ئەهوەن چیاكۆ: ئێران‌و توركیا لەبۆردومانەكەی كونەماسی هەماهەنگیان كردووە

ڕاپۆرت

01/07/2020‌ 1583 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێرش بەرزنجی
ئەهوەن چیاكۆ ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (شارپرێس) باس لە رووداوی بۆردومانەكەی كونە ماسی دەكات و دەڵێت، ئێران و توركیا هەماهەنگیان كردووە بۆ لێدان لە گەریلاكانیان، رەتیشی دەكاتەوە گەریلاكانیان لەشوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان نزیكببنەوە.

شارپرێس: دەمەوێت لە بۆردومانەكەی كونە ماسییەوە دەست پێ بكەم ئەو هێرشە چۆن روویداو ئەندامەكانی ئێوە لەو كاتەدا چیان دەكرد لەوێ؟ 
ئەهوەن چیاكۆ: كونە ماسی شوێنی گەریلا نەبووەو نزیكیش نییە، ئێمە حەرەكەتێكین لەدژی ئێران خەبات دەكەین، هێزی چالاكی ئێمە لەناو خودی رۆژهەڵاتی كوردستاندایە، ئێمە لە چیاكانی نێوان رۆژهەڵات و باشوردا جێگیرین كە زیاتر خەباتی سیاسی و راگەیاندنی تیادا بەڕێوە دەچێت،بەڵام چالاكییەكانمان لەناو رۆژهەڵاتی كوردستانە،هەرچەندە ئێمە ناتوانین لە بارەگاكانمان دوور بكەوینەوەو بچینە ناو شارەكانی باشور،بەڵام جاروبار بەهۆی خەباتێكی سیاسی یان پراكتیكی هەندێك هەڤاڵمان بەشێوەیەكی سنوردارو كۆنترۆڵكراو بچنە چەند شوێنێك بۆ راپەڕاندنی هەندێك كار، ئەو هەڤاڵانەی ئێمەش لە گەریلا دووركەوتبوونەوەو سەردانی باشوری كوردستانیان كردبوو، لەو كاتەدا ئەو هەڤاڵانەی ئێمە دابەزیبوون هەندێك پێداویستی خۆیان جێبەجێ بكەن كە بەو شێوازە كرانە ئامانج، جلی گەریلاشیان لەبەردا نەبووە، جلی گەریلایان لەبەردا بووە، دیارە ئەمە رێككەوت نەبووە بەڵكو ئامانج بوون، سەیارەی هەڤاڵەكانمان لە جوڵەدا نەبووەو راوەستاوە كە لێیان دراوە لە ئەنجامدا هەڤاڵێكمان شەهید بووەو سیانی تریش بریندارن.

شارپرێس: بەپێی زانیاریەكانی خۆتان تەنیا فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان چاودێریتان دەكات یان لەرێگای كاری سیخوڕی ترەوە؟
ئەهوەن چیاكۆ: ئێران و توركیا وەك دوو دەوڵەتی دوژمنی كورد پشت بە دوو شت دەبەستن یەك تەكنیكە دوو هەواڵگیرییە، جا لایەنە تەكنیكەكە  لەسەر ئەساسی زانیاری هەواڵگیری كاری خۆی دەكات، بەتایبەت بۆ روداویكی ئاوا كە گەریلاكانی ئیمە دوور لە هەرێمی ئێمە كراونەتە ئامانج، ئەم رووداوە دەردەكات جگە لە فڕۆكەی كەشفكردن لەرێی سخوڕیشەوە هاوكاری كراوە، زانیاریی و چاوساغی كراوە لەوەدا هیچ گومانیك نییە كە لە زەمینەوە زانیاریان پێدراوە.

شارپرێس: رەخنەیەك لە ئێوەو پەكەكەش دەگیرێت كە گەریلاكانتان زۆر نزیكی شوێنی دانیشتوان دەكەونەوە بۆیە ئەو رووداوەی وەك كونە ماسی و ئەزمەڕو تیرۆری دیاری غەریب لێكەوتەوە؟
ئەهوەن چیاكۆ: پژاك حەرەكەتێكی پراكتیكییە ئامانجی دوژمنیش ئەوەیە كە گەریلا لە جوڵە راوەستێنێت، بێگومان ئێمەش تووشی ئەو ئامانجە نابین، لەگەڵ ئەوەی ئەو هەموو فشارەی لەسەرمانە خەباتی خۆمان و پاراستنی خۆمان راناوەستێنین، بۆیە ئەوە راست نییە كە گەریلا لەو ناوچەی دانیشتوان نزیكبوونەتەوە، چونكە ئەگەر وا بێت ئەوا رۆژ نابێت كە گەریلا لەدەست نەدەین، دەیان رووداوی وەك كونە ماسی روو دەدات، بەڵام جار نا جار بتەوێ یان نا رووداوی لەو جۆرە روو دەدەن، بەپێچەوانەوە گەریلا نزیكی شوێنی خەڵك نابنەوەو زۆر بە كۆنترۆڵكراوی  جار جار هاتووچۆ روو دەدات.

شارپرێس: هەندێ لایەنی سیاسی و تەنانەت سەرۆكی هەرێمیش دەڵێن، چی پژاك و چی پەكەكە پێویستە بڕۆن لە بەشەكانی كوردستانی خۆیان خەبات بكەن نەك كیشە بۆ هەرێم دروست بكەن وەڵامی ئێوە چییە؟
ئەهوەن چیاكۆ: لای ئێمە كوردستان یەك كوردستانەو گەلی كوردیش یەك گەلی كوردە، هیچ شوێنێك بێگانە نییە، هەموو كوردستان مەیدانی تێكۆشانی ئێمەیە، بەو جۆرەش نییە كە ئێمە هیچ شتێك بەرچاو ناگرین وەك هەندێك باسی دەكەن، ئێمە بەرپرسیارانە دەجوڵێینەوە تا ئەو كاتە رەچاوی شتەكان دەكەین كە ئامانجی دووژمن نەیەتە دیی،ئەگەر لایەنیك بیەویت پارچەیەكی كوردستان لە ئیمە قەدەغە بكات بێگومان ئیمە تەسلیمی ئەو ئیرادەیە نابین، لایەنەكانی باشوری كوردستان كاتی خۆی كە لەگەڵ رژێمی سەدام شەڕیان دەكرد خۆیان لە رۆژهەڵاتی كوردستان بوون لەناو چیاو شارو گوندەكانی رۆژهەڵات بوون، چیاكاكانی كوردستان بەیەكەوە گرێدراون و لێك جیا نابنەوە كەس ناتوانێ جیایان بكاتەوە، هێزی ئێمەش لە چیایە، هیچ هێزێكمان لە شارەكانی باشوری كوردستان نییە.

شارپرێس:  ئەم رووداوەی كونە ماسی واتان لێ ناكات كە پێداچوونەوە بە شوێن و جوڵەكانتان بكەن؟
ئەهوەن چیاكۆ: بێ گومان هەر رووداوێك كە روو دەدات ئێمە هەڵی دەسەنگێنین كە بزانین لەو رووداوەتە كەم و كوڕی و كەمتەرخەمی چیی بووەو رەخنەی دەكەین و راستی دەكەینەوە، بۆ ئەوەی زیاتر خۆمان كۆ بكەینەوەو دیقەت بكەین كە ئەمە فەلسەفەی ئێمەیە.

شارپرێس:  گومانی ئەوەتان هەیە ئێران و توركیا لەم هێرشەدا هەماهەنگیان هەبووبێت؟
ئەهوەن چیاكۆ: حەتمەن وایە ئێران و توركیا پێكەوە هەماهەنگ بوون و لەئیستاشدا زۆرتر هەماهەنگن، چونكە هەستیان بە مەترسی كردوە، ئەوانە دەوڵەت نەتەوەی خۆیان لەسەر داگیركردنی كوردستان دروستكردوە، ئێستاش دەیانەوێت دەوڵەت نەتەوەی خۆیان لەسەر داگیركردنی كوردستان نۆژەن بكەنەوە،ئەوان وا سەیری دەكەن كە ئەمرۆ كورد گۆڕاوە وەك جاران نییە، ئێستا خاوەنی سیاسەت و هێزی سەربازی خۆیەتی، و مەسەلەی كوردیش بووە بە جیهانی، بۆیە كورد بە مەترسی دەزانن و لەناو كوردیشدا ئەو هێزەی كە لە چیایە مەترسی زیاتریان لێی هەیە، ئەوان لەم رووەوە هاوكاری یەكتر دەكەن، بۆنمونە ئێران لە عێراق ناتوانێ فڕۆكە هەڵسێنێت و رێگەی پێ نادرێت، بەڵام توركیا دەتوانێت و مۆڵەتی هەیە بۆیە ئێران زانیاری دەدات بە توركیاو ئەوانیش فڕۆكە هەڵدەسێنن، چونكە ئێران لەناوچەی سەوز دەستی واڵا ترە.

شارپرێس: راستە شارباژێر ناوچەیەكی سەختە، بەڵام دەوترێن بۆ ئێران ناوچەیەكی زۆر ئاسانە دەستی پێ بگات بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر بنكەو بارەگا كانتان ئایا ئەمە مەترسی لەسەر ئێوە نییە؟
ئەهوەن چیاكۆ: بەڵێ راستە، بەڵام ئێمە تەكبیرو پلانی خۆمان هەیە كە دەست واڵایی ئێران لەم ناوچەیە بەربەست بكەین، لەم رووەشەوە تا ئاستێك ئەنجاممان بەدەست هێناوە،بەڵام بەداخەوە لە باشوری كوردستان كە كۆنترۆڵێك نییە لە لایەنی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمەوە ئێران دێت لەو ناوچەیە خەڵكی تایبەت بەخۆی دروست دەكات، هەرچەندە خەڵكی باشورو ئەو ناوچانەی ئێمەی لێین خەڵكی كوردپەروەرو وڵاتپارێزن و سۆزیان هەیە بۆ گەریلا، بەڵام بەشی ئەوە ئێران هەر دەتوانێت خەڵكانێك بەكرێ بگرێ  بە پارە یان شتی تر لەدژی حەرەكەتەكەی ئیمە یان لەناو ئەو كەسانەی كاربەدەستن خەڵكی خۆیان دروست بكات.
 
شارپرێس: لەم چەند رۆژەی دوایی ئێران هێزێكی زۆری هێناوەتە سەر سنور سوپای پاسدارانیش دەڵێن بۆ هێرشكردنە سەر دژبەرانی ئیرانە ئایا ئێوە هیچ ئامادەكارییەكتان كردوە؟
ئەهوەن چیاكۆ: ئێران لەئێستادا لە دۆخێكی زۆر زۆر قەیراناویدایە بەتایبەت لە سیاسەتی دەرەوەیدا كە شكستی خواردوە لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانیدا، لەناوخۆشدا بە هەمان شێوە قەیرانی گەورەی هەیە، بۆیە ئێران بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە دەیەوێت قەیرانی دیكە دروست بكات، واتە بۆ چارەسەركردنی قەیران قەیرانی دیكە دروست دەكات، لەلایەكی دیكەوە دەیەوێت لەبەرامبەر ئەمریكا نەرم بێتەوەو سازش بكات، بەڵام لەناوخۆدا توندتر بێتەوە لەناوخۆشدا دەیەوێت رووبەرووی ئەو هێزە شۆڕشگێڕانە ببێتەوە كە تەسلیم نابن،ئێرەش كوردستانەو گەریلای لێیە دەیەوێت هێز كۆبكاتەوە بۆ هێرشكردنە سەر گەریلاو بەسەربازیكردنی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئێمەش باش هەڵدەسەنگێنین و هێزەكانی ئێمە بەباشی چاودێری دەكات و حسابی خۆی بۆ كردوە.

شارپرێس: ئەی ئێوە بۆ لەم كاتەدا چالاكییەكانتان لەدژی ئێران زۆر كەمە؟
ئەهوەن چیاكۆ: لەبەر دۆخی سیاسی ئێمە دەمانەوێت ئاوا بێت نەوەك ئێمە توانای بەرپەرچدانەوەمان نییە، ئەگینا لە ناو رۆژهەڵاتی كوردستان گەریلا هەیە لەچیاكانی نێوان رۆژهەڵات و باشور گەریلا هەیە،ئێمە بەهۆی دۆخی سیاسییەوە لە قۆناغی پاسیڤداین، پاسیڤ چییە؟، ئەوەیە كە ئێمە هێزەكانمان لە رۆژهەڵات جێگیرن و هێرش ناكەنە سەر دوژمن، بەڵام ئەگەر دوژمن هێرش بكات  یان بۆسە بنێتەوە ئەوا گەریلاش وەڵامیان دەبێت، ئەگەر ئێران هێرش بكات ئەوا ئێمە وەك گەریلاو هێزەكانی دیكەی رۆژهەڵاتیش كە خۆیان وتوویانە بە هەڵوێست و چالاكی خۆیان دەچنەوەو لەدژی دوژمن چالاكییەكان دەست پێدەكەن.

شارپرێس: بەبڕوای ئێوە توركیاو ئێران سودیان لەم دۆخە وەرگرتووە كە كۆرۆنا هەیە و دونیا تاڕادەیەك لە یەكتر دابڕاوە یان هۆكاری تر هەیە؟ 
ئەهوەن چیاكۆ: ئەو وڵاتە هەر رووداوێك دێتە پێشەوە دەیانەوێت كەڵكی لێ وەربگرن، بەتایبەت ئێران و توركیا كە دوو دەوڵەتی داگیركەری چەوسێنەرن دەیانەوێت بۆ داگیركردنی كوردستان كەڵك لە هەر رووداو دۆخێك وەربگرن، ئەوان دەیانەوێت ئەم كۆرۆنایەش كەڵك لێ وەربگرن بۆ دژایەتی  گەلی كوردو داگیركردنی كوردستان، توركیاو ئێران دەیانەوێت كۆرۆنا زۆرتر لە شارەكانی كوردستاندا بڵاوبێتەوە، خزمەتگوزاری دابین ناكەن، هەر گروپ و دەستەیەك كە دروست دەبێت بۆ رووبەرووی ئەو قەیرانە ئەوان بەربەستی بۆ دروست دەكەن بۆ ئەوەی ئەم نەخۆشییە زیاتر لە كوردستان بڵاوبێتەوەو سیاسەتی خۆیان بەرەو پێش بەرن، یان دەیانەوێت ئێران و توركیا بەناوی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دەیانەوێت كۆمەڵگە بخەنەوە ناو ماڵەكانیان و گۆشەگیریان بكەن، بۆ ئەوەی لەدەرەوە بە ئاسانی بتوانن پلانی سەربازی و سیاسی خۆیان بەرامبەر گەلی كورد جێبەجێ بكەن، ئەوان لەكاتێكدا كە كۆرۆنا هەیە هێز دەجوڵێنن، ئینجا لەژێر پەردەی كۆرۆنادا سیاسەت و كارە سەربازییەكانی خۆیان لەچاوی جیهان بشارنەوە.

شارپرێس: ئەگەر ئێران هیرش بكاتە سەر بنكەو بارەگاكانتان هەڵوێستان چی دەبێت؟ 
ئەهوەن چیاكۆ: ئەگەر هێرش بكات خۆ ئێمە ئاوا ناوەستین حەتمەن پلان و تەكبیری خۆمان هەیە بێ وەڵام نامێنێتەوە.

شارپرێس: ئەی ئەگەر هێرشی كردە سەر بارەگاكانی پارتەكانی دیكەی رۆژهەڵات ئێوە چی دەكەن ئامادەن بەرگریان لێ بكەن؟ 
ئەهوەن چیاكۆ: ئەوكاتەی ئێران بارەگای حزبی دیموكراتی لە كۆیە بۆردومان كرد ئێمە چی لەدەستمان هات كردمان، وتووشمانە لەوخۆماندا چەند ناكۆك بین پێویستە لەبواری خۆپاراستن دا چەند هەماهەنگ بین باشە و وەڵامی هەر هێرشێك بدەینەوە بكرێتە سەرمان، دەبێت هێرشكردنە سەر لایەنێكی رۆژهەڵات وەك هێرشكردنە سەر هەر لایەنێكی دی ببینرێت، ئێران دوژمنە كە هێرشی كردە سەر لایەنێكی رۆژهەڵات ئێمە چەند ناكۆكی و رەخنەمان لەیەك هەبێت پێویستە بەرگری لێ بكەین، بۆنموونە ئەگەر هێرش بكرێتە سەر بارەگایەكی هێزێكی رۆژهەڵات دەبێت چی لەدەستی ئێمە بێت بیكەین، بەڵام ئەمە تەنیا بە ئێمەوە پەیوەست نییە، بەڵكو هەندێ پێویستی هەیە كە ئەویش بەیەكەوە بوون و هەماهەنگی هەموو هێزەكانی رۆژهەڵات هەبێت و هەندێ میكانیزمی هاوبەشی ئاسایشی و سەربازی دروست بكرێت بۆ ئەوەی بتوانین رووبەرووی هێرشەكان بینەوە كە بكرێتە هەر هێزێكی رۆژهەڵاتی كوردستان، لەم چوارچێوەیەدا هەندێ گفتوگۆ هەن، بەس ئەوەنە نییە دۆخەكە گەرەنتی بكات، ئێمە چاوەڕوانی دەكەین و دەخوازین هێزەكانی رۆژهەلات ئەم مەترسیانە ببین و بەیەكەوە هەماهەنگی بكەین.

شارپرێس: مانگی رابردوو كۆنگرەتان كرد بۆچی لەم كۆنگرەیە گۆڕانكاری لە هاوسەرۆكاندا نەكراو دووبارە هەڵبژێردرانەوە؟
ئەهوەن چیاكۆ: خۆی بەستنی كۆنگرە لەم دۆخەدا بوێریە،چونكە لەلایەكەوە دوژمن هەوڵ دەدات كە دوو گروپی گریلا نەگەنە یەكتر، ئەوەندە توانای تەكنیكی و سیخوڕی هەیە كە دەرفەت بە كاری رێكخستنی گەریلا نادات، بەستنی كۆنگرە لەكاتێكی ئاوادە بوێرییە بەراستی، چونكە لە دۆخێكدایە كە ڤایرۆسی كۆرۆناش هەیە، نەوەستانی  كارو چالاكی رێكخستنی لەم كاتەدا مانای بە ئێرادەبوون و دیسپلین بوونە، لەبارەی هاوسەرۆكانیش، خۆتان دەزانن لە كۆنگرەدا هەڵسەنگاندن دەكرێت وەك كۆنگرەی هەر لایەنێكی دیكە، چی بگۆڕدرێت و چی نەگۆڕدرێت، ئەوەی كراوە لە چوارچێوەی كۆنگرەدا بووە، ئیرادەی كۆنگرە بە باشی بینیوە كە هاوسەرۆكانی پێشوو دوبارە هەڵبژێرێنەوە و دەنگی بەوان داوە، ئەو دوو هاوسەرۆكە تەنیا دوو خولە هاوسەرۆكن، بەپێی یاساو نەریتەكان دوو خول بۆی هەیە هاوسەرۆك بن، بەلام ئەمە بەپێی پێویستییە ئەگەر بزانین پێویستە ئەوە لە دوو خولیش دەكرێت هاوسەرۆكان دابنرێنەوە، بەڵام بۆ دۆخی ئێستا شتێكی ئاساییە و ئینجا ئەوان یەك خول هاوسەرۆك بوون ئەمەیان دووەم جارە.