چەكدارێكی داعش رووبەرووی ئێسك‌و پروسكی قوربانییەكی دەستی خۆی دەكرێتەوە

لە میدیاکانەوە

17/06/2020‌ 2294 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری ئەنبار وردەكاری دانپێدانانی چەكدارێكی دەستگیركراوی داعشی ئاشكراكردووە، كە لەڕێگای پێدانی زانیارییەوە هاوكاری ڕیكخراوی تیرۆریستی داعشی كردووە و بەهۆیەوە بووەتە هۆی رفاندن و كوشتنی چەندان كەس، یەكێك لەو كەسانەش هاووڵاتییەكی مەدەنی بووە، كە لە بیابانی ئەنبار و لە قەزای روتبە لەسەر دەستی چەكدارانی داعش كوژراوە .

بەڕێوەبەرایەتییەكە رایگەیاندووە، تۆمەتباری دەستگیركراو حیسام عبسی فازیل، كە لەدایكبووی ساڵی ٢٠٠٠ و بە سیفەتی ئەمنی كاری بۆ داعش كردووە، بەهۆی زانیارییەكانی ئەوەوە هاووڵاتی قەحتان محەمەد عەباس عیساوی لەلایەن داعشەوە رفینراوە و لە بیابانی روتبە كوژراوە .

لەبەیاننامەكەدا هاتووە، كە تۆمەتبار لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵكردنیدا وردەكاری چۆنێتی ڕفاندن و بردنی بۆ بیابان و كوشتنی كەسی قوربانی باس كردووە .

باس لەوەش كراوە، كە دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر و لەسەر بنەمای زانیارییەكانی كەسی تۆمەتبار شوێنی كوشتنی قوربانییەكە دەستنیشانكراوە و دوای هەڵكۆڵینی جێگاكە توانراوە كوژراوەكە بدۆزرێتەوەو تۆمەتباری سەرەكی لە رووداوی كوشتنی ئەو كەسەدا رووبەرووی ئێسك و پرووسكەكەی بكرێتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی