بەهۆی كۆرۆناوە هەناردەی ئێران بۆ عێراق بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمیكردووە

ئابوری

28/05/2020‌ 454 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:  
حەمید حوسێنی ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی ئێرانی عێراقی ئاشكرایكرد، كە لەئێستادا بەشێوەیەكی رۆژانە دوو هەزار بارهەڵگر كاڵا و شمەك لەئێرانەوە هەناردەی عێراق دەكرێت .

حوسێنی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە پێش بڵاوبوونەوەی بایرۆسی كۆرۆنا بەهای هەناردەی ئێرانی بۆ عێراق مانگانە دەگەیشتە ٤٥٠ ملیۆن دۆلار، بەڵام لەئێستادا بۆ ٣٠٠ ملیۆن دۆلار دابەزیوە، بەو شێوەیە هەناردەی ئێران لەو دۆخەدا بەڕێژەی ٣٦٪ كەمیكردووە .

ئەو باسی لەوەش كردووە، لە دووەم مانگی ئێرانی لە ٢٠ ی ئایار كۆتایی دەێت دەروازە سنوورییەكانی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان و چوار بازاڕی سنووری بۆ گواستنەوەی كاڵا لەنێوان هەردوو وڵات كراونەتەوە، بەوپێیە دۆخی هەناردە لەمانگی رابردوو باشتر دەبێت . 


ئەندامەكەی ژووری بازرگانی ئێرانی عێراقی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆچەندین ساڵ عێراق پلەی یەكەمی گرتبوو لەهاوردەكردنی كاڵای ئێرانی، بەڵام ئێستا ئیمارات جێگای عێراقی گرتووە، بەشێوەیەك ٢١،٥٪ی تێكرای هەناردەی ئێران بۆ ئیماراتە، لەكاتێكدا چین بەڕێژەی٣١٪ی رووی یەكەمی كاڵای ئێرانییە،  هەروەك ١٥،٧٪ی كاڵای ئێرانی بۆ عێراق و ٧،٦٪ بۆ ئەفغانستان و ٤،٤٪ بۆ توركیایە .

لەهەمان كاتدا لیستی وڵاتی هەناردەكارانی سەرەكی بۆ ئێران دەریدەخات چین بەڕێژەی ٢٠،٦٪ پلەی یەكەمی گرتووە و ئیمارات ٢٠،٤٪ پلەی دووەم و توركیا بەڕێكەی ١٢،٨٪ پلەی سێیەم و هیندستان بەڕێژەی ٨،٥٪ پلەی چوارەمیان گرتووە .

ماوەی دوو ساڵ دەبێت ئێران بەهۆی گەمارۆكانی ئەمریكاوە تووشی دۆخێكی ئابووری سەخت بووە كە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا دۆخەكەی سەختتر كردووە و بەهای دراوی ئێرانی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرانبەر بە دراوە بیانییەكانی تر دابەزاندووە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی