یەكەم كەس لەجیهاندا بڕوانامەی ماستەری لە هونەرەكانی جەنگی "نینجا" دا بەدەستهێنا

هەمەڕەنگ

02/07/2020‌ 418 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی هەواڵێكی تۆڕی "سی ئێن ئێن "ی ئەمەریكی، جینیچی میتسوهاشی تەمەن ٤٥ ساڵ، یەكەم پیاوە لە جیهاندا، كە بڕوانامەی لە لێكۆڵینەوەكانی نینجادا بەدەستهێناوە، بۆ ئەوەش دوو ساڵی تەواوی لە تەواوكردنی پڕۆگرامە پێویستەكانی بەدەستهێنانی ئەو بڕوانامەیە لەزانكۆی Mie ی یابانی بەسەر بردووە، كە خۆی لە لێكۆڵینەوەی مێژوو و دابونەریت و شێوازەكانی شەڕكردنی جەنگاوەرانی نینجادا دەبینێتەوە.

میتسوهاشی باسی لەوە كردووە، كە بۆ باشتر تیگەیشتن لە شێوازی ژیانی جەنگاوەرانی نینجا چووەتە هەرێمی شاخاوی ئیغا، كە ٣٥٠ كیلۆمەتر لە تۆكیۆی پایتەختی چاپۆنەوە دوورە، ئەو شوێنەش جەنگاوەرانی نینجا راهاتوون تێیدا بژین، كە سروشتی شوێنەكە كاریگەریی هەبووە لە هونەر و لێهاتوویی ئەو جەنگاوەرانە.

لە ناوەندی لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكانی نینجا، كە سەر بە زانكۆیەكی ژاپۆنییە، لەپاڵ مێژووی هونەری جەنگی، هونەری تایبەت بە فریاكەوتن و یەكگرتن و هونەری شەڕی كلاسیكی فێردەكرێن، هەروەك فێری ئەوە دەكرێن، كە چۆن بەشێوازی خۆشاردنەوەو نهێنییانە بەسەر ژینگە چیاییە ڕووتەڵەكاندا سەربكەون .

میتسوهاشی ئومێدی وایە لەخوێندنەكەی بەردەوام بێت تا بڕوانامەی دكتۆرا لەو بوارەدا بەدەستدەهێنێت، جەختیشیكردووەتەوە، كە فێری زۆر شت بووە بەوەی چۆن بەتەنیا و بەو بڕە بژێوییەی لەبەردەستدایە بتوانێت دریژە بە ژیان بدات، كە ئەوە نەك هەر بۆ رابردوو بەڵكو بۆ ژیانی هاوچەرخیش زۆر گرنگە .

وەرگێڕان: ئاكۆعەبدوڵڵا ئاڵی