نەجمەدین كەریم داوای بەهەرێمكردنی كەركوك دەكات

کوردستان

11/07/2020‌ 1392 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەیمانگای كوردی لە واشنتۆن، كە لەلایەن (نەجمەدین كەریم)ـەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، سمینارێكی تەلەفزیۆنی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ كۆمەڵی ئەكادمیست و سیاسەتوانی ئەمریكی رێكخست‌و تێدا نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك داوای بەهەرێمكردنی پارێزگاكەی كرد.

لەو سمینارەدا، كە بۆ هەر یەك لە نەجمەدبن كەریم و پرۆفیسۆر مایكڵ جونتر، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی تێنیسی تەكنەلۆژی و پرۆفیسۆڕ بریندان ئۆلیری باڵوێزی پێشووی ئەمریكا لە كرواتیا و یاریدەدری ئێستای سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری ئەفغانستان رێكخرابوو، تێیدا نەجمەدین كەریم، ئاڵنگاری بۆ ڕەوشی ئێستای سیاسی و ئابووری و ئەمنی و سەربازی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.

لە میانەی وتەكانیدا، نەجمەدین ئیدانەی تیرۆركردنی ئەكادیمیستی عێراقی هیشام هاشمی كرد و ناوبراوی بە كۆڵەگەیەی ئەكادیمی و رۆشنبیری دیاری مەیدانی عێراقی و پالپشتیكارێكی سەرەكی مافی خۆپیشاندەران ناوبرد.

هاوكات رەخنەی لەو دۆخەكە گرت، كە عێراقی پێیدا تێپەڕ دەبێت و بە پێویستی زانی پاڵپشتی لە كابینەی ئێستای حكومەتی عێراقی بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی بكرێت، تا ناوبراو بتوانێت لە كارەكانیدا سەركەوتوو بێت.

سەبارەت بە هێرشەكانی توركیاش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، نەجمەدین كەریم، سەرەڕای ئیدانەی هێرشەكانی توركیا، هاوكات رەخنەی لە هەڵوێستی لاوازی هەردوو حكومەتی عێراقی و حكومەتی ئەمریكی گرت و رایگەیاند: دەوڵەتی توركیا بە هاوكاریكردنی گروپە تیرۆریستیە جیهادییەكان لە سوریا هەژموونی خۆی فراوانكرد و ئێستاش دەیەوێت هەمان سیناریۆی فراوانكردنی هەژمونخوازی لە هەرێمی كوردستان بە پاساوی لێدانی پارتی كرێكارانی كورستان ـ پەكەكە دوبارە بكاتەوە.

هاوكات رەخنەشی لە هەڵوێستی ئەمریكا گرت، بەوەی نەك دژی دەستردرێژەی سەربازییەكانی توركیا نەبووە، بەڵكو حكومەتی ئەمریكا لەسەر زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی، داوای لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی توركیا بكەن بۆ لێدانی پەكەكە. 

راشیگەیاند، ئەمەش دەریدەخات، كە لەلایەن ئەمریكاوە گڵۆپی سەوز بۆ توركیا هەڵكراوە، كە لە راستیدا ئەم هەڵوێستانەی ئەمریكا پێچەوانەی هەڵوێستەكانێتی سەبارەت بەسەروەری خاكی عێراق بەرانبەر دەستدرێژییەكانی ئێران.

سەبارەت بە ئایندەی شاری كەركوكیش، نەجمەدین كەریم، سەرۆكی پەیمانگای كوردی لە واشنتۆن، بە هەرێمكردنی كەركوك بۆ ماوەیەكی درێژخایەن بە تاكە چارەسەری گونجاو ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا: پێدانی دۆخێكی تایبەت بەكەركوك وەك هەرێمێكی سەربەخۆ چارەسەرێكی گونجاوە، بەڵام ئەم پڕۆژەیە كە لەلایەن منەوە خرایەڕوو، بەداخەوە بەهۆی بەرژەوەندی سیاسی لەلایەن پارتە سیاسییە كوردستانیەكان رەتكرایەوە.

هەروەها رایگەیاند، ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركوك داواكارییەكی سەرەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو.

سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگەش بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و ناڕەزایی پێكهاتەكانی تر، ناوبراو، وتی: ئەو لایەنانەی دژی گەڕانەوەی پێشمەگەن بۆ كەركوك، پێشتر پەیوەندی گوماناوییان لەگەڵ داعش هەبووە و پێشتریش پەیوەندییان لەگەڵ گروپی تیرۆریستی نەقشبەندی هەبووە.. هەرچەندە تائێستا كاتێكی دیاریكراو بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بوونی نییە.

دەربارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستانیش، نەجمەدین كەریم، لە سمینارەكەدا، ئاماژەی بە خراپی رەوشی ئابووری هاووڵاتیان كرد و داوایكرد: حكومەتی هەرێم هەوڵەكانی بۆ یەكڕیزی سیاسی و گوتاری سیاسی لەگەڵ لایەنەكان چڕبكاتەوە و تا بە هەموو لایەك بتوانرێت متمانە لە نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیان دروست بكرێت بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە و هەروەها یەك هەڵوێستی دروست بێت، بە هاوشێوەی هەوڵەكانی مەزڵوم عەبدی، كە توانی شەقامی سیاسی كوردی لە سوریا یەكبخات و ئەمەش بووە هۆی پاڵپشتیكردنی لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێم و مەسعود بارزانییەوە.

لە كۆتایشدا، دكتۆر نەجمەدین كەریم، رەخنەی لە بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی عێراق گرت، كە خراپی دۆخی ئابوری كوردستانیان بۆ مەرامی سیاسی لە بەغدا قۆستۆتەوە و هەوڵ بۆ دابڕاندنی پارێزگای سلێمانی لە نەخشەی هەرێمی كوردستان و بەستنەوەی بە حكومەتی ناوەندی لە بەغدا دەكەن.

هـ ـ ح