باباجان بۆیەكەمجار هۆكاری راستەقینەی جیابوونەوەی لەئەردۆغان ئاشكرادەكات

لە میدیاکانەوە

18/06/2020‌ 2367 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
عەلی باباجانی سەرۆكی پارتی دیموكراتییەت و پێشكەوتنی توركی "دیڤا" بۆیەكەمجار هۆكاری ناكۆكییە قووڵەكانی خۆی لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ئاشكراكرد، دواجار بووە هۆی جیابوونەوە لێی، بەجۆرێك كەلەرەقی و پشتگوێخستنی پێشنیازە بنیاتنەرەكان و ناچاركردنی پەرلەمان بۆ رەتكردنەوەیان لەپێشی پێشەوەی ئەوە هۆكارانەوە بوون، وەك ئەوەی خۆی باسی كردووە.

وەزیری دارایی پێشووی توركیا لە وەڵامی پرسیاری میدیاكارێكی توركی، كە لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی "تالا وان"ی توركی لێی كردووە وتی: سەرەتای ناكۆكییەكانم لەگەڵ ئەردۆغان بۆ ساڵی ٢٠٠٩ دەگەڕێتەوە، كاتێك داوا لە سەرۆك كرا سیاسەتێكی دارایی نوێ لەوڵاتدا پەیرەو بكات، بەڵام ئەردۆغان ئەو پێشنیازانەی رەتكردەوە، دواتریش كە لیژنەی پلاندانان و بودجە لە پەرلەمان ئەو پێشنیازانەی بەزۆرینە پەسەند كرد و چووە ناو كۆمەڵەی گشتی تا دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام چەند سەعاتێك پێش دەنگدان ئەردۆغان فەرمانی كرد پرۆژەكە رابگیرێت و دەنگی لەسەر نەدرێت.

سەبارەت بە داتاكانی پەیمانگای ئاماری توركی، باباجان وتی: ئەوكاتەی ئەو وەزیری دارایی بوو پەیمانگاكە بەتەواوەتی سەربەخۆ بوو بەپێچەوانەی ئێستاوە، هەروەها جەختیشیكردووەتەوە، كە ئەو داتایانەی ئەو دامەزراوەیە بڵاویان دەكاتەوە هیچ راستگۆییەكیان تێدا نییە، بەڵكو لەڕێگای لەدەزگاكانی راگەیاندووە داتاكانی هەڵاوسان وەردەگرێت و بڵاویان دەكاتەوە.

سەبارەت بەو قەیرانە داراییە گەورەیەی رووبەڕووی توركیا بووەتەوە، باباجان روونیكردووەتەوە، كە دوو هۆكاری سەرەكی لەپشت قەیرانەكەوەیە، یەكەمیان داخورانی كوالێتی سەرچاوە مرۆییەكان، بەوپێیە ژمارەی كەسانی خاوەن زانست و زانیاریی لەئیدارەی گشتی و ئیدارەدانی دەوڵەتدا لە پەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكەن، هەرچی هۆكاری دووەمە بریتییە لەبڕیاردان بێ پرس و راوێژكردن بە كەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموون .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی