پەرلەمانتارێك رێككەوتنی هەولێرو بەغدا "پینەوپەڕۆ" ناودەبات

کوردستان

08/08/2020‌ 802 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هۆشیار عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئەو هەوڵانەی ئێستا هەن لەنێوان هەرێم و بەغدا، زیاتر هەوڵی پینەوپەڕۆن نەك رێككەوتنێكی تۆكمە، ئەگەر سەریشبگرن تەمەنیان یەك دو مانگ زیاتر تێپەڕنەكات.

هۆشیار عەبدوڵڵا، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە دەڵێت: وەزارەتی دارایی عێراق ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی رەشنووسی بودجەی ۲٠۲۱ە، كە رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا پێویستە لەو یاسایەدا جێگەی بكرێتەوە.

بەقسەی پەرلەمانتارەكە، ‏تا ئێستا بەشیوەیەكی فەرمی باسی رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا نەهاتووەتە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران‌و ئەوەش دەڵێت: هەركاتێكێش بێتە پەرلەمان دەبێ وەلامیی پێویست و قەناعەت پێهێنەری سەبارەت بە دۆسێی نەوتی هەرێم تێدابێت بۆ ئەوەی لە پەرلەمان بتوانرێت كاری بۆ بكرێت و لە یاسای بودجەدا جێی بكرێتەوە.

هۆشیار عەبدوڵڵا هەروەها دەڵێت: فایلی نەوت بەهۆی جۆری گرێبەست و رێكەوتنی نهێنی و بەسەوزی فرۆشتنی پێشوەختەوە، بووەتە كۆڵێكی گران بە شانی هەرێمەوە، خەڵك و موچەخۆران باجەكەی دەدەن و تا ئەم لەحزەیەش نیعمەتە بۆ بنەماڵە سیاسییەكان، كێشە و گەندەڵی و ئاڵۆزییەكانی نەوتی هەرێم هۆكاری سەرەكی رێكنەكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە شاندی هەرێم‌و عێراق گفتوگۆ دەكەن بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی كێشەكانی نێوانیان‌و بڕیارە لەم هەفتەیەش رێككەوتنەكە واژوو بكەن، كە پەیوەندی بەنەوت‌و بودجەو داهاتی هەرێمەوە هەیە.

هـ ـ ح