پێویستە یارمەتی فەرمانبەران بدەین نەك بیانكوژین

مەلەفی تایبەت

23/05/2020‌ 1395 جار خوێندراوه‌ته‌وه

نووسینی: پۆل كریگمان 
وەرگێڕانی: لوقمان غەفوور
ئەوەندەی من بزانم، زۆربەی ئەپیدیمیالیجستەكان (زانایانی پەتازانی) ئەترسن لەوەی هانی ئەمریكییەكان بدەن بۆ سەرلەنوێ كردنەوەی بازاڕ، و خۆدەربازكردن لە دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی (سوشیال دستانس) كە یارمەتیدەرە بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆرۆنا ڤایرۆس. 

ئێمە ئەزانین پێویستە كردنەوەی بازاڕ بە سەلامەتی بێت، ئەویش: بە دابەزینی ئاستی ڤایرۆسەكە، زۆرترین پشكنین، توانای هێوركردنەوە بەخێرایی و گەیشتن بە جیاكردنەوەی كەیسە نوێیەكانی كرۆنا ڤایرۆس. بەڵام تائێستا ئەمانە لەلای ئێمە بوونی نییە.

لەراستیدا، دەشێت زانایانی پەتازانی هەڵەبكەن، بەڵام لە هەموو قۆناغێكی ئەم قەیرانە ئەوان لەسەر هەقن. لەكاتێكدا پێشبینییە خێراكان لەبارەی پەتاكەوە ئەوە ئەسەلمێنن كە سیاسییەكان و بەدواداچوونەكانیان بۆ پەتاكە تەواو هەڵەیە.

دووبارە، ئەگەر شارەزایان لەسەر هەقیش بن ئەوا كردنەوەی بازاڕ و شكاندنی كۆرەنتینەی پێشوەخت دەشێت ببێتە هۆی مردنی هەزاران كەس و هەتا لەرووی ئابوورییەوە ئەنجامێكی پێچەوانەی هەبێت كە شەپۆلی دووەمی پەتاكە وامانلێدەكات بە ناچاری بگەڕێینەوە بۆ داخستنی یەكجارەكی.

كەواتە هاندان بۆ كردنەوەی بازاڕ لە كوێوە دێت؟
هەندێكی لە شێتێتی باڵی راستڕەوەكانەوە، دێت. تەنیا كەمینەیەكی كەم لە ئەمریكییەكان پێیانوایە ئازادی هەقی ئەوەی هەیە كە مەترسی رووبەڕووی خەڵكانی دیكە بكەیتەوە(كە ئەمەش لە گەرمەی پەتاكە رویدا، كاتێك گروپی گەورەی خەڵك گردبوونەوە و نارەزاییان دەربڕی)، كە دروشمیان، ئەمریكی دەمامك نابەستێت، یاخود دەمامك كاری پیاوانە نییە، یان هەرشتێكی تری وەك كۆرۆنا ڤایرۆس چاوبەستكردنێكە لیبرالەكان دروستیانكردووە، بەڵام ئەم كەمینەیە كاریگەری گەورەیان لەناوخۆی حزبی كۆمارییەكاندا، دروستكردووە. 

هەندێكی تری، لەهەوەسی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ-ەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ بازاڕی پشكەكان. بەپێی ئەوەی دەوترێت، سەرەتاكانی رەتكردنەوەی خۆئامادەكردن بۆ پەتاكە، پەرچەكردارێكی نائارام هەبوو كە دانبرێت بە هەڕەشە لەسەر "ترس لە بازاڕ". بەهەمانشێوە، هاندانی كردنەوەی بازاڕ دەشێت پەرچەكرداری بیروباوەڕێك بێت كە بۆ بازاڕ واچاكترە، بگەڕێینەوە بۆ ژیانی سروشتی، هەتا ئەگەر زۆرترین خەڵكیش بمرێت.

هەروەها، شتێك كە هەمیشە گوێم لێدەبێت ئەوەیە، كە ئێمە پێویستە لە پێناو كرێكار و فەرمانبەر و هەژاراندا، بازاڕ بكەینەوە، كە ئەوان پێویستیان بەوەیە دەست بە وەدەستهێنانی كرێی كاركردنەكانیان بكەنەوە و جارێكی دیكە خواردنی نانی سەرمێزی خێزانەكانیان دابینبكەن. جا بەڕاستی ئەمە ئەرگومێنتێكی زۆر خراپ و بێمانایە.

سەبارەت بە ئەمریكا، تا ئەوپەڕی لە توانادا هەیە پارێزگاری لە كرێكار و فەرمانبەران بكات كە لەكاركەوتوون بەهۆی داخستی بازاڕەوە، تا رووداوی ئابووی ناخۆش روونەدات. هەروەك جیرۆم پاوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی یەدەكی فیدرالی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆتیدا، وتی: "ئێمە ئەتوانین و پێویستە بەردەوام بین لەسەر سیاسەتی (پێویستە كرێكاران و فەرمانبەران لەماڵەكانیان بمێننەوە)، بەردەوامبین لەسەر دابینكردنی كرێكانیان و پارێزگاریكردن لە خێزانە چەوساوەكانی كۆمەڵگە".

تا رادەیەك هەقیقەتێكی سەرسوڕهێنەر هەیە، كە بەراستی زۆر لەوە زیاترمان بۆ كرێكار و فەرمانبەران، پێدەكرێت. یاسای چاودێری (Cares Act) كە پرۆژە یاسای فریاگوزاری رووداوەكانە و 2 تریلیۆن دۆلار لەخۆدەگرێت و لەكۆتایی مانگی مارچ دەركراوە، وایكردووە پارەیەكی زۆر بەردەست بێت بۆ هاوكاری بێكاریی و دەستكراوەیی لەو هاوكارییانە. سوودەكانی ئەم یاسا بەرفراوانە، بەشێوەیەكی بەرچاو وایكردووە ئەبێت ئەوە بكرێت كە پێویستە. 

ئەوە راستە كاتێك لە مانگی ئادار داوای هاوكاریكردنی مادیی بۆ بێكاری دەستی پێكرد، زۆر بوو، نووسینگەكانی بێكاری زۆر قەرەباڵغ بوون، بەشێوەیەك ژمارەیەكی زۆر لە ئەمریكییەكان شایستەی ئەوەبوون كە ئەو هاوكارییەیان چنگكەوێت، بەڵام بە ئاسانی دەستگیریان نەدەبوو. هەتا ئێستاش ژمارەیەك لە خێزانەكان چنگیان نەكەوتووە كە پێویست بوو بەدەستیان بگات. لەگەڵ ئەوەی لێكۆڵینەوەیەكی پەیمانگای برۆكینگس ئاماژەی بەوەدا كە لەمانگی ئەپرل-دا نوسینگەی یارمەتییە داراییەكانی بێكاری قەرەبووی نزیكەی نیوەی كرێی لەدەستچووی كارمەندان و كرێكارانی كردووە، بەبەراورد لەگەڵ ئەژمێری پێشوویان.

هەروەها تارادەیەك "تێكڕای خستنەبری" بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، لەم هەفتانەی دوایدا نوسینگەی بێكاری بەشێوەیەكی تەدریجی دەستیكرد بە تۆماركردنی ناوی ئەوانەی دواكەوتوون، بۆیە هاوكارییە ماددیەكان گەیشتە ئاستێكی بەرز بۆ ئەوانەی بێكاربوون. لەهەمانكاتدا بەڵگەی باوەڕپێكراو ئاماژە بەوەدەدات، نزیكەی مانگێكە، بازاڕی كاركردن تا رادەیەك ئارامی بەخۆیەوە دیوە.  

كەواتە ئەم قۆناغە گرەوێكی باشە، وێرای ئەوەی زۆربەمان تووشی زیان نەبووین لە هەقدەستی كارەكانمان بەهۆی كۆرەنتینە، بەڵام لەبەرامبەردا بەزیادەوە هاوكاری حكومەت كراوین. تارادەیەك ئەم چیرۆكە سەركەوتووە بڵاونەكرایەوە، زۆربەی میدیاكان فۆكسیان خستەسەر بەشەكانی تری یاسای چاودێری (Cares Act) تایبەت بە پاڵپشتی كۆمپانیا بچوكەكان. هەروەها دوای سەرەتایەكی شێواو شپرز، هاوكارییەكی باشی كرێكاران و فەرمانبەرانی ئەمریكا كراوە كە پێویستە ئەمەش بگەڕێنینەوە بۆ هەوڵی دیموكراتەكان كە سووربوون لەسەر ئەم هاوكارییانە كە بەشێكە لەو گوژمە پارەیە.

من وایدەبینم كە سەركەوتنی هاوكاریی بێكاران یارمەتیدەرە بۆ راڤەكردنێكی روخساری سەرەكی سیاسەتی كردنەوەی بازاڕ، بەتایبەتی، ئەو مەتەڵەی كە كۆتایی بەو بەربەستانە دەهێنێت كە لە ئیشكەرەكانەوە سەرچاوەی نەگرتووە. هەرچەندە لەدەستچوونی كار بەچڕوپڕی لەنێو ئەو كرێكار و فەرمانبەرانەدایە كە كرێكانیان كەمە، بەڵام راپرسییەكان ئاماژە بەوەدەدەن كە پێداگری لەسەر كردنەوەی بازاڕ تا ڕادەیەكی بەربڵاو لەنێو كۆمارییەكاندایە زۆرترە كە ئاستی بژێوییان بەرزترە.

كەواتە ئێمە هەستاوین بەتەواوكردنی كارێكی زۆر باشتر لەوەی بڕواموایە زۆربەی خەڵك دركی پێدەكەن كە پارێزگاریكردنی كرێكارە ئەمریكییەكانە لەكاتی داخستنی بازاڕدا. بەدڵنیایی، بەتەواوی سەركەوتوو نەبووین، بەتایبەتی هەفتەكانی یەكەم، زۆر ئاستەنگی هەبوو. لەگەڵ ئەوەی ناخۆشییەكان زۆر كەمتر بوون لەوەی كە پێشبینی دەكرا كە تێكڕای بێكاری بگاتە 20%. بەڵام هاوكاریی بێكاران كە ئێجگار بەكەڵكە، لە 31ی جولای كۆتایی دێت. ئەبێت ئەوەش بە ترس وەرگرین.

دوای هەموو ئەمانە، واماندانا، كە زانایانی پەتازانی لەسەر هەقن و كردنەوەی بازاڕی پێشوەخت وادەكات كە دووەم شەپۆلی نەخۆشییەكە بڵاودەبێتەوە، و لەوكاتەدا بۆ دووەمجار پێویستمان بەداخستنی بازاڕ دەبێت. بەڵام هەموو بەڵگەكان ئاماژەدەدەن بەوەی كە كۆمارییەكان بەتەواوی دژی هەموو ئەو هاوكارییە مادییانەن كە بۆ كرێكاران دابینكراوە. ئەوەی ئەوان دەیانەوێت، لەبری ئەوە، یاسایەك هەبێت كە پارێزگاری لە بەرپرسیارێتی كۆمپانیاكان بكات، ئەگەر فەرمانبەرێك نەخۆش كەوت. یان ئەیانەوێت ئەمریكییەكان ناچاربن كە بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان هەتا ئەگەر بشمرن. 

سەرچاوە: رۆژنامەی (زە نیویۆرك تایمز)

بەپەلە