بۆچی سعودییە دەیەوێت بەزووترین كات لەگەڵ قەتەر ئاشتبێتەوە؟

مەلەفی تایبەت

22/06/2020‌ 3087 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا سەید جبیل- ی ڕۆژنامەنووس لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا لەیوتیوب بەم شێوەیەی خوارەوە‌ ئەو پرسە ڕوون دەكاتەوە:

جبیل دەڵێت: ئەو پرسە پەیوەستە بە كۆمەڵێك گۆراوەوە (متغیر)، گۆڕاوەكانیش پەیوەستن بە سعودیە و ناوچەكە و جیهانەوە.

لە یۆنیۆی 2017 تەنگژەی قەتەر ڕوویدا، چوار دەوڵەتی عەرەبی (سعودیە، ئیماڕات، بەحرەین، میسر) پەیوەندییە دبلۆماسییەكانیان لەگەڵ قەتەر‌ پچڕاند و لەسەر چەند ئاستێكی جیاواز بایەكۆتیان كرد، بەو تۆمەتەی قەتەر سەقامگیری ناوچەكەی تێكداوە و پشتیوانی لە گروپە تیرۆرستەكان دەكات،بۆیە 13 داواكارییان خستەبەردەمی كە پێیانەوە پابەند بێت وەك: ( داخستنی كەناڵی ئاسمانی جەزیرە، پچڕاندنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران، وەستان لە پاڵپشتیكردنی گروپە تیرۆرستییەكان، دەركردن یان ڕادەستكردنەوەی سەركردەكانی كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین...هتد).

چوار دەوڵەتەكە ئەو كات متمانەیان بەوە بوو كە ئەو هەنگاوەیان بە خێرایی گۆڕانكاری بەسەر ڕەفتارەكانی قەتەر- دا دێنێت، چونكە پێیان وابوو بە هەموویان لە دەوڵەتە بچوكەكەی قەتەر بەهێزترن، لەوەش‌ گرنگتر پشتیوانی ئەمریكا بوو، چونكە پێشتر چوار دەوڵەتەكە هەماهەنگی تەواویان لەوبارەوە لەگەڵ واشنتۆن كردبوو؛ ئەوە بوو كە لە كۆتایی مانگی مایۆی2017 تڕەمپ سەردانی سعودیەی كرد، دواتر چوار دەوڵەتەكە لە 5 – 6 ی یۆنیۆی 2017 دا بایەكۆتی قەتەریان كرد و پەیوەندییە دبلۆماسیەكانیان لەگەڵ دەوحەدا پچڕاند.

جبیل بەردەوام دەبێت: دوای دوو ساڵ و نیو لە بایەكۆتی ئەو چوار دەوڵەتە، دەركەوت كە ئەو هەنگاویان بێ ئاكامه،‌ ئەمەش لەبەر سێ هۆكاری سەرەكی: 

یەكەم/ گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریكا، یان ووردتر بڵێین گۆڕانی هەڵوێستی تڕەمپ؛ چونكە لە سەرەتای تەنگژەكەدا تڕەمپ خوێنگەرمانە كاری بۆ سەپاندنی بایەكۆتی سەر قەتەر دەكرد، ئەمەش‌ پێچەوانی بیروڕای وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی و پنتاگۆن بوو كە تەواو (پەی) یان بەوە دەبرد كە كە قەتەر دەوڵەتێكی هاوپەیمانی ئەمریكایە و یەكێك لە گەورەترین بنكە سەربازییەكانی لە جیهاندا لە خاكی قەتەر دایە‌. دواتر ئەو هەڵوێستەی تڕەمپ گۆرانی بەسەرداهات، لە 9 ی یۆنیۆی 2017 دا، لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەنووسانی كۆشكی سپی، تڕەمپ وتی قەتەر لە ئاستێكی باڵادا دەوڵەتێكی پارەداركەری تیرۆرە، لە دوای كەمتر لە 11 مانگ و كتومت لە 10 ی ئیپڕیلی 2018، تڕەمپ پێشوازی لە میر تەمیم- ی میری قەتەر‌ كرد و وتی: "شەرەفێكی گەورەیە‌ من پێشوازی لە میر تەمیم دەكەم كە ئێستا لێرە لەگەڵمانە، پێش ئەوەی‌ من بچمە جیهانی سیاسەتەوە هاوڕێ بووین، ئەو پیاوێكی مەزنە و خاوەن بنكەیەكی جەماوەری فراوانە لە وڵاتەكەی خۆیدا، گەلەكەی خۆشیان دەوێت، ئێمە بەیەكەوە كار بۆ یەكپارچەیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌ دەكەین، لە كۆتایشدا وتی ئەو جوامێرە كەرەستە و كەلوپەلی زۆر لە ئەمریكا دەكڕێت.

دووەم/ توانستی زەبەلاحی ئابووری قەتەر كە بایەكۆتەكە كاری تێكرد و زیانی گەورەی پێگەیاند، بەڵام بەرگەی هێدمەكەی (صدمە) گرت. بە گوێرەی مەزەندەكردنی بانقی نێودەوڵەتیش، قەتەر نەك هەر تەنگژەكەی‌ تێپەڕاندووە، بەڵكو لە ساڵی 2018 دا توانیویەتی ئاستێكی باشی پەرەپێدان مسۆگەر بكات و چاوەڕوانیش دەكرێت لە ساڵی 2021 دا ڕێژەی پەرەپێدانەكەی بگاتە زیاتر لە 3%. نەك هەر ئەوەندە بەڵكو قەتەر توانی چەند دەوڵەتێك بەلای خۆیدا ڕابكێشێت كە پێشتر پشتیوانی چوار دەوڵەتە عەرەبییە بایەكۆتكارەكان بوون، وەك ئوردون كە سەرەتا پەیوەندییە دبلۆماسییەكانی لەگەڵ قەتەر پچڕاند، دواتر دەوحە دوای چەند مانگێك لە بایەكۆتی چوار دەوڵەتەكه،‌ 500 ملیۆن دۆلاری وەك یارمەتی پێبەخشی، 10 هەزار هەلی كاریشی بۆ ئورودونییەكان لە قەتەر دابینكرد، بەمەش ئوردون پەیوەندییە دبلۆماسییەكانی لەگەڵ دەوحە دەستپێكردەووە.

سێیەم/ هەڵوێستی توركیا و ئێران كە دوو دەوڵەتی گەورەی هەرێمین لە ناوچەكە، ئەوان ئەو تەنگژیان بە هەلزانی و قۆزتیانەوە، بەو ئامانجەی درز و كەلێن بخەنە ناو ئەنجومەنی هاریكاری كەنداوەوه و شوێنپێیەك لەوێ بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن، بەمەش دەوحە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنقەرە لە بوارەكانی دبلۆماسی و ئابووری وەبەرهێنان و سەربازیدا برەوپێدا، بۆیە توركیا ژمارەی سەربازەكانی لە بنكە سەربازییەكەی لە قەتەر زیادكرد. ئێرانیش هەمان شتی كرد و بڕە یارمەتییەكی زۆری خۆراكی بۆ قەتەر نارد.

جبیل لە بارەی هەڵوێستی سعودیەوە دەڵێت: هەموو ئەمانە بۆ سعودیە گرفت نەبوون، چونكە هێشتا دەتوانی بۆ 100 ساڵی دیكە بایەكۆتی قەتەر بكات، بەڵام ئەوەی وایكرد ڕیاز چاو بەو بڕیارەیدا بخشێنێتەوە و بیر لە ئاشتەوایی بكاتەوە لەگەڵ قەتەر، چەند لەبەرچاوگرتنێكی دیكەبوون:
 
یەكەمیان دابەشبوونی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو بوو، ئەنجومەنەكە لە 6 دەوڵەت پێكدێت (قەتەر، سعودیە ئیماڕات، كوێت ، بەحرێن، عومان)، سعودیە و ئیماڕات و بەحرێن بایەكۆتی قەتەریان كرد، كوێت و عومانیش ئەوەیان ڕەتكردەوە. ئەم پەرتبوونەی ئەنجومەنەكە بۆ سعودیە زۆر مەترسیدار بوو، چونكە سعودیە گەرەكی بوو ئەنجومەنەكە بەهێز بێت و بە یەك سیاسەتی یەكگرتوو ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە.

دووەم/ گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریكا ( تڕەمپ)، ئەمەش بووە هۆی ئەویە واشنتۆن داوا لە سعودیە بكات كۆتایی بە بایەكۆتی سەر قەتەر‌ بێنن و خۆیان بۆ هێنانەدی ئامانجی دیكەی باڵا ساز بدەن كە پێویست بەوە دەكات ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو بە یەكگرتوویی ڕووبەڕوویان ببێتەوە، هەروەها مەترسی ئێران و داعش و گێرانەوەی ئارامی بۆ عێراق و سوریا، ئەمانە هەموویان داواكاری مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بوون كاتێك سەردانی سعودیەی كرد.

سێیەم/ هەڵوێستی سعودیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2019-2020 جیاوازە لە هەڵوێستی ساڵی 2017، ئەمەش بە هۆی كوژرانی جەمال خاشقچییەوە بوو كە ئابڕوومەندی سعودیەی لە ڕووی دبلۆماسییەوە زۆر لەكەدار كرد.

چوارەم/ ئەو ڕەخنە زۆرانەی ئاراستەی سعودیە كران بە هۆی دەستتێوەردانیان لە جەنگی یەمەن و ئەو زیان و كارەساتە زۆرانەی لەو جەنگە كەوتنەوە، نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئۆباڵی ئەو زەرە و زیانا ڕوحی و مادییانەی داوەتە پاڵ سعودیە.  

جبیل سەبارەت بە هەڵویستی ئەمریكا لەوبارەوە دەڵێت: دیموكراتەكانی ئەمریكا بەردەوام ئەو ڕەخنانەیان ئاراستەی سعودیە دەكرد، لە كاتێكدا تڕەمپ و ئەمریكا پشتیوانی سعودیە بوون، دیموكراتەكان بە پلەی یەكەم بۆ شكاندنی ترەمپ و ئیدارەكەی،‌ ئاستی ئەو ڕەخنانەیان دژ بە سعودیە بەرەو هەڵكشان دەبرد، لە ساڵی 2020 ئەو ڕەخنانەی سەر سعودیە سەریانهەڵدایەوە، چونكە ڕیاز یەكەم دەوڵەتی عەرەبییە پۆستی سەرۆكایەتی (كۆمەڵەی بیست) دەگرێتەدەست كە گەورەترین جەمسەری ئابوورییە لە جیهاندا، لە نۆڤەمبەری ئایندەش میوانداری لوتكەی بیستەمی ئەو كۆمەڵە دەكات، بەمەش دەبێتە جێگەی سەنجی سەرجەم میدیاكانی جیهان. 

قەتەر دەتوانی ئەو دۆخە بقۆزێتەوە، بە هۆی توانستە داراییە گەورەكەی دەتوانێت لە ڕووی ڕاگەیاندن و میدیاوە ئەو كەموكوڕیانەی‌ سعودیە لە دونیادا زەق بكاتەوە و تیشكیان بخاتەسەر و بەمەش ڕیاز تووشی ڕوگیرییەكی گەورە بكات.

پێنجەم/ ئەم هۆكارە لەوانەیە لە هەموو هۆكارەكانی دیكە گرنگتر بێت، ئەویش ئەوەیە كە گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی دەرەوەی سعودیە ڕوویداوە، پوختەكەشی ئەوەیە كە بڕیارسازی سعودی لە ساڵی 2019 كۆششی ئەوە دەكات هەڵوێستەكانی نەرمونیان و بەرەو ئاشتەوایی بن و دووربن لە چارەسەری سەربازی و بەرەنگاربوونەوەی زبر، هۆكاری ئەم سیاسەتەش ئەو هێرشانە بوون كە لە 14 ی سێپتێمبەری 2019  كرانەسەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە، چونكە سعودییەكان بۆیان دەركەوت ئەمریكا جێگەی متمانە نییە لە بەرگریكردن لە سعودیە و دەوڵەتانی كەنداو، بەو پێیەی ئەمریكای ساڵی 2019-2020، ئەمریكای ساڵانی حەفتاكان نییە فریای ئەم و ئەو بكەوێت. 

سعودییەكان ئەوەشیان بۆ دەركەوت هەتا ئەو چەكە زۆرانەی لە ئەمریكا لە ساڵی 1973 وە تاوەكو ئێستا كڕیویانە كە مەزەندەكان دەڵێن بایی 170 ملیار دۆلارە، بەس نییە بۆ پاراستینی ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی سنورەكانی و بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی، بۆشی دەركەوت مامەڵەی زبری لەگەڵ پرسی یەمەن و قەتەردا بێ بەرهەمە. بۆیە ئەم سێ هۆكارە وایان لە بریارسازی سعودی كرد هەوڵی گۆڕانكاری بدات لە سیاسەتی دەرەوەدا، بۆیە لە كۆتایی ساڵی 2019 وە سعودیە هەوڵ دەدات بەرەكانی بەرەنگاری لە یەمەن هێدی بكاتەوە و بتوانن كۆتایی بە جەنگەكە بێنن و بە كەمترین زیان بۆی دەرچن، یان بەلایەنی كەمەوە لە ئێستادا دۆخەكە هێور بكەنەوە تاوەكو چارەسەرێكی بۆ دەدۆزنەوە. وویستیان لەگەڵ قەتەریش دۆخەكە هێوربكەنەوە، كاتێك بانگهێشتی میر تەمیم- یان كرد بۆ كۆنگرەی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو و پێشوازیكردنی گەرموگوڕانە لە سەرۆك وەزیرانی قەتەر، ئەمە جگە لەوەی‌ لە میدیاكانیش دۆخەكەیان بەرەو هێوركردنەوە برد. 

جبیل لە كۆتاییدا دەڵیت: هەموو ئەمانەی سەرەوە وایان كرد سعودیە ئارەزوومەندی هێوركردنەوەی دۆخەكە بێت لەگەڵ قەتەردا.

كەواتە ئارەزووی سعودیە بۆ ئاشتبوونەوە لە نزیكترین كاتدا لەگەڵ قەتەر، بەشێكە لە گۆڕانێكی گەورەتر لە سیاسەتی دەرەوەی‌ سعودیەدا، بەوەی شێوازێكی دبلۆماسی نەرمی دوور لە شێوازەكانی زەبروزەنگ بگرێتەبەر ، بە دڵنیاییش قەتەر‌ حەزی لەو ئاشتەواییەیە، چونكە لە ژێر فشارێكی توندی بایەكۆت و گەمارۆی چوار دەوڵەتە عەرەبییەكەدایە، كەواتە دەكرێت ئاشتەواییەكە بگاتە مەنزڵ.

چەندەها ئاستەنگیش لە بەردەم ئەو ئاشتەواییەدان؛ یەكەمیان هەڵوێستی (میسر و بەحرێن و ئیماڕات) ە كە لە ئێستادا هەمان هەڵوێست و خوێنگەرمی سعودییەیان نییە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ قەتەر، ئەمەش لەبەر هۆكارێكی زۆر سادە، ئەویش ئەوەیە كە قەتەر بەدەم هیچكام لە داواكارییەكانییانەوە نەهاتووە و ترسەكانی نەڕەواندونەوە. دووەمیش ئەوەیە خودی قەتەر كاری ئاشتەواییەكەی بۆ سعودیە ئاسان نەكردووە، دیارە كە قەتەر پێی وایە دۆخە سەختەكەی تێپەڕاندووە، لەوانەشە وابیر بكاتەوە كە لە دۆخێك دایە دەتوانی مەرجەكانی خۆی بۆ ئاشتبوونەوە بسەپێنێت بەسەر نەیارەكانیدا، زۆر پێنوێن ئاماژە بەو نیازەی قەتەر دەدەن، یەك لەوان قسەكانی وەزیری دەرەوەی قەتەرە لە كۆتایی 2019 بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز كە گوتبووی لە ئێستادا زۆری ماوە متمانەی نێوانمان بۆ بگەڕێتەوە (قەتەر و 4 دەوڵەتە بایەكۆتكارەكە) ، چونكە ئەوەی ڕوویدا زۆر سەخت بوو، هەر ئەوەش بوو وایكرد میر تەمیم- ی میری قەتەر نەچێت بۆ كۆنگرەی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو و سەرۆك وەزیرانەكەی بنێرێت. بۆیە قەتەر هیچ بە پەلە نییە بۆ ئاشتەواییەكە.

جبیل پێی وایە: پوختەی قسە ئەوەیە كە ئەو ئاشتەواییە بە ئاسانی نایەتەدەست، قەتەر ئامادەیی ئەوەی‌ تێدا نییە هیچكام لە داواكارییەكانی چوار دەوڵەتە عەرەبییەكە جێبەجێ بكات، تەنها لەوانەیە ئەوە بكات كە كەمێك لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێراندا ساردكاتەوە كە ئەمە داواكاری ئەمریكا و خۆرئاواشە، لەوانەیە پشتیوانی دارایی ئەو گروپە چەكدارانە ببڕێت كە كۆدەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییان لەسەرە بەوەی سەرچاوەی هەڕەشەن بۆ سەقامگیری ناوچەكە و جیهانیش، بەڵام پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا و ئیخوان موسلمین و چەند گروپێكی دیكەی ئیسلامی سیاسی ناپچڕێنێت، بۆیە ئەگەر ئاشتەواییەكە بشبێت، ئاشتەواییەكی سارد دەبێت و وەك ئاشتەواییەكەی ساڵی 2014 دەبێت كە ئەو كات قەتەر بەڵێنیدا مەترسییەكانی دەوڵەتانی دەووروبەری بەهەند وەردەگرێت. 

ترسە گەورەكە لەوەیە كە ئارەزوومەندی ڕیاز بۆ ئاشتەوایی ببێتە هۆی دروستبوونی درز و كەلێن لە ڕێزەكانی 4 دەوڵەتە بایەكۆتكەرەكە، بەمەش ڕیاز قەتەر بباتەوە و 4 دەوڵەتەكەی دیكە (بە تایبەتیش ئیماڕات) لەدەست بدات، دووەمیش ئەوەیە‌ قەتەر هەڵەیەكی ستراتیژی گەورە بكات بە هۆی باوەڕبوونی بەوەی سعودیە لاوازە و هەڵوێستی خۆشی بەهێزە.

سەرچاوە: یوتیوب
ئامادەكردن و وەرگێران: لوقمان حاجی قادر