رۆژگاری ئەمەریكا وەك پۆلیسی جیهان بەسەرچوو

لە میدیاکانەوە

25/07/2020‌ 947 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "ناشیۆناڵ ئینترێست"ی ئەمەریكی باسی لەوە كردووە، كە جەنگی سایبیری و ململانێی بۆشایی ئاسمان و فرۆكە بێفرۆكەوانەكان‌و موشەكە وردپێكەكان، شۆڕشیان بەسەر جیهانی جەنگە كلاسیكییەكاندا هێناوە و ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی ناچار دەكەن جارێكی تر بیر لە داڕشتنەوەی هێز و توانایان لە ئەوروپای رۆژئاوا بكەنەوە.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، كە ئەمەریكا چیتر ناتوانێت وەك تاكە هێزی سەربازیی زاڵ بەسەر جیهاندا بجوڵێتەوە‌و سەردەمی پۆلیسی ئەمریكا بەسەرچووە.

رۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە، كە روسیا دەتوانێت لەماوەی چەند چركەیەكی كەمدا هەموو بنكە و بارەگاكانی ئەمەریكا لە ئەوروپا مووشەكباران بكات‌و لەڕێگای فرۆكەی درۆنزەوە بەئامانجیان بگرێت، ئەوە جگە لە هێرشە ئەلیكترۆنییە خێراكان و تەنانەت گەردوونییەكانیش.

راپۆرتی رۆژنامە ئەمەریكییەكە باسی لەوەش كردووە، كە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی ناچار دەبن لەپێناو مانەوە و رووبەڕووبوونەوەو بەرپەرچدانەوەی ئەو ئاڵنگارییە نوێیانەی دێنە پێشەوە، بەیەكەوە دابنیشن و هەڵسەنگاندن بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی پەیكەری هێزەكانیان لە ئەوروپای رۆژئاوا بكەنەوە .

ناشیۆناڵ ئینترێست جەختی كردووەتەوە، هەر ئەوەندە بەس نییە هەموو ئەندامانی ناتۆ پابەندی تەرخانكردنی ٢٪ی بودجەیان بن بۆ بواری بەرگری، بەڵكو لەوەش گرنگتر، وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ پێویستیان بە ستراتیژێكی بەرگری هاوبەشە، كە لەباریدا هەبێت ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە نوێكانی جەنگە نوێكان ببێتەوە .

سەبارەت بە سوودەكانی بابەتی بوونی سەربازی گەورە و هەمیشەیی ئەمەریكا لە ئەوروپا، رۆژنامەكە پێیوایە چیتر ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی توانای پارێزگاریكردن لەبنكەی سەربایی گەورەیان لە ئەوروپادا نییە، لەبەر ئەوەی لەراستیدا مەترسییە گەورەكە لە تانك و زرێپۆشەكاندا نییە، بەڵكو لە چەكە نوێكانی روسیادایە وەك موشەكی كیشوەربڕی "Avanguard"، كە دەتوانێت هەموو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەكان تێپەڕێنێت .

لەكۆتاییدا باس لەوەش كراوە، كە دەبێت سوپاكانی رۆژئاوا خۆیان بۆ ئایندەیەكی دوژمنكارانەتر ئامادە بكەن  ئەگەر ئەوە ڕوونەدات، ئەوە هێزە جێگیرەكانی ئەمەریكا لە ئەوروپا مەترسی ئەوەیان لەسەرە لەرووبەرووبوونەوەی جۆری نوێی جەنگە خێراكاندا، بۆ هێڵی "ماگینۆ" بگۆڕێن.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی