كازمی لەكۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكانی عێراق سەركەوتوو دەبێت؟

ڕاپۆرت

19/07/2020‌ 780 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیری عێراق دەیەوێت دەست بەسەر دەروازە سنوورییەكاندا بگرێت و یەكێك لە ترسناكترین دۆسییەكانی گەندەڵی لە وڵاتدا چارەسەر بكات‌و لەچنگی ئەو كەسانە دەریبهینێت، كە ئەو بە "خێو" ناوی بردوون، بۆ ئەوەش سڵی نەكردووەتەوە، كە فەرمان بە بەكارهێنانی چەكیش بكات.  

ئەو هەنگاوەش پرسیاری ئەوەی وروژاندووە، كە ئایا تاچەند سەرۆك وەزیران توانای ئەوەی هەیە رووبەرووبوونەوەی ئەو دۆسییە ئاڵۆزەی ببێتەوە، لەكاتێكدا حكومەتەكەی چەندین ئاستەنگی سیاسی و ئابووری گەورەی لەبەردەمدایە.

عێراق ٢٤ دەروازەی سنووریی دەریایی و وشكانیی لەگەڵ شەش لە وڵاتە دراوسێكانیدا هەیە، كە ئەوانیش كوێت و سعودییە و ئوردن و سوریا و توركیا و ئێرانە و داهاتەكەی سالانە زیاتر لە ٩ ملیار دۆلارە .

پێدەچێت كازمی بیەوێت بەخێرایی دەست بۆ ئەو دۆسییە بەرێت، بەشێوەیەك تەنیا دوای چەند رۆژێكی كەم لە كۆنترۆڵكردنی هەردوو دەروازەی سنووریی مونزیرییە و مەندەلی لە دیالە، فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەكان رایگەیاند، پلانێكی تۆكمەیان داناوە بۆ كۆنترۆڵكردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان، بۆیە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەسرە راسپێرا دەست بەسەر هەردوو دەروازەی شەلەمچە لەگەڵ ئێران و دەروازەی سەفوان لەگەڵ كوێتدا بگرن، ئەوە جگە لە دەستگرتن بەسەر بەندەری ئوم قەسر.

نمایشێكی میدیاییە؟ 
دكتۆر عەبدولخالیق حەسەن نووسەر و بلۆگگەر دەڵێت: ئەوەی كازمی دەیكات جۆرە نمایشێكە لەبەردەم میدیا، پەیامەكەشی زیاتر بۆ دەرەوەیە وەك لە ناوەوە، دەشڵێت: میدیاكانی ئەمەریكا زۆر باس لە دەروازە سنوورییەكانی نێوان عێراق و ئێران دەكەن، كە گرووپە چەكدارییەكان بۆ قاچاخچێتی چەك و پارە بەكاریدەهێنن .

حەسەن هەروەها دەڵێت: كازمی دەیەوێت لەڕێگای ئەو هەنگاوانەوە بە ئەمەریكییەكان بڵێت، كە ئەو لەپێناو ڕێگەگرتن لە كاری نایاسایی و قاچاخچێتی، كار لەسەر كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ ئێران و سوریا دەكات، پێشیوایە ئەوە تەنیا بانگەشەیەكی میدیاییە، لەبەر ئەوەی ئەو دەروازانە وەك دەروازەكانی هەرێمی كوردستان‌و دەروازەی تەربیل لەگەڵ ئوردن گەورە و گرنگ نین .

هەروەك عەلا مستەفا، مامۆستای كۆلێژی راگەیاندن لەزانكۆی بەغدا باسی لە گرنگی هەنگاوەكانی كازمی بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان كردووە، بەڵام لەهەمان كاتدا بە ناتەواو و كەموكورتی هەژمار كردوون، لەبەر ئەوەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانی نەگرتووەتەوە، كە گرنگترین دەروازەی عێراقن و زۆرترین كاڵا و شمەكیان لێوە هاوردە دەكرێت .

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان پرسێكی ئاڵۆزە و ناكرێت لەڕێگای هێزەوە چارەسەر بكرێت، بەڵكو لەڕێگای سازشكردنی كورد لێیان و یارمەتیدانی هەرێم لەرووی داراییەوە دەبێت.

ڕوونیشیكردووەتەوە، كە لەگەڵ ئەوەی دەروازە سنوورییەكان داهاتێكی زۆر كۆدەكەنەوە، بەڵام مادام كاركردن تێیاندا رێكنەخریتەوە و بۆ ئەوەش پشت بە كەسانی پسپۆڕی نێودەوڵەتی نەبەسترێت، ناتوانرێت ئامانجەكەی خۆی بەدیبهێنێت  .

دەروازەكانی هەرێمی كوردستان 
سەبارەت بەو بابەتە، رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشوازی لەو هەنگاوی كازمی كردووە و داواشی كردووە حكومەتی ناوەندی كۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش بكات، لەبەر ئەوەی بەپێی دەستوور دەبێت داهاتەكانیان بۆ بەغدا بگەڕێتەوە.

شێخ دلێر ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئەگەر كورد بیەوێت سەقامگیری ئابووری و دارایی هەبێت دەبێت بەشداری لەدابینكردنی داهاتەكانی عێراقدا بكات و هەموو داهاتی دەروازەكان رادەستی ناوەند بكاتەوە، باسی لەوەش كردووە لەهەموو دەروازە سنوورییەكانەوە، لەوانە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان كاری نایاسایی دەكرێت و داهاتەكانیان دیار نامێنێت، ئەویش لەبەر ئەوەی لەژێر دەستی حیزب و میلیشیاو هۆز و بنەماڵەكاندان.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی جەختیكردووەتەوە، كە دەبێت كازمی بەدەستێكی ئاسنین گورز لەهەموو گەندەڵ و میلیشیاكان بوەشێنێت، كە دەستیان بەسەر دەروازەكاندا گرتووە، ئەوەشی بە بەرپسیاری هەموو هێزە سیاسییەكان زانیوە، كە پشتیوانی ئەو هەناگاوەی سەرۆك وەزیران بكەن.

داهاتی ملیاران دۆلار 
بەداننانی حكومەت و پەڕلەمانی عێراق، دەروازە سنوورییەكانی عێراق یەكێكن لەو كەرتە ئابووریانە گەورەترین گەندەڵیان تێدا دەكرێت، بەشێوەیەك بەهۆی دەستگرتنی میلیشیا و پارت و گرووپە چەكدارییە دەسترۆیشتووەكانەوە، ساڵانە لەنێوان ٦ بۆ ٨ ملیار دۆلاری ئەو دەروازانە دیارنامێنێت .

هەروەك مەلاز ئامین شارەزای ئابووریی دەڵێت: ئەوەی باسی لێوەدەكرێت تەنیا لە دەروازە سنوورییە فەرمییەكانەوە، لەكاتێكدا بەدرێژایی سنووری رۆژهەڵاتی عێراق چەندین دەروازەی سنوریی نافەرمی هەن و لەژێر كۆنترۆلی گرووپە چەكداری و بەرپرسە حیزبییەكاندان .

بەقسەی ئەمین ئەگەر بێت و بەشێوەیەكی باش و دروست و دەستپاكانە ئیدارەی ئەو دەروازانە بدرێت، ئەوە دەتوانرێت لەڕێگایانەوە ١٥٪ی كۆی گشتی بودجەی وڵاتی لێبەدەستبهێنرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ  ئاڵی