پارتی داوای رێككەوتنی هەولێرو بەغدا دەكات

کوردستان

05/08/2020‌ 1459 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكرات لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: پێویستە شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، كە بڕیارە بچێتە بەغدا، ئەمجارە كۆتایی بە گفتوگۆكانی بھێنێت و رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی تازە واژوبكات، چونكە ناكرێت لەمە زیاتر كات بكوژن.

ئەحمەد سەفار پەرلەمانتاری پارتی، كە هاوكات بڕیاردەری لیژنەی داراییە لەپەرلەمانی عێراق دەشڵێت: چوونی شاندی كوردی بۆ بەغدا، ھەنگاوێكی گرنگە بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە چارەسەركردنی كێشەكان و ھەنگاوی باشیش نراوە لەچارەسەركردنی كێشەكان، بۆیە بەردەوام دەبن تا دەگەنە رێككەتن.

سەفار بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی باسی لەوەش كردووە، پێویستە پەلەی لێبكرێت و زیاتر كات نەكوژن و رێككەتن واژووبكەن و ئەمجارە، كە چوونە بەغدا بەبێ رێككەوتن نەگەڕێنەوە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت بگەنە رێككەوتن.

هەروەها وتیشی: پێشبینی دەكەین ئەمجارە بگەنە رێككەوتن و كۆتایی بەو كێشانە بێنن، كە لە نێوانیاندا ھەن، چونكە پێویستە بەغدا موچەی ھەرێمی كوردستان رەوانە بكات.

لای خۆیشییەوە ، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڤیان سەبری رایگەیاند، ھەرێم و بەغدا مەبدەئییەن گەیشتوونەتە رێككەوتن و تەنیا ماوە لەسەر وردەكارییەكان رێككەوتن بكەن، بۆیە كە چوونە بەغدا، ھەوڵی رێككەوتن دەدرێت.

سەبری وتیشی: ھەردوولا ئامادەییان نیشان داوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

هـ ـ ح