یەكەم زەنگی هۆشداری حكومەتی هەرێم بۆ رێگری لەئەنجامدانی خۆپیشاندان

کوردستان

28/05/2020‌ 4101 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، رێگە نادەن هیچ كەسێك لەژێر هیچ ناونیشانێك سەقامگیری‌و ئاسایشی هەولێر تێكبدات‌و رێكاری یاسایی لەدژی دەگرنە بەر.

قسەكانی فرسەت سۆفی رۆژی پێنج شەممە لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هات، دوای ئەوەی بەسەرۆكایەتی شاندێكی حكومەتی خۆجێیی هەولێر سەردانی بارەگای بزووتنەوەی ئیسلامی كرد.

فرسەت سۆفی راشیگەیاند، هەولێر ناوەندێكی سیاسی، ئابووری و بازرگانی گەورەیە لە عێراق و ناوچەكەو چەندین باڵوێزخانەو كونسوڵخانەی تێدایە، بۆیە رێگە بەهیچ جۆرە ناڕەزایەتییەك نادەین.

ئەمە لەكاتێكدایە، دەنگۆ هەیە لەدژی هەنگاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بەنیازە موچەی فەرمانبەران كەمبكاتەوە، خۆپیشاندانی سەرتاسەری لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت.

چەند رۆژێكە پارێزگاری هەولێر زنجیرەیەك سەردانی بۆلای لایەنە سیاسییەكان لە هەولێر دەستپێكردووە، كە بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس ئامانجی ئەو سەردانانە ئاگاداركردنەوەی لایەنەكانە بۆ ئەوەی پشتگیری خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی نەكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەوە زەنگی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ لایەنە سیاسییەكان، بۆ ئەوەی بەشداری‌و پشتگیری هیچ جۆرە خۆپیشاندان‌و ناڕەزاییەك لەشارو شارۆچكەكانی هەرێم نەكەن.

فرسەت سۆفی هەر لەسەردانەكەی‌و لەمیانی لێدوانەكانی رایگەیاند، پێویستە ئیدارەی پارێزگا و هەموو لایەنە سیاسییەكان سەقامگیری و ئاسایشی هەولێر و هەرێمی كوردستان وەك چاوی خۆیان بپارێزن.

هـ ـ ح