محەمەد حاجی مەحمود: هەموو حیزبە كوردییەكان ژێربەژێر شتێكیان لەگەڵ توركیا هەیە

کوردستان

08/07/2020‌ 886 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دەڵێت: حیزبە كوردییەكان لەناو یەكدا ناكۆكن هەریەكێكیشی ژێر بەژێر خۆی بۆ خۆی شتێكی لەگەڵ توركیادا هەیە، كە جورئەتی ئەوەیان نییە شتێك بكەن یان قسەیەك بكەن لەسەر ئەو لەشكركێشیەی توركیا و بۆردومانەكانی.

قسەكانی محەمەد حاجی مەحمود لەمیانی گفتوگۆیەكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكاو لەبارەی بۆردومانەكانی سوپای توركیاو ئێران بۆ سەر هەرێم دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەی لایەنەكان بۆ سوپای توركیا بێدەنگن، "بەڵام ئەگەر شەڕی ناوخۆ بێت ئێستا سەدان كەس بەكوشت دەدەن لەسەر بەرزاییەك، ئەی بۆ دەسەڵاتییان نییە، بەڵێ دەسەڵاتییان هەیە، هیچ نەبێت بەیانێك دەربكەن دژی ئەو كارانەی توركیا، خۆ نایانگرن، بەیانیشییان پێدەرناكرێت.

بەبڕوای محەمەدی حاجی مەحمود حیزبە كوردییەكانی عێراق، ناتوانن بەیاننامەش دەربكەن دژی هێرشەكانی توركیا دەڵێت: چونكە هەریەك لەو حیزبانە بەشێوەیەك لە شێوەكان پەیوەندی لەگەڵ توركیادا هەیە، ڕێكەوتووە لەگەڵ توركیا، توركیا عاجز دەبێت بەیان دەربكات، فڕۆكەخانەكەی سلێمانی و هەولێر دادەخات جاری پێشوو بە "ڕجا و تكا و دەست ماچكردن" كردییانەوە.

هەروەها دەڵێت: كەچی هەر ئەم حیزبە كوردستانییانەی عێراق، ئێستا ئێران تۆپێك بتەقێنێ بۆ باسی ئێران دەكەن، بەڵام باسی توركیا ناكەن بە فڕۆكە و بە سوپا بەناو كوردستاندا دێن؟! بۆ یەك كەس بەیاننامەیەك دەرناكات و یەك كەس قسە ناكات؟! بڕۆ هەر شارێكی كوردستان، لەهەر خاڵێكدا بەدڵنیاییەوە بارەگایەكی توركیای تێدایە.

هـ ـ ح