هەشت هەزار چەكداری داعشی عێراقی و سوری لەگرتووخانەكانی "هەسەدە"دان

کوردستان

28/05/2020‌ 586 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی لە راپۆرتێكیدا ئاشكرایكرد، كە نزیكەی ١٠ هەزار دەستگیركراوی ڕێكخراوی داعش لە گرتووخانەكانی ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان و  هەڕەشە لەسەر هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە سوریا دروست دەكەن .

رۆژنامەكە لە راپۆرتێكیدا باسی لەوە كردووە، ئەو دەستگیركراوانە لە زیندانییە كاتییەكانی پارێزگای حەسەكە زیندانی كراون، هەرچەندە لەمدواییە سەركوتكراون، بەڵام بەقسەی فەرماندە سەربازییەكان بە پشكنەرانی گشتی پنتاگۆنیان وتووە لەژێر سایەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسی یاخیبوون و راكردنیان هەیە .

نیویۆرك تایمز ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، هێزەكانی سوریای دیموكرات ئیدارەی زیاتر لە ٢٠ گرتووخانە دەكات، كە چەكدارانی داعشیان تێدا زیندانی كراون، كە بەشێكیان پێشتر قوتابخانە بوون و كراون بە زیندانی، جگە لەگرووخانەیەكی پێشووتری رژێمی سوریا لە پارێزگای حەسەكە، كە لەمدواییە یاخیبوونی چەكدارانی داعشی تێدا روودا .

لەبەشێكی تری راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمزدا هاتووە، گرتووخانەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئیدارەی خۆسەر لەرۆژیاوای كوردستان ١٠ هەزار راگیراوان تێدایە، كە لەو ژمارەیە هەشت هەزاریان عێراقی و سورین و دوو هەزاریشیان هی پەنجا وڵاتی بیانییە كە حكوومەتەكانیان ئامادە نین وەریان بگرنەوە .

هەروەها جەخت لەوەش كراوەتەوە، ژمارەیەكی زۆر لەو زیندانیانە لە ئەوروپاییەكان بەتایبەتی خەڵكی بەلجیكا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، جگە لەوەی ژمارەیەكیان خەڵكی میسر و تونس و یەمەنن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی