راپرسییەكان پاشەكشەی بەرچاوی ئاستی جەماوەریی ئەردۆغان پیشان دەدەن

لە میدیاکانەوە

02/06/2020‌ 1447 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجامی راپرسییەكی نوێ دەریخستووە، كە ئاستی جەماوەری رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بۆ ٣٩٪ دابەزیوە، كە ئەمە مانای وایە لەیەكەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا شكست دەهێنێت.

بەگوێرەی پێگەی رۆژنامەی "سۆزجو" ی بەرهەڵستكار، راپرسییەكە لەلایەن كۆمپانیای "ئۆراسیا"ی توركی بۆ لێكۆڵینەوەكان، دەربارەی ئاڕاستەی جەماوەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتوو كراوە.

بەپێی راپرسییەكان ڕێژەی ٣٩-٤٠٪ ی دەنگدەران هێشتا دەڵێن: بە بەڵێ دەنگ بۆ ئەردۆغان دەدەن، لەكاتێكدا ٤٦-٤٧٪ ی دەنگدەران دەڵێن: دەنگ بە ئەردۆغان نادەن .

هەروەك بەپێی ئەنجامەكانی راپرسییەكە ئەوانەی دەڵێن دەنگ بە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆكی شارەوانی ئیستەمبوڵ دەدەن گەیشتووەتە ٤٥،٥٪ ، بەوپێیە دەرفەتی بردنەوەی ئەردۆغان لەسەرۆكی شارەوانی ئیستەمبوڵ پاشەكشەی كردووە .

كۆمپانیاكە باسی لەوەش كردووە، بەراوردەكە لەنێوان ئەردۆغان و مەنسوور یاڤاشی سەرۆكی شارەوانی ئەنقەرەی سەر بە پارتی گەلی كۆماریش دەریدەخات، كە یاڤاش ٣٩،٧٪ دەنگەكانی بەدەستهێناوە لەكاتێدا ئەردۆغان ٣٩،٩٪ ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە .

راپرسییەكە باسی لەوەش كردووە ئەگەر بێت و دەنگە ڕاڕاكانیش هەژمار بكەین ئەوانەی دەیانەوێت جارێكی تر دەنگ بە كاندیدە بەرهەڵستكارەكان بدەنەوە ئەوە چانسی یاڤاش زیاتر دەبێت .

باس لەوەشكراوە، كە بەسەرنجدان لە ئەنجامەكان دەردەكەوێت زۆرینەی توركەكان دەیانەوێت لەبەرژەوەندی ڕكابەرەكەی ئەردۆغان دەنگ بدەن بێلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو كەسە ناوی چییە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی