دوو کوڵبەری کورد لە شاری خۆی لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژران

کوردستان

29/05/2020‌ 261 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگه‌یاند، دوو کۆلبەری کورد لە سنوورەکانی شاری "خۆی" سەر بە پارێزگای ئورمیە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژران.

بەپێی راپۆرتێكی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی  رۆژی پێنجشەممە هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەی سنووری ئەلەند لە شاری خۆی دەستەیەک لە کۆڵبەرانی ئەو ناوچەیەیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەر گیانیان لە دەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی راگەیاند: کە ناوی ئەو دوو کۆڵبەرە کوژراوە برێتین لە " موحسێن دەرویشزادە" و " ئیبراهیم جوردیزج"، ئەو دوو کۆڵبەرە خەڵکی گوندی " کەرکووش" لە قەزای سەفائییەی شاری خۆی بوون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەلگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 11 کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و تورکیا بریندار بوون.