هاتنی كۆمپانیای نەوتی ئەمەریكی دەرگا لەبەردەم وەبەرهێنانی كۆمپانیا بیانییەكان لەرۆژئاوای كوردستان دەكاتەوە

کوردستان

03/08/2020‌ 1253 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەهد هیندی، نووسەر و شرۆڤەكاری سوری پێیوایە،  واژووكردنی گرێبەستی نێوان ئیدارەی خۆسەر و كۆمپانیایەكی نەوتی ئەمەریكی بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئەنجامی كۆمەڵێك گۆڕانكارین، كە لەدوای پاشگەزبوونەوەی ئەمەریكا بۆ كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی لە سوریا هاتوونەتە پێش.

ئەو نووسەرە سورییە پێیوایە بەدەركردنی ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە سزاكان و ڕێگەدان بە هاتنی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لەبواری نەوتدا بكەن، رەنگە دەرگا لەبەردەم هاتنی ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیای بیانی بۆ ناوچەكە بكاتەوە، بەتایبەت كە ناوچەكە لەهەموو كات زیاتر پێویستی بەبوونی ئەو جۆرە كۆمپانیایانەیە.

هیندی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە وابڕیارە لەمنزیكانەدا كۆمپانیا بیانییەكە لەزۆرینەی كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئیدارەی خۆسەر دەست بە كاركردن بكات، تا بەشێوەیەك نۆژەنیان بكاتەوە بتوان بە توانایەكی زیاترەوە دەست بە كاركردن بكەنەوە و ئیدارەی خۆسەریش بتوانێت بەشێوەیەكی یاسایی نەوت بەهەر لایەنێك بفرۆشێت، كە دەیەوێت، بێئەوەی پێویستی بەوە بێت بیداتە دەست كۆمەڵێك بازرگان تا ئەوانیش دووبارە بەرژێمی دیمەشق یان بە بازرگانەكانی هەرێمی كوردستانی بفرۆشێتەوە.

ئەو شرۆڤەكارە سورییە باسی لەوەش كردووە، ئیدارەی ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا مۆڵەتی بەكۆمپانیا ئەمەریكییەكان دابوو تەنیا لەبەرژەوەندی "هاوپەیمانی نیشتمانی سوری"ی ئۆپۆزیسیۆن كار بكەن، لەكاتێكدا ئەو هێزانە هیچ سەرچاوەیەكی سرووشتیانە لەبەردەستدا نەبوو .

هەروەها دەڵێت: لەو كاتە بەشی هەرە زۆری كێڵگەكانی نەوت لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و بەرەی نووسرە و هێزە بەرهەڵستكارە جیهادییەكان بوون، یان بە پێی دەربڕینی ئەو لەژێر كۆنترۆڵی ئەو هێزانەدا بوون، كە هێزی ناڕیكخراو بوون و چالاكییەكانیان زیاتر مۆركی دزی و چەتەگەریی پێوەدیار بوو . 

باسی لەوەش كردووە، بۆیە یاساكەی سەردەمی ئۆباما تەنیا وەك مەرەكەبی سەر كاغەز مایەوە و هیچكام لە كۆمپانیایەكی ئەمریكییەكان و لایەنی هاوپەیمانی سوری بەرهەڵستكار سودیان لە نەوتی سوریا نەبینی ، كە ئەو هێزانە بۆماوەی چەندین ساڵ نەیانتوانی  یەكێك لە كێڵگە نەوتییەكان لەژێر دەستی ڕێكخراوە توندرەوەكان دەربهێنن.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی