کازمى دۆسیەکان دەجوڵێنێت
پارتى هەوڵ دەدات هۆشیار زێبارى لە سزاکانى مستەفا کازمى رزگار بکات

کوردستان

21/05/2020‌ 1611 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانى عێراق بەنیازە ژمارەیەک وەزیری کابینەکانى رابردوو رووبەرووى دادگا بکاتەوەو پارتى دیموکراتى کوردستانیش هەوڵ دەدات هۆشیار زێبارى لەو سزایانە رزگار بکات.

بە چەند زانیارییەک کە شارپرێس لەسەرچاوەیەکى بەرپرسى کورد لە بەغدا دەستیکەوتووە، مستەفا کازمى لەسەرجەم وەزارەتەکانداو بەتایبەت لە وەزارەتى دارایی و نەوت و بەرگرى و ناوخۆ چەند لێکۆڵینەوەیەکى لە دۆسییەکانى گەندەڵی و بەهەدەردانى سامانى وڵات دەستپێکردوە.

بەوتەى سەرچاوەکە  سەرۆک وەزیران چەند لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەی بۆ ئامادەکردنى راپۆرتێکى تێرو تەسەل لەسەر چەندین دۆسیەى گەندەڵى وەزیرو بریکارى وەزیرو بەڕێوەبەرى گشتى و تەنانەت چەند پارێزگارێکیش پێکهێناوەو چەندین دۆسیەشیان لەسەر ژمارەیەک لە وەزیرەکانى کابینەکانى رابردوو ئامادە کردوە.

هەروەها کازمى ئەو بریارانەى لەکۆبوونەوەیەکدا وتووەو ئاشکرای کردوە کە دۆسییەى ئەو وەزیرانە رەوانەى دادگاو دەستەى دەستپاکى دەکرێن و ئەگەر ساغ بووەوە بەسەریاندا سزاى توند دەدرێن.

لەبارەى وەزیرە کوردەکانیشەوە ئەو سەرچاوەیە ئەوەى خستەڕوو، ژمارەیەک بەرپرسى کوردیش لەلایەن دادگاو دەستەى دەست پاکى و لیژنەى نەزاهەى پەرلەمان دۆسییەى گەندەڵیان لەسەرە، بەڵام ئەوەى کە ئاشکراو روونە هۆشیار زێبارى وەزیرى پێشووترى دارایی عیراقە کە لەسەر چەند تۆمەتێک لە پەرلەمان متمانەى لێ سەندرایەوە.

پەیوەست بە سزادانى وەزیرەکانى پێشوو لەسەر ئەو دۆسییانە، سەرچاوە بەرپرسەکەى شارپرێس وتیشی" ئەمە پڕۆسەیەکى قورسەو رەهەندێکى سیاسى هەیە رەنگە مستەفا کازمى رووبەرووى کیشە بکاتەوە، چونکە ئەو وەزیرانە خاوەن پێگەى حزبین و کوتلەو حزبى گەورە لەپشتیانەوەیە، بۆیە سەرجەم هێزە سیاسیەکان و کوتلەکان پشتیوانى لە بەرپرس و کادیرەکانى خۆیان دەکەن لە دامەزراوەکانى دەوڵەتدا".

لەبارەى ئەگەرى جوڵاندنى ئەو دۆسیانەى لەسەر هۆشیار زێبارى وەزیرى پێشووترى دارایی عێراق کە ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستانە، سەرچاوەکە ئاشکراى کرد، پارتى چەند هەوڵێکى چڕو پڕی داوە کە زێبارى لە جوڵاندنى ئەو دۆسیانە رزگار بکات و بپارێزێت، پێیوایە لەبەر هەستیارى دۆخەکەو ئەولەویەتەکانى سەرۆک وەزیران بەدوورى دەزانێت ناوبراو لەئێستادا رووبەرووى دادگا بکرێتەوە.

لەلایەکى ترەوە حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، كاری لەپێشینەی حكومەت لە ماوەی داهاتوودا دادگاییكردنی ئەو وەزیرانەی پێشووە كە دۆسێی گەندەڵییان لەسەرە.

كەعبی ئاماژەى لەوەشکردوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزیرە گەندەڵەكان دەرەنجامی گەندەڵییەكانی خۆیان دەبینن و ڕوبەڕوی دادگا و دەستەی دەستپاكی دەكرێنەوە.
س.هـ