پارتی: فشارێكی زۆر لەسەر كوردانی سنووری دەوروبەری كەركوك ھەیە

کوردستان

01/06/2020‌ 1181 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میدیای فەرمی پارتی دیموكرات بڵاویكردەوە، كە ڕەوشی كەركوك بەھۆی دەسەڵاتی بەزۆر سەپێندراوەوە تا دێت ئاڵۆزی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت و بەرپرسێكی پارتەكە دەڵێت: فشارێكی زۆر لەسەر كوردانی دەوروبەری كەركوك ھەیە و تەعریب و داعش تەنگی پێ ھەڵچنیون.

محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە كەركووك، بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی وتی: جوڵەی داعش زۆر زیادی كردووە و ڕۆژانە كردەوەی تیرۆرستی ئەنجامدەدەن، بەداخەوە ھێزە عێراقییەكانیش دەستەوەستانن لە بەرانبەر ھێرش و كردەوەكانی تیرۆریستانی داعشدا.

وتیشی: چەند ھێزێكی عێراقی ھاتوونەتە سنووری پارێزگای كەركوك، بەشێكیان لە سنووری قەزای داقووق و ئەوانی دیكەش لە دوبز و  پردێ جێگیر دەكرێن، گوایە ڕێگری لە كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش دەكەن، "ھیوادارین مەرامی دیكە لەپشت ھێنانی ھێز بۆ كەركووك نەبێت."

بەرپرسی لقی سێی پارتی ئەوەشی وت: ھاتنی عەرەبی ھاوردە بۆ كەركوك لە ڕێگەی قایمقامی ناوەندی كەركوك و پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی كەركوكەوە بەردەوامە و پیلانی تەعریب جێبەجێ دەكەن.

محەمەد خورشید باسی لەوەش كرد، كە پێشتر ئەنجوومەنی پارێزگا ھەبوو ئێستا ئەو چاودێرییەی پێشتریش نەماوە، لەبەر ئەوەش، بە بەردەوامی عەرەب ھاوردەی كەركوك دەكرێت، بەداخەوە ئێستا ئەو سنوورانەی دەبنە ھێڵی تەماسی  نێوان كورد و عەرەب فشارێكی زۆر لەسەر ھاووڵاتییانی كورد ھەیە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی دوبز و داقووق و ناوچەكانی نێوان تۆپزاوە و یایچی فشارێكی ئێكجار زۆر لەسەر كورد ھەیە و ھەتا داعش جیاوازی دەكات لە نێوان سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران و دەغڵودانی كورد زیاتر دەسووتێندرێت.

هـ ـ ح