شارپرێس:
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەهەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دەستگرتن بەسەر دەروازە سنوورییەكانو بۆ ئەوەش دەستی بەچەند جوڵەیەكی سەربازی بەهێزەكانی عێراق كردووە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، مستەفا كازمی لەهەوڵی ئەوەدایە لەو ئۆپەراسیۆنەی چەند رۆژێكە دەست بەسەر تەواوی دەروازە سنوورییەكانی عێراق بگرێت.
سەرچاوەكە بۆ شارپرێس ئاشكراشیكرد، كە لەسنوورەكانی عێراق زیاتر لە 40 دەروازەی سنووری هەیە، كە 20 لەو دەروازانە نافەرمینو ئەوی تریشی فەرمییە، بەڵام زۆرینەیان لەژێر دەسەڵاتی حكومەتدا نییە.
سەرچاوەكە باسی لەوەش كرد، كە رۆژی شەممە مستەفا كازمی سەردانی پارێزگای دیالەی كردووەو سەردانەكەش لەچوارچێوەی هەوڵەكان بووە بۆ دەستگرتن بەسەر دەروازە سنوورییەكانی ئەو پارێزگایە،
بەقسەی سەرچاوەكە، لەو سنوورە دەروازەیەكی سنووری فەرمی هەیەو هەشت ناوچەی تریش هەیە، كە وەك دەروازە لەلایەن گروپە چەكدارەكان بەكارهێنراوەو داهاتیان لێدەستخستووە.
هەر بەقسەی سەرچاوەكە، ئەو گروپانە داهاتی دەروازەكان بۆ خۆیان دەبەنو رۆژی شەممەش بەنیازبوون رێگری لەچوونی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بكەن، بۆ ئەوەی نەچنە پارێزگای دیالە.
مستەفا كازمی ماوەیەكە دەستی بەهەڵمەتێك كردووە، بۆ ئەوەی دەست بەسەر دەروازە سنوورییەكان بگرێت، كە ماوەیەكی زۆرە باس لەوە دەكات، چیتر داهاتی خاڵە سنوورییەكان بۆ گروپەكان نەچێت.
هـ ـ ح