هەولێری مایەپوچ لە دەرگای بەغدای پەڕپوت دەدات

ڕاپۆرت

23/06/2020‌ 1392 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێدەچێت سەركردایەتی هەرێمی كوردستانی عێراق زۆر پەرۆشی ئەوەبن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا بەرەو باشی بەرن‌و ئاستی سازانیان یەكبخەن، كە ئەمەش لە پێناو تێپەڕاندی ئەو تەنگژە داراییە خنكێنەرەی بەرۆكی هەرێمەكەیانی گرتووە و گەیشتووەتە ڕادەیەك دەستەوەستانن لە پێدانی موچەی تەواوی مانگانەی موچەخۆرانیان، كە لەوانەیە شەپۆلی توڕەیی دانیشتوانی هەرێمەكە بەرزبكاتەوە و ناڕەزاییەكانیان بتەقنەوە،‌ هەروەك پێش چەند ساڵێك ڕوویدا.

هەرێمی كوردستان لە ڕووی داراییەوە پەیوەستە بە حكومەتی فیدڕاڵی عێراقەوە، كە بەشێك لە بودجەی ساڵانەی لێوەردەگرت كە بڕەكەی 17% بودجەی گشتی عێراقە، دواتر ئەو ڕێژەیە كەمكرایەوە بەو هۆیەی هەریم پابەندی ڕادەستكردنی داهاتەكانی نەوت نەبوو بە حكومەتی فیدڕاڵی عێراق، لە كاتێكدا یاساكان بەدەق دەڵێن دەبێت نەوت ڕادەستی حكومەتی فیدڕاڵی بكرێت و هەر ئەویش بیخاتە بازاڕاوە.

دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كە بە شێوەیەكی سەرەكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی و بنەماڵەكەی بەسەریدا زاڵن، دان بە تۆمەتەكانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی ماڵ و موڵكی گشتیدا نانێن كە لەگەڵ سەرهەڵدانی تەنگژەكاندا هەمیشە تازە دەبنەوە.

لە ئێستادا حكومەتەكەی هەرێمی كوردستان جگە لە پەنابردنەبەر بەغدا چارەسەرێكی دیكەی پێ نییە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی، سەرباری ئەوەی خودی حكومەتەكەی بەغداش تا بینەقاقای ڕۆچۆتە ناو تەنگژە داراییە خنكێنەرەكەیەوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕابردوو، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئامادە بەشێوەیەكی ڕیشەییانە هەموو ناكۆكییەكانیان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەن، بە ناكۆكی دەرامەت و داهاتە نەوتییەكانیشەوە.

ئەمەش لە بەیاننامەیەكدا هات كە مەسرور بارزانی بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری و ئەندامانی شاندی دانوستانكار لەگەڵ بەغدا، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی حكومەتەكەی‌ كرد سەبارەت بە گفتوگۆ و دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، كۆبوونەوەكە دوا ئەنجامەكانی ئەو گفتوگۆیانه و پرسە هەڵواسراوەكانی‌ نێوان بەغدا و هەولێری تاوتوێكردن، بەو ئامانجەی بگەنە ڕێككەوتنێك كە بەركەوت و مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكات.

بارزانی لە دوای كۆبوونەوەكە وتی‌ ئامادەن ڕیشەییانە هەموو كێشەكانیان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەن و لە بەرامبەر دەستەبەركردنی مافە دەستورییەكانیاندا وابەستەی پابەندییەكانیانبن و بگەنە ڕێككەوتنێك كە جێگەی ڕەزامەندی هەردوولا بێت و ماف و ئەركەكانی هەر‌ لایەكیش دیاری بكات.

مەسرور بارزان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە چارەسەركردنی كێشەكان لە بەرژەوەندی هەموو عێراق دایە و فاكتەرێكی گرنگیشە بۆ سەقامگیری لە ناوچەكە.

لە‌ئاكامی كۆبونەوەكەدا، بڕیاردرا سێشەممەی ئایندە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوانیان و چارەسەركردنی گرفتە هەڵواسراوەكانیان، شاندێكی باڵا ‌بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بنێرنە بەغدا.

سەرباری ئەوەی كاتی باسی دانوستانی نێوان هەردوولا دەكرێت، یەكەم شت بە بیری هەمووندا بێت پرس و دۆسییەی ناوچە دابڕیندراوەكانی نێوان هەردوولایە، بەڵام بە دوور دەزانرێت لە ئێستادا ئەو پرسە ئاڵوز و گرێكوێراوییە باسی لێوە بكرێت، بەڵكو بە پلەی یەكەم پرسی دۆسییەی دارایی و سامانە نەوتییەكان و دابەشكردنی داهاتەكان تاوتوێ دەكرێن.

لە ئیپڕیلی ڕابردوو، حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی موچەی كارمەندانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بڕی، دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی بەوە تۆمەتبار كرد كە پابەند نەبووە بە پێدانی بری 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆی بەغدا، هەلێریش لای خۆیەوە ئەو تۆمەتانەی‌ ڕەتكردوونەوە.

حكومەتەكەی كازمیش مانگی ڕابردوو موچەی موچەخۆرانی هەرێمی بۆ یەك مانگ نارد، بەردەوامی پێدانی موچەشی بەستەوە بە گەیشتنە ڕێككەوتنێكی كۆتایی لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە دۆسییەی نەوت و بەركەوتی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق.

هەرێم پشتیوانێكی سەرەكی مستەفا كازمی بوو بۆ گرتنەدەستی پۆستی سەرۆك وەزیران، لەوانەیە‌ ئەمە یارمەتیدەر بێت بۆ پڕكردنەوەی كونوكەلەبەرەكانی نێوان بەغدا و هەولێر و گەیشتن بە ڕێككەوتنێك.

لە ژێر كاریگەری تەنگژەی داراییدا، هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە كە وەك ڕێوشوێنێكی كاتی، 21% موچەی فەرمانبەران هەرێم دەبڕێت و ئەو بڕینەش لە موچە و دەرماڵەكان دەبێت. ئەمەش‌ بە هۆی تەنگژە داراییەكەی و لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و داكشانی نرخی نەوت.

گرفتەكەش لەوە دایە‌ كە لە ئێستادا خودی حكومەتەكەی بەغدا لە تەنگژەیەكی تاقەتپڕوكێن دایە و ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی خۆی بدات، بۆیە ئەمە ئومێد بەخش نییە و جێگەی مەترسی و نیگەرانییە.

هەناردەكانی عێراقیشسەرچاوەی 98% ی هاتنەناوەوەی دراوە بیانییەكانە، نەوتیش 45% تێكڕای داهاتی نیشتمانی عێراق پێكدێنێت كە دەكاتە 93% ی داهاتەكانی بودجەی گشتی عێراق.

لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا، عێراق بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، 11 ملیار دۆلاری زەرەر كردووە، ئەمە جگە لە ئەو زەرەر و زیانانەی بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تووشی وڵات بووە.

سەرچاوە:  پێگەی‌ ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر