بزوتنەوەیە بەڕێوە ببرێت ناڕەزایەتی و نیگەرانی دەستی پێكرد، سەرەتا لەدانانی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە ناڕەزایەتیەكان تەقینەوە كاتێك (عومەر سەید عەلی) وەك رێكخەر هەڵبژێردرا.

هەڵبژاردنی عومەر سەید عەلی سەرەتای دەستپێكی ناڕەزایەتیەكان بوو لەناو ئەو بزوتنەوەیە، دواتر مانگی تەموزی ساڵی 2017 بزوتنەوەی گۆڕان ڕێكخەری نوێ و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی هەڵبژارد كە بەشێك لە هەڵسوڕاوانی پێیانوایە ئەو هەڵبژاردنە كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕانی بردە قۆناغێكی توندترەوە.

لێرە بەدواوە كێشە ناوخۆیی لەناو گۆڕاندا سەری هەڵداو دەست لەكاركێشانەوەو وازهێنانی یەك لەدوای یەك دەستی پێكرد كە ئەوەش راستەوخۆ كاری كردە سەر توانای گۆڕان لە ململانێ سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و ئیدی وا لێهات بەهۆی ئەو كێشانەی ناوخۆیەوە نەیتوانی بپڕژێتە سەر كێشەكانی حكومڕانی هەرێمی كوردستان.

 لە هەموو ئەو ماوەیەی كە كێشە ناوخۆییەكانی گەیشتنە لەوتكە گۆڕان بەتەواوەتی پاشەكشەی كردو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2018 رێژەی دەنگەكانی دابەزی و كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق لە 9 كورسییەوە بۆ 5 كورسی كەمی كرد، ئەوەش وایكرد گۆڕان نەتوانێت بڕیاری یەكلاكەرەوە لەبارەی ئەو پرسانەوە بدات كە لە هەرێم و لەعێراق ڕودەدەن.

گۆڕان و رێككەوتنەكانی
بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەیەك رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كردوە كە بەشێكیان پێش كۆچی نەوشیروان مستەفان و بەشێكیشیان دوای كۆچی ناوبراوە، بەڵام بەشێك لەو رێككەوتنانە جێبەجێ نەكراون، ئەوەش نیگەرانی لای هەڵسوڕاو لایەنگرو دەنگدەرانی بزوتنەوەكە دروستكردوە، هەرچەندە جێبەجێ نەكردنی ئەو رێككەوتنانە خەتای بزوتنەوەكەی تێدا نییە، بەڵام بەسەر لایەنگرانیان بەسەر حزبەكەیاندا شكاندویانەتەوە.

ئەو رێككەوتنانە كە جێبەجێ كراون یاخود جێبەجێكراون بوونەتە مۆتەكەیەك بەسەر گۆڕانەوەو كاریگەری لەسەر پێگەی جەماوەریان دروستكردوە، لەوانە رێككەوتن لەگەڵ پارتی بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نۆیەم بە كارێكی كوشندەو مەرگی بزوتنەوەكە حساب دەكرێت لەلایەن زۆرینەی هەڵسوڕاو لایەنگرو دەنگدەرانی بزوتنەوەكە، چونكە پێیانوایە دەبوو گۆڕان لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا بمێنێتەوەو نەبێتە بەشێك لەو سیستەمە خراپەی پارتی و یەكێتی دروستیان كردوە.

هەروەها جێبەجێ نەكردنی رێككەوتنی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی كە تائێستا جێبەجێ نەكراوە  هەڵسوڕاو لایەینگرانی گۆڕانی نیگەران كردوەو پێیانوایە كە دەبوو گۆران بەو رێككەوتنە بكشێتەوە، كە بەوتەی ئەوان یەكێتی بەهۆی ناكۆكی ناوخۆییان و هاوبەشیان لەگەڵ پارتی خۆی لە رێككەوتنەكە دەدزێتەوە.

بەهەمان شێوە رێككەوتنی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی بۆ دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە یەكێكی ترە لەنیگەرانییە ناوخۆییەكانی گۆڕان و كە پێیانوایە گۆڕان توانای ئەوەی نەبووە پۆستەكانی خۆی وەربگرێت.

نزیكبوونەوەی گۆڕان لە پارتی و یەكێتی وایكرد كە خەڵك زیاتر نیگەران بێت لە هەڵوێستەكانی ئەو بزوتنەوەیە لەكاتێكدا نەوشیروان مستەفا لەدوای جیابوونەوەی لە یەكێتی بەبەردەوامی خۆی دەپاراست لە نزیكبوونەوە لەو دوو لایەنە سیاسییە كە بوونەتە هۆی خراپبوونی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان.

چۆنیەتی بەڕێوەبردنی گۆڕان
دوای كۆچیی دوایی نەوشیروان مستەفا  پرسی بە بنەماڵەبوونی بزوتنەوەی گۆڕان سەری هەڵداو بەشێكی زۆر لە سەركردەو هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەكە هۆشداریان دا لەوەی كە نابێت گۆڕان بەو ئاڕاستەیە بڕوات و كوڕەكانی بڕیاردەر بن لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی گۆڕاندا، بەڵام ئەم هۆشدارییە سەری كێشا بۆ جیابوونەوەو وازهێنان لەو حزبە، بەتایبەت دوای ئەوەی كە كۆمپانیای وشەو گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی مستەفا  تاپۆكران ئیدی بەتەواوی نیگەرانییەكان تەقینەوەو  وازهێنانی یەك لەدوای یەك دەستی پێكرد. 

لەو كاتەدا ژمارەیەك لە سەركردەو هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەكە جەختیان لەوە كردەوە كە گۆڕان هەڵوەشانەوەی خۆی رابگەیەنێت باشترە لەوەی لە حوكمی بنەماڵەیی نزیك بێتەوە، پێشیان وابوو كە گۆڕان ئێستا بەرەو بنەماڵەییی چووەو جگە لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا هیچ كەسێكی تر دەسەڵاتی ئەوتۆی بەسەر بزوتنەوەكەوە نەماوە.

بەتایبەت تاپۆكردنی كۆمپانیای وشەو گردەكە لەسەر كوڕانی نەوشیروان مستەفا كە بەدەست لەكاركێشانەوەی دوو سەركردەی هەرە دیاری بزوتنەوەكە دەستی پێكرد كە ئەوانیش (قادر حاجی عەلی و عوسمان حاجی مەحمود) بوون، لەدوای ئەوانیشەوە ژمارەیەكی دیكە لە كەسە دیارەكانی بزوتنەوەك وەك(ئارام شێخ محەمەد، سەركەوتی كوبە، عەبدوڵا مەلا نوری، شێركۆ حەمە ئەمین، محەمەد تۆفیق رەحیم... هتد) دەستیان لەكار كێشایەوە.

هەڵبژاردنی دووبارە عومەر سەید عەلی وەك رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هێندەی تر نیگەرانییەكانی قوڵتر كردەوە، چونكە زۆرێك لە هەڵسوڕاو لایەنگرانی بزوتنەوەكە پێیانوابوو گەنجێك بۆ ئەو پۆستە دیاری دەكرێت.

هەرچەندە لەناوگۆڕاندا هیچ گومانێك لەسەر پاكی و شۆڕشگێڕی و توانای عومەر سەید عەلی نەبووە، بەڵام پێیانوابوو كە لەەم قۆناغەدا بزوتنەوەكە پێویستی بەسەركردەیەكی گەنج هەیە تا بزوتنەوەكە لە نەمان و لاوازبوون رزگار بكات.

دەركەوتنی هەژموونی بنەماڵەیی، یەكێكی ترە لەو بابەتانەی لە ئێستادا لە ناوخۆی گۆڕان ناڕەزایەتی لێكەوتووەتەوە، بەشێك لە هەڵسوڕاوە باڵاكانی گۆڕان دەڵێن دارایی و بەڕێوەبردنی میدیا و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی گۆڕان لەژێر دەسەڵاتی جڤاتی نیشتمانیدا نین.

دەوترێت ئێستا چیاو نەما نەوشیروان مستەفا كە بوونەتە سەرچاوەی دارایی و پارە بۆ بزوتنەوەكە هاوكات بوونەتە بڕیاردەرو سەرۆكی بێ ئەملاولای گۆڕان، هەر لەبەر ئەو هۆیەش زۆرێك لەوانەی لەو حزبە جیابوونەتەوە بە تاكە هۆكارو بیانووی جیابوونەوەیانی دەزانن لە گۆڕان، بەڵام بەردەوام لەناوخۆی گۆڕانەوە ئەوە رەتدەكرێتەوە كە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا هیچ دەست و نەخشێكیان هەبێت لە سیاسەتی و بریاردانی بزوتنەوەكە.

هەڵوێستەكانی ئێستای گۆڕان 
لەگەڵ ئەوەی رەخنەی زۆر لە سیاسەتەكانی گۆڕان هەیە لە هەمان كاتیشدا گۆڕان لەسەر ئەو هەڵوێستانەی پێداگرە كە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا پێداگیری لەسەر دەكردوەو داوای كردوە.

گرنگترین ئەو هەڵوێستانەی گۆڕان كە تا ئێستا بەردەوامە لەسەری بریتین لە(سیستەمی پەرلەمانی بۆ هەرێمی كوردستان،دژایەتی گەندەڵی، ئەنجامدانی چاكسازی، شەفافكردنی داهاتی نەوت و گازەو ئاشكرا كردنی گرێبەستەكان،نوسینەوەی دەستور، نەهێشتنی دیاریدەكانی دوو ئیدارەیی، یەكخستن و یەكگرتنی هێزی پێشمەرگەو ناوخۆی، دوورخستنەوەی دەستی حزب لەسەرجەم دەزگاو دامەزراوەكانی حكومەت).

بەڵام بەشداریكردنی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لەیەك كاتدا نیگەرانی و بێهیوایی لەناو گۆڕان و لەدەرەوەی گۆڕانیش دروستكردو هەر لەگەڵ بریاری بەشداریكردن لەو كابینەیە ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوی دیارو پەرلەمانتاری پێشوویان لەریزەكانی ئەو حزبە چوونە دەرەوە، پێیشیانوابوو بەو بڕیارە خۆری گۆڕان بەتەواوەتی ئاوا بوو.

دوای بەشداریكردنیشی لە كابینەی نۆیەم، هاوڵاتیان بەگشتی و لایەنگرانی بزوتنەوەكە نیگەرانن لە سیاسەتی گۆڕان وپێیانوایە كە بێدەنگ و بێ هەڵوێستە بەرامبەر سیاسەتەكانی پارتی و یەكێتی كاتێك كە بەهۆی ئابوری سەربەخۆوە هەرێمی كوردستانیان بەم دۆخەی ئێستا گەیاندوەو مووچە نییە بیدەنە فەرمانبەران، ئامادەش نین و نەوت و داهات رادەستی حكومەتی عێراق بكەن.

لەئێستادا زمانی سیاسی گۆڕان لەرابردوو جیاوازترەو هەڵوێستەكانی بەراورد بە سەردەمی نەوشیروان مستەفا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئەوەش گۆڕانی كردوە بە دوو بەشەوە، بەشێكیان بە هەمان سەردەمی نەوشیروان مستەفا توندو رادیكاڵن بەرامبەر خودی بزوتنەوەكەشیان و بانگەشەی ئەوە دەكەن كە هەرچی زووە گۆران لە حكومەت بكشێتەوە، بەشێكیشیان بە زمانێكی نەرم و یان بەبێ دەنگی بەرامبەر ئەم دۆخەی ئێستا ماونەتەوە.

یەكێك لە ئامڕازە گرنگەكانی گۆڕان كە رۆڵی لە جۆشدان و بەرزكردنەوەو ورەو ئیرادەی خەڵكی ناڕازی هەبوو كەناڵی "كەی ئێن ئێن " بوو، بەڵام لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت و بەشداری گۆڕان لەو كابینەكەیە كەناڵەكە راگیرا بەبیانووی نوێكردنەوەی، بەڵام زۆرێك پێیانوایە گۆڕان بە مەبەست ئەوەی كردوە تا لەو كەناڵەوە رەخنە لە حكومەت نەگیرێت كە گۆڕان بەشێكە لەو كابینەیە.

لەكاتێكدا لەناوخۆ و دەرەوەی بزوووتنەوەكەش داوادەكراو پیشنیار بۆ ئەوەدەكرا ئەگەر گۆڕان رێككەوتنیش لەگەڵ پارتی بكەن با میدیاكەیانی لەدەرەوەی ئەو رێككەوتنەوە بێت و بەردەوام بێت لە چاودێری و رەخنەكانی لەسەر دەسەڵات وەك ئەوەی نەوشیروان مستەفا دەیویست، بەڵام كەناڵەكەیان داخست و تا ئەم ساتەش نەكراوەتەوە.

ئەوەی پەیوەستیشە بە خەڵك و لایەنگر و دەنگدەرانی بزوتنەوەكەوە لەئێستادا نیگەرانیان بەرامبەر بزوتنەوەی گۆران و سەركردایەتییەكەی گەیشتووەتە لوتكە، لەدوو هەڵبژاردنی رابردووشدا ئەوە بەتەواوەتتی رەنگی دایەوە كاتێك گۆڕان لە 24 كورسییی پەرلەمانەوە بۆ 12 كورسی كەمی كردو لە 9 كورسی پەرلەمانی عێراقەوە بۆ 5 كورسی دابەزی.