توركیا بوونی پەكەكە دەكاتە پاساو بۆ دەستگرتن بەسەر كەركوك و موسڵ

کوردستان

11/07/2020‌ 1170 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمیر عەبدولمونعیم ساعیدی شارەزای ئەمنی عێراقی، هۆشداری دەدات لەوەی سوپای توركیا زیاتر بێتە قووڵایی خاكی هەرێمی كوردستان و دواتر بەرەو هەردوو شاری كەركوك و موسڵ جوڵە بكات.

ئەو دەڵێت: توركیا بوونی پارتی كرێكارانی كوردستانی كردۆتە بیانوو بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی و هاتنەناوەوەی خاكی عێراق.

ساعیدی لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە هێرشە بەردەوامەكانی توركیا بۆ سەر هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان و نەینەوا، دەچێتە چوارچێوەی پلانی ئەو وڵاتە بۆ ئاوارەكردنی خەڵكەكەی و زیاتر هاتنەناوەوە بۆ ناو خاكی عێراق.

ئەو پسپۆڕە ئەمنییە عێراقییە وایدەبینێت، توركیا بوونی پارتی كرێكارانی كوردستانی كردووەتە بیانوو بۆ هێرشەكانی بۆسەر هەندێك لە ناوچەكانی هەرێم، بەڵام لەراستیدا پلانی توركیا داگیركردنی ناوچەیەكی زیاتری خاكی عێراقە .

ئەو روونیشیكردووەتەوە، كە ئەنقەرە بیر لە داگیركردنی موسڵ و كەركوك دەكاتەوە و بۆ ئەوەش پشت بەهەندێك لە رێكەوتننامە نیودەوڵەتییەكان دەبەستێت تا بتوانێت دەست بەسەر ئەو پارێزگایانەدا بگرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە، كە ئەو وڵاتە بەهێز و جبەخانەیەكی گەورەوە بەرەو سوریا لیبیا دەچێت تا لەڕووی سەربازییەوە دەست بەسەر هەندێك لە خاكی ئەو وڵاتانەشدا بگرێت.

لە رۆژی ١٥/٦/٢٠٢٠، وەزارەتی بەرگریی توركیا ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانی بەناوی "چڕنووكی هەڵۆ" بۆ سەر پێگەكانی پەكەكە لە باشووری كوردستان دەستپێكرد، كە ناوچەكانی شنگال، قەرەچووخ، قەندیل، زاپ، ئاڤاشین، باسیان و خواكوڕكیان گرتەوە، دوو رۆژ دواتریش ئۆپەراسیۆنێكی زەمینی بەناوی "چڕنووكی پڵنگ" لە ناوچەی حەفتانین لە سنووری زاخۆ دەستپێكرد و تا ئێستاش بەردەوامە.
 
بەقسەی بەرپرسانی ناوچەكە سوپای توركیا دەستی بەسەر زیاتر لە ٣٥٠ كیلۆمەتری خاكی ناوچەكەدا گرتووە و دەیان گوندیش لەترسی شەر و بۆردوومانی فرۆكەكان چۆڵ كراون.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی