لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق داوای جەنگی ئابووری لەبەرانبەر توركیا دەكات

کوردستان

08/07/2020‌ 800 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق داوا دەكات لەبەرانبەر دەستدرێژی و پەلامارەكانی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی عێراق، جەنگی ئابووری دژ بەو وڵاتە رابگەیەنرێت.

كاتیع ڕیكابی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هەر لەیەكەم رۆژی پەلامار و دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق داوایان كردووە، كە هەموو ڕێگاكان جگە لەبژاردەی سەربازیی دژ بە پێشێلكارییەكانی توركیا بەكاربهێنرێت، بەتایبەتی دۆسیەی ئابووری .

ڕیكابی روونیكردووەتەوە، كە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان عێراق و توركیا ساڵانە ٢٠ ملیار دۆلارە و نیوەی ئەو بەرهەمانەی لەناو بازارەكانی عێراقدا بەرهەمی توركین، كە ئەگەر بێت و عێراق ئەو كارتە بەكاربهێنیت ئەوە گوشارێكی گەورە لەسەر توركیا درووست دەبێت.

پێشتریش ئەحمەد سەححاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندبوو، بەغدا چەندین بژاردەی لەبەردەستدایە بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەكانی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی عێراق، كە دیارترینیان كارتی ئابوورییە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەگەڵ ئەوەی چەندین كارتی بەهێز لەبەردەستی حكومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوەن، بەڵام تا ئێستا  گفتوگۆی سیاسی و جێبەجێكردنی پرەنسیپەكانی دراوسێیەتی باش بە ڕێگەچارە دەبینین بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئاڵنگارییەدا، كە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاسایش و سەلامەتیی ئەم ناوچەیە و وڵاتانی عەرەبی هەیە.

رۆژی ١٦ی حوزەیران ، فڕۆكەكانی توركیا لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "چرنووكی هەڵۆ"  هێرشی ئاسمانیان كردە سەر ناوچەكانی شنگال، قەرچووخ، قەندیل، زاپ، ئاڤاشین، باسیان و خواكوڕك لە باشووری كوردستان، دواتریش سوپای توركیا لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "چڕنووكی پڵنگ" بەپاساوی راوەدوونانی گەریلاكانی پارتی كریكارانی كوردستان هێرشی زەمینیان لەنێو خاكی هەرێمی كوردستان دەستپێكرد .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا  ئاڵی